}

روونكردنه‌وه‌ك له‌باره‌ی دابه‌زینی حاڵه‌ته‌كانی توشبوون به‌كۆرۆنا له‌هه‌رێم و عیراق

کوردستان 07:35 PM - 2021-12-04

ده‌رمانسازو توێژه‌ری بواری په‌تای كۆرۆنا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 4ی 12ی 2021 جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ دابه‌زینی رێژه‌ی توشبوون و گیانله‌ده‌ستدان به‌كۆرۆنا به‌مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌مه‌ترسییه‌كانی په‌تاكه‌ به‌دوورن.

د.ئوسامه‌ ئه‌لعانی ده‌رمانسازو توێژه‌ر له‌بواری كۆرۆنا له‌میانی لێدوانێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ PUKmedia رایگه‌یاند: كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی گیانله‌ده‌ستدان و تووشبوون له‌ئاماری رۆژانه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عیراق به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مانای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت له‌مه‌ترسییه‌كانی په‌تای كۆڤید-19ه‌وه‌ دوورین.

ئه‌لعانی راشیگه‌یاند، به‌گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه‌ی رۆژانی شه‌ممه‌ی هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك له‌باره‌ی دۆخی كۆرۆناوه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌و ئاماژه‌ به‌دابه‌زینی ژماره‌ی توشبوون ده‌كات به‌هۆكاری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و رۆژانه‌ سه‌نته‌ره‌كانی پشكنین بۆ كۆرۆنا داده‌خرێن و پشكنین تێیاندا ئه‌نجام نادرێت، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌و سیستمه‌ ته‌ندروستییه‌ی هه‌یه‌ هه‌وڵ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی پشكنینه‌كان ده‌درێت و ده‌یانه‌وێت ژماره‌ی پێدانی ڤاكسینه‌كانی دژ به‌كۆڤید-19 زیاد بكه‌ن به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی پشكنینی PCR له‌چاو ڤاكسین تێچووی زیاتره‌.

ئه‌و توێژه‌ره‌ی بواری په‌تای كۆرۆنا داوای له‌هاووڵاتیان كردووه‌ كه‌ پێویسته‌ پابه‌ندی رێنماییه‌ خۆپارێزییه‌كان بن كه‌خۆی له‌به‌ستنی كه‌مامه‌و پاكڕاگرتنی هه‌ردوو ده‌ست و دووركه‌وتنه‌وه‌  كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌بینێته‌وه‌، هه‌روه‌ها پێویسته‌ هاووڵاتیان خۆیان به‌یه‌كێك له‌ڤاكسینه‌كانی دژ به‌كۆرۆنا بكوتن.

جێی ئاماژه‌یه‌ پێشترو هه‌ر ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان ئاماری رۆژانه‌ی دۆخی په‌تای كۆرۆنای راگه‌یاندو بڵاویكرده‌وه‌ كه‌  162 حاڵه‌تی توشبوون و 3 گیانله‌ده‌ستدان له‌هه‌رێم تۆماركراون، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فیدڕاڵیش رایگه‌یاند كه‌ 374 حاڵه‌تی توشبوون و 6 حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان له‌سه‌رانسه‌ری عیراقدا تۆماركراون.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket