}

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌: به‌رده‌وامده‌بین له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی توندی تیرۆرستان

کوردستان 09:59 PM - 2021-11-28

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ له‌ شاره‌زوور، به‌شداری پرسه‌ی هاوخه‌می شه‌هیدانی دوێنێ شه‌وی په‌لاماره‌ تیرۆریستیه‌كه‌ی داعش له‌ سنووری میحوه‌ری كوڵه‌جۆ ده‌كات و راشیده‌گه‌ینێت: له‌یه‌ك دڵۆپ خوێنی ئه‌و شه‌هیدانه‌ و شه‌هیدانی تری هێزی پێشمه‌رگه‌ خۆشنابین و به‌توندی وه‌ڵامی تیرۆرستان ده‌ده‌ینه‌وه‌ و به‌رده‌وام ده‌بین، تا له‌ره‌گ و ریشه‌وه‌ هه‌ڵیانده‌ته‌كێنین.

ئه‌مڕۆ ۲٨ی ۱۱ی ۲۰۲۱ شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ یاوه‌ری سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، فه‌ریق جه‌مال محمد، سه‌رۆكی ئه‌ركان و لیوا روكن هۆشمه‌ند حیدر ره‌شید، جێگری سه‌رۆكی ئه‌ركان بۆ ئیداره‌و میره‌ و عه‌مید عوسمان محمد مسته‌فا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی راگه‌یاندن و هۆشیاری نیشتمانیی، به‌شداری پرسه‌ی هاوخه‌می شه‌هیدانی په‌لاماره‌ تیرۆریستیه‌كه‌ی دوێنێ شه‌وی سه‌ر هێزه‌كانمان له‌ سنووری میحوه‌ری كوڵه‌جۆ كرد.

له‌میانی ئه‌و به‌شداریانه‌دا، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، له‌نزیكه‌وه‌، پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی تایبه‌تی به‌ڕێزان مه‌سڕور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی به‌خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی ئه‌و شه‌هیده‌ نه‌به‌ردانه‌ گه‌یاند، هاوكات خه‌مباری و نیگه‌رانی قوڵی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی به‌ خانه‌واده‌و كه‌س و كارو هاوسه‌نگه‌رانی ئه‌و پۆله‌ ئه‌فسه‌ر و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ راگه‌یاند، كه‌ به‌خوێنی ئاڵی خۆیان، بۆ پاراستنی سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری له‌ خاكی كوردستان گیانیان به‌خشی. هیوای شیفای خێراشی بۆ بریندارانی ئه‌و رووداوه‌ خواست.

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، وتی: له‌ په‌روه‌ردگاری مه‌زن داواكارین جێگای ئه‌و قاره‌مانانه‌ به‌هه‌شت بێت و سه‌بووری وئارامی به‌ ئێمه‌و هه‌مووان بداته‌وه‌.
له‌میانی لێدوانێكیشی بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند: هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، دووپاتیده‌كاته‌وه‌، كه‌ رێگه‌ ناده‌ین یه‌ك دڵۆپی خوێنی ئه‌و شه‌هیدانه‌ و ته‌واوی شه‌هیدانی رێی خه‌باتی ئازادی و پاراستنی ئاشتی و ئارامی كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌فیڕۆ بڕوات و به‌توندترین شێوه‌ وه‌ڵامی ئه‌و په‌لاماره‌ی تیرۆریستانی داعش ده‌ده‌ینه‌وه‌و، له‌تێكشكاندن و هه‌ڵته‌كاندنیان له‌ره‌گ و ریشه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بین.

ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد، له‌ماوه‌ی رابردوو چه‌ندین جار هۆشداریمان له‌باره‌ی دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و فه‌راغی ئه‌منی له‌وناوچانه‌ دابوو، پێشتریش داوامان له‌ سوپای عیراق كردبوو هه‌نگاوه‌كان خێراتربكرێنه‌وه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگی و ئه‌رك بینینی هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق بۆ پاراستنی سه‌قامگیری و ئاسایشی ئه‌و ناوچانه‌.

PUKmedia راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket