}

به‌ كه‌م ژیان و كه‌ڵ ژیان ده‌ستمانپێكردو به‌رده‌وامین

کوردستان 10:13 AM - 2021-11-18

رۆژی 21-11 رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان-ه‌ ئه‌و حزبه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه‌ تائێستا به‌رده‌وامه‌ له‌ خوێن به‌خشین، خاوه‌نی ده‌ریایه‌كه‌ له‌ خوێندنی شه‌هید له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌ی و به‌هۆی زۆری شه‌هیده‌كانی ئه‌م حزبه‌ تێكۆشه‌وه‌ به‌ حزبی شه‌هیدان ناسراوه‌.

مێژووی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه‌ هه‌تاكو ئێستا به‌چه‌ند قۆناغی سه‌خت و دژواردا تێپه‌ڕیوه‌و هه‌موو ڕۆژێك مێژوویه‌كی نوێی بۆخۆی تۆماركردوه‌. مێژوه‌كه‌ی پڕیه‌تی له‌سه‌روه‌ری گه‌وره‌  كه‌له‌سه‌رده‌می شاخ و پێشمه‌رگایه‌تی چه‌ندین داستان و قاره‌مانێتی تیا تۆماركردوه‌وه‌ و هه‌میشه‌ش له‌بواره‌جیاجیاكاندا سه‌رقافڵه‌ی خه‌بات وتێكۆشان بوه‌و گه‌وره‌ترین سه‌روه‌ری كه‌تۆماری كردبێت له‌پێناوی خاك و نیشتماندا گیانبازی وفیداكاری ڕۆڵه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی بوه‌كه‌سنگی خۆیان كردۆته‌ قه‌ڵغانی به‌رگریكردن له‌دژی داگیركاری و زوڵم و زۆرو له‌پێناو به‌دیهێنانی ئازادی و خۆشگوزه‌رانی كه‌ژماره‌یه‌كی هێجگار زۆری له‌سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان و پاڵه‌وانه‌كانی زیندانه‌كانی تیابه‌خشیوه‌و خوێنی گه‌شی خۆیان پێشكه‌ش كردووه‌.

له‌وپێناوه‌دا كه‌به‌ده‌یان سه‌ركرده‌ی ژیرو سه‌دان فه‌رمانده‌ی ئازاو هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان كه‌هه‌ریه‌كه‌یان مێژویه‌كی پڕسه‌روه‌ریان بۆخۆیان و خانه‌واده‌و یه‌كێتیه‌كه‌یان گه‌له‌كه‌یان تۆماركردوه‌و بونه‌ جێگه‌ی شانازی بۆكه‌س و كاره‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان و یه‌كێتیه‌كه‌یان.

له‌به‌ر زۆری شه‌هیدانی یه‌كێتی و خوێنڕشتنی له‌ هه‌موو قۆناغێك له‌قۆناغه‌كانی خه‌بات بۆیه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاریدا كه‌ڕۆژێك بكاته‌ ڕۆژی شه‌هیدی (ی.ن.ك) كه‌هاوكاته‌ی له‌گه‌ڵ ڕۆژی له‌سێداره‌درانی كه‌ڵه‌ شه‌هیدانی سه‌ركرده‌ (خاڵه‌ شیهاب و جه‌عفه‌رو ئه‌نوه‌ر) كه‌ ئه‌م سه‌ركرده‌ نه‌مرانه‌ سه‌رقافڵه‌ی شه‌هیدانی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مانن به‌ڕابه‌رایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌بووه‌ته‌ ڕۆژێكی پڕ سه‌روه‌ری و مه‌ردایه‌تی و كوردایه‌تی به‌دروشمی (كه‌م ژیان و كه‌ڵ ژیان).  ی.ن.ك ئه‌م ڕۆژه‌ به‌رزده‌نرخێنێت و ڕۆژێكی پڕشانازییه‌ بۆیه‌كێتی و گه‌لی كورد كه‌ ڕۆژی 21/11 هه‌موو ساڵێك ئه‌م  یاده‌ به‌رز ڕاده‌گیرێت.

كاتێك یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ تاراوگه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند تێكۆشه‌رێكه‌وه‌ به‌سه‌ركردایه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ حوزه‌یرانی ساڵی ١٩٧٥دا دامه‌زرا، كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان كه‌ نزیكه‌ی پێنج ساڵ بوو دامه‌زرابوو و به‌نهێنی چالاكیی ده‌كرد، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی یه‌كێتیدا بووه‌ باسكی به‌هێز و ناوكێكی به‌پیتی ئه‌و رێكخراوه‌ نوێیه‌ و گه‌شه‌كردنی له‌ ناوه‌وه‌ی وڵات به‌جۆرێك له‌ بزۆزی و چالاكیی ئه‌ندامان و كادره‌كانی كۆمه‌ڵه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بوونه‌ بناغه‌ و كۆڵه‌كه‌ی پته‌وی بنیاتنانی یه‌كێتی له‌ سه‌رتاسه‌ری باشووری كوردستان به‌ ناوچه‌ ته‌عریبكراوه‌كان و ته‌نانه‌ت به‌غدای پایته‌ختی عیراقیشه‌وه‌.

ده‌ستگیركردنی سه‌ركرده‌كانی كۆمه‌ڵه‌ و یه‌كێتی
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر چاو به‌ سه‌ره‌تاكانی مێژووی دامه‌زراندنی یه‌كێتیدا بخشێنینه‌وه‌ و ئه‌و مژده‌یه‌ ده‌ور بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌دا دراوه‌ به‌ گوێی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستاندا، كه‌ له‌دوای ساڵێك له‌ دامه‌زراندنی یه‌كێتی، شۆڕشی چه‌كداریی ده‌ستپێده‌كرێته‌وه‌، ده‌بینین به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانی كۆمه‌ڵه‌ كه‌ له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ ئاشكرا نه‌بوون، به‌وپه‌ڕی وریاییه‌وه‌ سه‌رقاڵی ئاماده‌كارین بۆ پراكتیزه‌كردنی ئه‌و مژده‌یه‌ی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕش به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی وڵات دراوه‌ و به‌شێك له‌و سه‌ركرده‌ و كادرانه‌ش كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا سیخوڕیی و داپڵۆسێنه‌ره‌كانه‌وه‌ ئاشكرابوون و راوه‌دوو ده‌نران، بۆ ته‌گبیری داهاتوو و هاوئاهه‌نگی، به‌ قاچاخ رێگه‌ی ئێران ده‌گرنه‌به‌ر تا له‌وێوه‌ بگه‌نه‌ شام و له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا رووبه‌ڕوو گه‌نگه‌شه‌ی دۆخه‌كه‌ و چۆنێتی ئاماده‌كارییه‌كان بكه‌ن، به‌ڵام مخابن ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ سه‌ركرده‌ و كادره‌ی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ئێران ده‌ستگیر ده‌كرێن و به‌ گوێره‌ی رێكه‌وتننامه‌ی شوومی جه‌زائیر له‌ نێوان شای ئێران و سه‌دام حسێندا، راده‌ست به‌ رژێمی به‌عس ده‌كرێنه‌وه‌ و پاش دادگاییه‌كی ره‌مه‌كی و سه‌رپێیی، به‌ سزای جیاجیا حوكم ده‌درێن له‌ ئیعدامه‌وه‌ بۆ شه‌ش ساڵ زیندانی، ئه‌وه‌بوو له‌و دادگاییه‌دا سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی زۆری رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافی مرۆڤ و چه‌ند حزب و رێكخراوێكی فه‌له‌ستینی دۆست، به‌ڵام سیان له‌ كه‌ڵه‌ سه‌ركرده‌كانی كۆمه‌ڵه‌ و یه‌كێتی كه‌ له‌و دادگاییه‌ ره‌مه‌كییه‌دا به‌ له‌ سێداره‌دان حوكم درابوون، له‌ رۆژی ٢١/١١/١٩٧٦دا له‌سێداره‌ دران كه‌ ئه‌وانیش شه‌هیدانی سه‌ركرده‌ شیهاب شێخ نوری شێخ ساڵح ناسراو به‌ (خاڵه‌ شیهاب) و جه‌عفه‌ر عه‌بدولواحید ناسراو به‌ (مامۆستا جه‌عفه‌ر) و ئه‌نوه‌ر زۆراب بوون.



ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕشی چه‌كداری
دیاره‌ شه‌هیدبوون له‌پێناوی خاك و نیشتمان و مه‌سه‌له‌یه‌كی ره‌وادا، لوتكه‌ی به‌خشنده‌یی و له‌خۆ بووردوییه‌ كه‌ مرۆڤ له‌پێناوی مه‌سه‌له‌یه‌كدا تا ئه‌وپه‌ڕی توانای خۆی قوربانیی ده‌دات كه‌ ئه‌ویش گیان به‌خشینه‌ له‌و پێناوه‌دا. ئه‌گه‌رچی گیانبه‌خشین هه‌ر گیان به‌خشینه‌ و مرۆڤه‌كان ئه‌گه‌ر له‌ هه‌موو بوارێكدا جیاوازیی پله‌و پۆست و چینایه‌تییان هه‌بێت، ئه‌وا قوربانیدان به‌ شیرینترین و خۆشه‌ویستترین سه‌رمایه‌یه‌ك كه‌ گیانه‌، هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌ و شه‌هیدبوون هه‌ر شه‌هیدبوونه‌ و بێگومان له‌و ماوه‌یه‌شدا كه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌ و كادرانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ و یه‌كێتی له‌ناو زینداندا بوون و چاوه‌ڕوانی دادگایی و جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانیان بوون، شۆڕشی چه‌كداریی ده‌ستی پێكرده‌وه‌ و لێره‌و له‌وێ له‌ بادینانی ده‌لاله‌وه‌ تا هه‌ورامان و شاره‌زوور و شارباژێڕ و له‌ كوێستانه‌وه‌ بۆ گه‌رمیان چالاكی و به‌رگریی شۆڕشگێڕانه‌ ده‌ستیپێكردو له‌ زۆربه‌ی ئه‌و نه‌به‌ردییانه‌دا و له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانیش شه‌هید به‌خشراوه‌.

حیكمه‌ت له‌ 21-11 چی بوو؟
ئه‌و سێ شه‌هیده‌ كه‌ له‌ رۆژی 21-11-1976 دا له‌سێداره‌ دران، چ به‌گوێره‌ی دانپیدانانی هه‌ندێك له‌جه‌للاده‌كانی به‌عس و چ به‌گوێره‌ی شایه‌تیی هاوڕێكانیان كه‌ له‌ دادگاو له‌ زینداندا له‌گه‌ڵیاندا بوون، ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ گرنگترین هۆكارن كه‌ ئه‌وه‌ وایلێكردوون كه‌ بۆ هاوڕێ زیندانییه‌كانیان و بۆ زیندانییانی دیكه‌ی دوای خۆشیان بوونه‌ته‌ رێبه‌ر و مامۆستا و سه‌رمه‌شق به‌تایبه‌تی له‌ مه‌سه‌له‌ی:
–له‌ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیارێتی.
–پاراستنی نهێنییه‌ ئاشكرانه‌بووه‌كان.
–پاراستنی گیانی هاوڕێكانیان له‌سه‌ر حسابی ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی خۆیان.
–ئه‌و دروشمه‌ی خاڵه‌ شیهابی نه‌مر كه‌ دواتر بووه‌ وێردی سه‌ر زمانی زیندانیان و پێشمه‌رگه‌ش كه‌ بریتی بوو له‌ (كه‌م ژیان و كه‌ڵ ژیان). 

جگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش ئه‌گه‌رچی به‌رله‌ له‌سێداره‌دانی ئه‌و سه‌ركرده‌ تێكۆشه‌رانه‌ش شۆڕشی نوێ بڵێسه‌ی دابوو و رژێم ویستی به‌ له‌سێداره‌دانی ئه‌وان شۆڕشه‌كه‌ خامۆش بكاته‌وه‌ و شۆڕشگێڕان چاوترسێن بكات، به‌ڵام ئاراسته‌ی رووداوه‌كان پێچه‌وانه‌ی به‌رنامه‌كه‌ی رژێم كه‌وته‌وه‌ و له‌سێداره‌دانیان بووه‌ به‌نزین و كرا به‌ ئاگری شۆڕشه‌كه‌دا و له‌ چه‌خماخه‌وه‌ كردییه‌ كڵپه‌ و هه‌موو باشووری كوردستانی ته‌نییه‌وه‌ و دواجار سه‌ره‌ڕای شه‌هیدبوونی هه‌زاران تێكوشه‌ری ریزه‌كانی یه‌كێتی له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگریی و له‌ناو زیندانه‌كانه‌وه‌ هه‌ر به‌و گیانه‌ی شیهاب و جه‌حفه‌ر و ئه‌نوه‌ر-ه‌وه‌ به‌پیر مه‌رگه‌وه‌ چوون تا بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژووی خه‌باتی چه‌كداریی كوردایه‌تیدا بووه‌ شۆڕشێك توانی له‌دوای 16 ساڵ خه‌باتی به‌رده‌وام و بێ پسانه‌وه‌، مه‌شخه‌ڵی ئازادیی به‌ رووسوورانه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت.

خاڵی وه‌رچه‌رخان و گورج بوونه‌وه‌
هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ر 1ی حوزه‌یرانی 1975 هه‌نگاوی یه‌كه‌می هه‌ستانه‌وه‌یه‌كی بوێرانه‌ی دوای سێ مانگ له‌ هه‌ره‌سی شۆڕشێكی 14 ساڵه‌ بووبێت، ئه‌وا 21-11-1976 وێڕای ئه‌وه‌ی گورزێكی گه‌وره‌بووه‌ له‌ یه‌كێتی و كۆمه‌ڵه‌ و خه‌باتگێڕان، هاوكات خاڵی وه‌رچه‌رخان و گورج بوونه‌وه‌ی ره‌وتی هه‌ستانه‌وه‌ی دوای نسكۆ و خاڵی پێچه‌وانه‌بوونه‌وه‌ی گورزه‌كه‌یه‌ بۆ لمۆزی رژێمێكی دیكتاتۆری له‌ خۆبایی پاڵپشتیكراو له‌لایه‌ن هه‌موو جیهانی ده‌ستڕۆیشتووی ئه‌و رۆژگاره‌وه‌.

بۆ یه‌كێتی ‌و یه‌كێتییه‌كان یادی شه‌هیده‌كان هه‌میشه‌ سروشی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی خه‌باته‌، به‌تایبه‌تی یادی شه‌هیدانی سه‌ركرده‌ شیهاب وئه‌نوه‌ر وزۆراب‌ به‌تایبه‌تیش یادیان له‌ناوجه‌رگه‌ی‌ خه‌باتی ئێستاداده‌بێت كه‌ وه‌ك نوێكردنه‌وه‌ی په‌یمان‌و عه‌هدی جاران بێت بۆ گیانبازی له‌ڕێی كوردستانی رزگاردا.


یه‌كێتی له‌ شۆڕشی نوێدا زیاتر بووه‌ له‌وه‌ی ته‌نها وه‌ك هێزێكی سیاسی وێنابكرێت ،ئه‌م هێزه‌ قوتابخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كۆڵنه‌دان و بیری كوردایه‌تی هاوچه‌رخبوه‌،له‌م قوتابخانه‌یه‌دا وانه‌كانی كوردایه‌تی و دژایه‌تی كردی دوژمنانی كوردستان له‌ ئاستێكی به‌رزدا ئه‌وترایه‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌ تێكۆشه‌ری نمونه‌ی له‌ هۆشیاری و نمونه‌ی له‌ دڵسۆزی و گیان بازیدا په‌روه‌رده‌كردوه‌،یه‌كێتی سه‌دان فه‌رمانده‌و هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی به‌ورئاسای خۆی له‌ پێناو ئامانجه‌ ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان كردوۆته‌ قوربانی،ڕه‌نگه‌ كه‌م هێز هه‌بێت له‌ناوچه‌كه‌دا به‌ ئه‌ندازه‌ی یه‌كێتی خوێنی بۆ ئازادی و سه‌رفرازی گه‌له‌كه‌ی ڕشتبێت،داستانه‌كان ،سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری و هێرش بردن ،چیرۆكی ئێجگار مه‌زنی هه‌ڵۆكانی یه‌كێتی ئه‌گێڕنه‌وه‌.

یه‌كێتی به‌ڕابه‌رایه‌تی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال له‌ ساڵی 1975دا دروستبوو، كۆتایی هات به‌و سه‌رده‌مه‌ی داگیركه‌ران چۆن یان بویت ته‌راتێن به‌خاكی كوردستاندا بكه‌ن ،زیندانه‌كان شاهیدن قاره‌مانه‌كانی یه‌كێتی به‌ده‌م سرودی ڕێخه‌باتمانه‌وه‌ چۆن ڕوبه‌ڕوی په‌تی سێداره‌ئه‌بوونه‌وه‌،هیچ سه‌رده‌م و هیچ به‌شێكی كوردستان نیه‌ یه‌كێتی پێشمه‌رگه‌ی ئازاو قاره‌مانی خۆی تێدا شه‌هید نه‌بووبێت،كه‌یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان دروست بوو،بووه‌ هۆكارێك كه‌شۆڕشی چه‌كداری په‌ره‌بسه‌نێت ئه‌گه‌رچی ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران ڕۆڵێكی كاریگه‌ریان هه‌بووه‌ له‌هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستاندا هانی گه‌نجان و لاوانی ده‌دا بۆشۆڕشی چه‌كداری دژی زوڵم و زۆری و چه‌وساندنه‌وه‌ ئه‌وه‌بوو له‌13/9/1976 یه‌كه‌مین شه‌ڕی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌و ڕژێم ڕوویداو له‌وه‌وه‌ كڵپه‌ی شۆڕش په‌ره‌ی سه‌ند كه‌له‌و شه‌ڕه‌دا خوێنی پیرۆزی شه‌هید فاتیحی شێخ حه‌یده‌رله‌هه‌ڵه‌بجه‌ ، بووه‌ سه‌رچاوه‌ی ڕووباری خوێنی شه‌هیدان.

شه‌هیده‌كان هه‌میشه‌ به‌شێكی دانه‌بڕون له‌ ئێمه‌ كه‌م بژی وكه‌ڵ بژی ،ئه‌مه‌  ووته‌ی سێكوچكه‌ی شه‌هیدانی كۆمه‌ڵه‌ شیهاب و ئه‌نوه‌ر و زۆراب بوو

یه‌كه‌م كه‌س په‌تی سێداره‌ بكه‌نه‌ ملتان و ببنه‌ سه‌رقافڵه‌ی شه‌هیدان ،ڕووبه‌ڕووی جه‌لادانی به‌عس بڵێن كه‌م بژی وكه‌ڵ بژی ،كێلی هه‌موو شه‌هیده‌كان دورنه‌مای خه‌باته‌ بۆ یه‌كێتیه‌كان، چونكه‌ له‌لوتكه‌ی نه‌مریدان.

شه‌ڕی داعش و هه‌ڵتۆقینی ئه‌م گروپه‌ تیرۆرسته‌ ،ئه‌و ڕاستییه‌ به‌ته‌واوی سه‌لماند كه‌ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان چۆن له‌سه‌ره‌تاوه‌ دركی به‌مه‌ترسی ئه‌م. گروپه‌ تیرۆرسته‌ ومه‌ترسیه‌كانی كرد له‌ سه‌ر عێراق  وكوردستان وناوچه‌كه‌ بۆیه‌ هه‌رزوو پلانی تۆكمه‌ وبه‌هێزی بۆ داناو بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یان وله‌ماوه‌ی سێ ساڵی شه‌ڕی داعش دا قاره‌مانانه‌ به‌هاوكاری سه‌رجه‌م هێزه‌كانی تری پێشمه‌رگه‌ ڕێگری ته‌واویان لێكراو زه‌بری كوشنده‌یان. لێدرا ،وته‌واوی ناوچه‌كانی كوردستانیان لێ پاكرایه‌وه‌به‌ڵام. ئه‌م شه‌ڕانه‌ش به‌خوێنی شه‌هیدان سه‌ركه‌وتنی تێدا وه‌ده‌ست هات كه‌ تێیدا یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان زیاتر له‌هه‌زار ڕۆڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ وفه‌رمانده‌ی ئازای به‌خشیه‌ پاراستن وهێمنی وئاسایشی كوردستان كه‌ ده‌توانین بڵێن كۆی شه‌هیدان وبرینداران وبێسه‌روشوێنانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌م جۆره‌یه‌.
ژماره‌ی شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕی داعش 1846 شه‌هیده‌ و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان به‌ته‌نها زیاتر له‌هه‌زار شه‌هیدی هه‌یه‌ ،له‌فه‌رمانده‌وپێشمه‌رگه‌ هه‌روه‌ها بریندارانی پێشمه‌رگه‌ش 13 هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌به‌شی هه‌ره‌زۆری برینداران. پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانه‌.
به‌هه‌موو هێزی پێشمه‌رگه‌ش 62 بێسه‌روشوێن هه‌یه‌ و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ناو پێشمه‌رگه‌ بێسه‌روشوێنانه‌دا به‌شی زۆری به‌رده‌كه‌وێت.
هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ی شه‌هیدو بریندار وبێسه‌روشوێن بوون له‌یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان ،خه‌ڵكی ناوچه‌ جۆراو جۆره‌كانی كوردستانه‌ ،ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌رده‌خات كه‌یه‌كێتی هی یه‌ك ناوچه‌و شوێن نییه‌ به‌ڵكو یه‌كێتی هی هه‌مووانه‌ وبۆهه‌مووانه‌.
یه‌كێتی ئه‌مڕۆ خاوه‌نی زیاتر بیست و شه‌ش هه‌زار شه‌هیدی قاره‌مانه‌، ئه‌ركی حزب وحكومه‌ته‌ ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌ بۆ كه‌سوكاری ونه‌وه‌كانی شه‌هیدان بێ جیاوازی دابین بكات.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket