riklam

گەنجبوونەوەی یەكێتی لە وێستگەی گۆڕانكاریی ریشەیدا

کوردستان 09:17 PM - 2021-10-26

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، لەمیانی چەند دیدار و كۆبوونەوەیەكدا ئاماژەی بە ئەركەكانی رێكخراوەیی و راستكردنەوەی رێڕەوی حزبی كرد و رایگەیاند: یەكێتی لەبەردەم گۆڕانكاریی ریشەیی حزبیدایە و بەپێی پەیڕەو و هەڤاڵێتی، كارەكانمان رێكدەخەینەوە و زیاتر گرنگی بە توانا و هێزی گەنجان دەدەین و دەیانهێنینە پێشەوە، كادریش لەسەر بنەماكانی رۆشنبیری و فیكری، پەروەردە دەكەینەوە و ژیانی سیاسیمان بە تەواوەتی گەنج دەكەینەوە.

گەنجكردنەوەی یەكێتی لەوێستگەی گۆڕانكاری ریشەیدا، یەكێكە لەكردارو كارەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و دامەزراندنی بەرنامەیەكی هاوچەرخ كە لەگەڵ ژیانی هەموولایەكدا گونجاو بێت، گەنجانی یەكێتیش كە ئەرك و لێپرسراوێتی حزبی و حكومیان پێسپێردراوە تەئكید لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە یەكێتی لەسەردەستی گەنجان بەڕابەرایەتی سەرۆك مام جەلال دامەرزاوە و درێژەی بەخەبات داوە و هەمیشە دەرفەتی بۆ گەنجان رەخساندووە لەئۆرگانە حزبییەكان و پۆستە حكومییەكاندا رۆڵی كاریگەریان هەبێت و جێ دەستیان دیاربێت و بشبێتە تاكە حزبی كوردستان كە زۆرترین گەنجی لەئۆرگان و پۆستە حكومییەكاندا ئەركیان پێبسپێردرێت.

فەهمی بورهان سەرپەرشتیاری مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، باس  لەوەدەكات بابەتی گۆڕانكاری و هێنانە پێشەوەی گەنج بۆ ناو ئۆرگانەكانی یەكێتی بوەتە بۆچوونێكی چەسپاو و بە PUKmedia ی راگەیاند: یەكێتی سورە لەسەر جێبەجێكردنی پرەنسپی هێنانە پێشەوەی گەنج بۆ ئۆرگانەكانی و ئەوەش وەك پرەنسیپێكی نەگۆڕ لەناو ئۆرگانەكانی حزبدا بەزیندوی دەمێنێتەوە.

وتیشی: پرۆسەی ئاڵوگۆڕ و هێنانە پێشەوەی گەنج پرۆسەیەكە هێزە پێشكەوتنخوازەكان جیهان لەسەری بەردەوامن و گەشەی پێدەدەن، یەكێتیش وەك هێزێكی ئازادیخواز كە بۆچوون و دونیا بینی خۆی هەیە بۆ ژیان و خەباتی مەدەنی و دیموكراسی و بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانی، بۆیە هێنانە پێشەوەی گەنج یەكێكە لەو پرەنیسپانەی دەتوانین روبەرێكی گەورەتر لەئامانجەكانمان بەدیبهێنین.

رۆژان شەهید حەمەڕەش ئەندامی فراكیسۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان، ئەو باس لەوەدەكات كە   یەكێتی لەسەرەتاوە لەسەر دەستی گەنجان دامەزراوە و هەر لەسەرەتاوە بیری گەنجانە بووە بۆ PUKmedia دەڵێت: یەكێتی لەسەر دەستی مام جەلال لەگەڵ هاوڕێكانی دامەزراوە كە لەسەردەمی لاوێتیدا بوون، ئەمە هۆكارێكی سەرەكی بووە كە یەكێتی هەمیشە بڕوای وابووە گەنجان بهێنێتە پێشەوە و برەو بەتواناكانیان بدات.

وتیشی: یەكێتی لەناو ئۆرگانە حزبییەكانییەوە بگرە تا پۆستە حكومییەكان و پەرلەمانتارانیشی زۆرینەیان لەگەنجان پێكهاتوون، بۆیە یەكێتی هەمیشە لەسەر ئەو رێبازە بەردەوامە گەنجان بەپێی تایبەتمەندیان بهێنێتە پێشەوە لەناو ئۆرگانە حزبییەكاندا بێت یان پۆستی حكومی و پەرلەمان بێت.

ئەوەشی خستەڕوو: یەكێتی توانیویەتی بەبرەودان بەتوانای گەنجان لەناوەندە حزبی و حكومییەكانیش سەركەوتوو بێت، سەلمێنەری ئەوەش بەڕێوەبردنی ئۆرگانەكان یان پۆستە حكومی و پەرلەمانییەكانە.

شەماڵ نامیق كادیری پێشكەوتوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە وەك قائیمقامی كفری لێپرسراوێتییەكی حكومیی پێسپێردراوە، باس لەوەدەكات هەمیشە یەكێتی لەسەرەتای دامەزراندیەوە تائێستا برەوی بەتوانای گەنجانداوەو لەناو ئۆرگانە حزبییەكان و پۆستە حكومیەكانیشدا رۆڵی گەنجان دیارە، بە PUKmedia ی راگەیاند: وەك گەنجێك كە یەكێتی وەك پرەنسیپی هەمیشەی هەوڵی ئەوەیداوە گەنجان بێنێتە پێشەوە لەئۆرگانە حزبییەكان و تەنانەت حكومییەكانیش، یەكێتی هەر لەسەرەتاوە باوەڕی بەوە بووە، بۆیە لەئێستا زۆرینەی سەركردایەتی و ئۆرگانی یەكێتی و پۆستە حكومییەكانیش گەنجان بەڕێوەی دەبەن.

باسی لەوەشكرد: ئەو گەنجانەی یەكێتی دەرفەتی پێداون توانیویانە سەركەوتوانە كارەكانیان بەڕێوەببەن و ئەو متمانەیە بپارێزن كە پێیاندراوە، بۆیە ئەگەر بەراوردێك بكرێت لەكوردستاندا یەكێتی تاكە لایەنە زۆرترین دەرفەتیداوە بەگەنجەكانی لەناو ئۆرگانە حزبی و حكومییەكاندا و دەتوانرێت بوترێت كە بوونی گەنجان لەپێدانی لێپرسراوێتی ئۆرگان و پۆستە حكومییەكان لەڕیزبەندی یەكەمی هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمدایە و جێی شانازیشە بۆ یەكێتی كە ئەو گەنجانە سەركەوتوانە كارەكانیان بەڕێوەبردووە.
PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket