}

حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی ده‌بێته‌ كاربه‌ڕێكه‌ر

عیراق 05:27 PM - 2021-10-23

شاره‌زایه‌كی یاسایی جه‌ختیكرده‌وه‌ حكومه‌تی ئێستا حكومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ره‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانیشی سنوورداره‌و ته‌نها كاره‌ پێویسته‌كان به‌ڕێده‌كات، ئاماژه‌شیدا له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌رله‌مان كۆتایی هاتووه‌ ده‌بوایه‌ حكومه‌تیش كۆتایی بهاتایه‌، چونكه‌ هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا حكومه‌ت له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێرراوه‌.

د.عه‌لی ته‌میمی پسپۆڕ له‌بواری یاسادا بۆ  PUKmedia ی ئاشكرا كرد، كه‌ له‌م قۆناغه‌دا حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاته‌كانی سنوورداره‌و ته‌نها كاره‌ پێویسته‌كان به‌ڕێده‌كات ئه‌و قۆناغه‌ی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری تێدایه‌ بریتیه‌ له‌قۆناغی گواستنه‌وه‌ یاخود قۆناغی هه‌ڵبژاردن یاخود قۆناغی فریاكه‌وتن، مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ بڕیار له‌باره‌ی پرسه‌ گرنگ و چاره‌نووسازه‌كان بدات، به‌ڵام خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت چونكه‌ ئه‌وه‌ بابه‌تگه‌لێكن نابێت په‌كیان بخرێت و ده‌وڵه‌ت بۆی نییه‌ ئه‌م كارانه‌ رابگرێت، ئاماژه‌شی به‌وه‌دا حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر رووبه‌ڕووی ده‌رئه‌نجامه‌ سیاسییه‌كان نابێته‌وه‌ چونكه‌ په‌رله‌مان نییه‌.

راشیگه‌یاند، ئه‌م كارانه‌ش كۆمه‌ڵه‌ كارێكی ئاساییین و چاره‌نووساز نین و ده‌ستووریش له‌ماده‌كانی 61 و 64 ماوه‌كه‌ی به‌ 30 رۆژ دیاریكردووه‌و له‌زۆربه‌ی ده‌ستووری وڵاتانی جیهاندا ماوه‌كه‌ هه‌ر به‌ 30 رۆژ هاتووه‌، وه‌ك له‌ئه‌ڵمانیاو باشووری ئه‌فریقیا هه‌یه‌، پێویستیشه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ درێژ نه‌بێت مه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی نیشتمانیی ئه‌وه‌ بخوازێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا چاودێریكردنی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر له‌لایه‌ن دادوه‌ری ئیدارییه‌وه‌ ده‌بێت و ده‌توانێت تانه‌ له‌بڕیاره‌كانی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر بدات تانه‌كه‌ش له‌چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكدا ده‌بێت.

روونیشی كرده‌وه‌، كه‌ حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر مافی نییه‌ پێشنیاز پێشكه‌ش بكات بۆ هه‌مواری ده‌ستوور یاخود په‌سه‌ندكردنی یاساكان هه‌روه‌ها ناتوانێت رێككه‌وتننامه‌ ئه‌نجامبدات یاخود به‌شدارییان تێدا بكات، ته‌نانه‌ت بۆشی نییه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتاندا گرێبه‌ست ئیمزا بكات یاخود كه‌سانێك به‌پله‌ی تایبه‌ت دابمه‌زرێنێت، به‌كورتی هه‌ر كارێك كه‌ پێویستی به‌چاودێری په‌رله‌مان هه‌بێت نابێت حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر بیكات چونكه‌ حكومه‌ته‌كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌نه‌مانی په‌رله‌مان ئه‌ویش كۆتایی هاتووه‌، ئاماژه‌شیدا كاره‌كانی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر خۆی له‌چه‌ند ئه‌ركێكدا ده‌بینێته‌وه‌ بۆ نموونه‌ ده‌توانێت واژۆ له‌سه‌ر گرێبه‌ستی نێوان وه‌زاره‌ته‌كاندا بكات، بۆئه‌مه‌ش ده‌توانێت بڕێك پاره‌ رابكێشێت بۆ پێدانی مووچه‌ ئه‌وه‌ش ته‌نها بۆ مانگێك.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌،  ئه‌گه‌ر حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر سنووری كاره‌كانی خۆی تێپه‌ڕێنێت ره‌نگه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی یاخود ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی داهاتوه‌وه‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت به‌گوێره‌ی ماده‌كانی 329و 240 له‌یاسای سزادانی عیراقی.
جێی ئاماژه‌شه‌، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بڕیاریدا خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی رێخۆشكردن بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌واده‌ی خۆیدا له‌ 10ی تشرینی یه‌كه‌می 2021.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket