riklam

وتەبێژ:یەكێتی لەگەڵ یەكڕیزیی و ئەو لایەنەیە مەرجەكانی كورد جێبەجێدەكات

کوردستان 08:59 PM - 2021-10-18

وتەبێژی یەكێتی رایدەگەیەنێت: یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە كە لایەنە كوردستانییەكان لەهەرێم بە یەك بەرنامەو یەكڕیزی بچنە بەغداو بۆ پێكهێنانی حكومەتیش گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنەش بكەن كە داواكارییەكانی كورد جێبەجێ دەكات. دەشڵێت: یەكێتی لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان گفتوگۆ دەكات بۆ دانانی بەرنامەیەك و بۆ ئەم مەبەستەش سبەینێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە. 

ئەمین بابە شێخ وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان وەفدڵا باڵای یەكێتیی لەگەڵ وەفدی پارتی لەسلێمانی و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بەكوردسات نیوزی رایگەیاند: كۆبوونەوەو دەستپێشخەرییەكی باش بوو، وەك یەكێتی بەرنامەی خۆمان هەیە وەك هەر لایەنێكی سیاسی كە چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكەین، لەكۆبوونەوەكەشدا لەبارەی یەكڕیزییەوە هاوڕابووین كە بە بەیەك بەرنامەو یەكڕیزیەوە بچینە بەغدا، بەتایبەت لەم قۆناغەدا بەكڕیزی كورد پێویستیەكی گرنگەو دەبێت باشتر لەجارانی رابردوو لەبەغدا نوێنەرایەتی گەلەكەی خۆمان بكەین.

وتیشی: یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە لایەنە كوردستانیەكان بە بەرنامەیەكی یەكگرتوو بچێتە بەغدا، چونكە لەوێ ئەگەر یەكڕیزبین زۆر شتمان پێدەكرێت و دەتوانین شت بگۆڕین.

وتەبێژی یەكێتی دەشڵێت: وەك یەكێتی ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر ئاستی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی كردومانە تەنها مامەڵە لەسەر ئاستی كورسی لایەنەكان ناكەین، بەڵكو بۆچونی ئەو لایەنە كوردیانەش وەردەگرین كە كورسیان نیە، تا ئەوانیش بەشداربن، ئێستا ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی و دوو سەركردایەتی یەكێتی لەبەغدان بۆ ئاگاداربون لەوەی لەبەغدا روودەدات و بۆچونی لایەنەكان.

باسی لەوەشكرد: لەدوای 2003ەوە دەركەوتوە كە عیراقێكی بێ كورد بۆشاییەكی گەورە دروست دەكات و هیچ لایەن و پێكهاتەیەكی سەرەكی عیراقیش جورئەتی ئەوە ناكات بەبێ كورد هەنگاو بنێت، بۆیە ئێستا بەوردی چاودێری رووداو پێشهاتەكان دەكەین لەبارەی ئەوەی لەبەغداوە چۆن دەڕوانێتە قەوارەی هەرێم و ئەو مەترسیانەی لەبارەی قەوارەی هەرێمەوە دەكرێت، هەروەها دەستور بەتایبەت كە باسی گۆڕانكاری دەكرێت، وەك یەكێتیش پێمانوانیە تاكە وەڵام بۆ ئەوە یەكڕیزو یەك بەرنامەی كوردە لەبەغدا. 

ئەمین بابەش شێخ راشیگەیاند: وەك یەكێتی بەمنزیكانە لایەنەكانی تریش دەبینین و پێكەوە دەبێت باسی چارەنوسی قەوارەی هەرێم و عیراق و چارەنوسی گەلەمان بكەین، بۆیە دەبێت متمانە لەنێوان لایەنە سیاسیەكاندا دروست بێت، بۆ ئەوەش چاوەڕێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان دەكەین.

وتەبێژی یەكێتی دەشڵێت: سبەینێ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكرێت و  چاوەڕێین لەوێ بڕیار بدەین و بەرنامەی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ  لایەنەكانی هەرێم دابنێین، هەرچەندە سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان كراوە، بەڵام ئەوەندەی زانیاریم هەبێت وەك یەكێتی بەتەلەفون لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تری هەرێم بۆ هەمان بەمەبەست و خۆشكردنی زەمینەیەكی لەبار گفتوگۆكراوە.

رونیشیكردەوە: بڕیارمانداوە پەلە نەكەین بۆ رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكان و چاودێری دۆخی بەغدا دەكەین، چونكە دۆخێكی نوێ هاتوەتە پێش لەبەغدا، ناكرێت لەئێستاوە بوترێت ئەو لایەنە یان هاوپەیمانێتیە لە كوردەوە دوورە، یەكێتی پێیباشە لەسەر ئاستی هەرێم لێرە پێكەوە بڕیار بدەین كە كام لایەن بۆ كورد باشەو لەگەڵ ئەوەدانین بەسەرپێی رێككەوتن لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، پێمانباشە باسی بابەتە سەرەكییانە بكرێت، 
ئەوەی لەبەغدا هەیە زیاتر شەڕە كورسی و شەڕ‌ پۆستە.

وتەبێژی یەكێتی ئەوەشی وت: وەك یەكێتی هەموو هەوڵێك دەدەین كە لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێ باسی چەند بابەتێك بكرێت، وەك جێبەجێكردنی ماددەی 140 و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بۆ ئەوەش چ لایەنێكی عیراقی ئەوە جێبەجێ دەكات تا هاوپەیمانی لەگەڵ بكرێت هەروەها یاسای نەوت و غازە كێشەی پێشمەرگە.

وتیشی: ناكرێت بەبێ مەرج لەگەڵ لایەنێك یان هاوپەیمانیەكی عیراقی حكومەت پێكبهێنین، ناكرێت لەسەر پۆستی وەزیرێك چەند مانگێگ حكومەتێك پەكبخەین، دەبێت بیر لەژیانی خەڵك بكرێتەوە، بۆیە دەبێتە كاری لەپێشینە بۆ خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستان بێت، هەروەها ئاسایشی هەرێمی كوردستان، جگە لەوەش ئێمە بەشێكین لەعیراق و دەبێت پێكەوە ئاسایش و سەقامگیری بپارێزین و تەواوكەری یەكتربین.

لەبارەی ئەوەشی چ لایەنێكی عیراقی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ پەیوەندی بەیەكێتییەوە كردوە، وتی: تائێستا هیچ لایەنێكی عیراقی بەڕەسمی بۆ پێكهێنانی حكومەت هیچ شتێكی لەگەڵ یەكێتی باس نەكردوە، بەڵام ئامادەن لەئێستاوە دانوستان دەستپێبكەن، بەڵام وەك یەكێتی لەگەڵ ئەوەین لەهەرێم لایەنە كوردستانیەكان بە بەرنامەیەكی یەكگرتوو خۆمان بۆ بەغدا ئامادەبكەین، ئەوكاتە دەتوانین ئەو دەرگایە بكەینەوە تا بزانین لایەنەكان چۆن دێنە پێش و ئێمەش چۆن دەچینە پێش.

PUKmedia تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket