riklam

عیراق دوای هەڵبژاردن روبەڕووی چەند سیناریۆیەك دەبێتەوە

عیراق 06:36 PM - 2021-10-18

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەردەوامە لەبەدواداچوون بۆ تانەكان و سبەینێ‌ رۆژی سێشەممەش دوا وادە دەبێت بۆ وەرگرتنی تانەكان، هاوكات پسپۆڕێكی ئەمنی پێشبینی  3 سیناریۆ دەكات لەعیراق بێتەئاراوە.
ماوەی دوو رۆژیشە خۆپیشاندان چەند پارێزگایەكی گرتۆتەوە ئەوەش وەك ناڕەزایەتییەك لەبەرامبەر ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن.

هەر ئەمڕۆ د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراقی فیدڕاڵ لەوتەیەكدا بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) رایگەیاند: رێزگرتن لەخواست و پرۆسەی دەستووری و كاروانی ئاشتی لەوڵات ئەركێكی نیشتمانییەو ناڕەزایەتییەكانیش لەبەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان مافێكی پارێزراوەو دەستوورو یاساكانی هەڵبژاردن جەختیان لەسەر كردۆتەوە، بۆیە پێویستە مامەڵەكردن لەگەڵیدا لەچوارچێوەی یاساو ئاشتیدا بێت و دوور لەوەی ئاشتی و موڵك و سامانی گشتی و سەلامەتی نیشتمان بخرێتە مەترسییەوە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش رایگەیاندبوو كە ماوەی پێشكەشكردنی تانە لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان سبەینێ‌ سێشەممە كۆتایی دێت.

لەو بارەیەشەوە، عیماد جەمیل ئەندامی تیمی راگەیاندن لەكۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەمیانی لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia رایگەیاند: ماوەی تانە لەدەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان سبەینێ‌ سێشەممە كۆتایی دێت، ئاشكراشیكرد كە رەنگە تانەكان گۆڕانكاری لە ئەنجامە بەراییەكاندا بكات كە كۆمسیۆن بڵاویكردونەتەوە.
راشیگەیاند: ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دەستەیەكی دادوەریی هەڵبژاردنەكانەوە رادەگەیەنرێت، ئاماژەشیدا كە كۆمسیۆن 95%ی پرۆسەی ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكانی ئەو وێستگانەی تەواوكردووە كە سكاڵایان لەسەر بووە كە بریتیە لە 3681 وێستگە.

روونیشیكردەوە: دەستەیەكی دادوەری هەڵبژاردنەكان بەدواداچوون بۆ تانەكان دەكات و سەرجەمی پرۆسەكە 20 رۆژ دەخایەنێت و پێش ئەوەی كۆتا ئەنجامەكان بەناوو كورسی و كۆتای ژنان رابگەیەنرێت، پاشان ئەو ئەنجامانە رەوانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی، دوای ئەوە سەرۆك كۆمار بانگهێشتی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات كە لەماوەی 15 رۆژدا كۆببێتەوە.

جێی ئاماژەیە رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران لەهەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئەمساڵدا لە 43% بوو، بەواتای ئەوەی كەلەكۆی 22 ملیۆن دەنگدەر كەمافی دەنگدانیان هەیەو كارتی بایۆمتیرییان هەبووە، 9 ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەر بەشدارییان لەپرۆسەكەدا كردووە.

سەبارەت بەلایەنی ئەمنیش، غانم عیفان كە پسپۆڕێكی بواری ئەمنییە بە PUKmediaی راگەیاند: تا ئێستا هیچ هاوپەیمانییەكی سیاسی بوونی نییەو هەندێك لایەن لە هەوڵدان بۆ سەپاندنی ئەنجامە بەراییەكان و لایەنی تریش هەیە ناڕازین و سەرجەم ئەنجامەكان دەخاتە بەر نیشانەی پرسیار، روونیشیكردەوە كە ئەو ئەنجامانەی بڵاوكراونەتەوە بریتی نین لەكۆتا ئەنجام.

راشیگەیاند: لەو ماوە نزیكەدا عیراق دەكەوێتە بەردەم 3 سیناریۆ، یان ئەوەتا پرۆسەی هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوەو حكومەتێكی كاربەڕێكەر دابمەزرێنرێت بۆ ماوەی 6 مانگ تا ئەو كاتەی وادەیەكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردن دیاری دەكرێت، یاخود رێككەوتنی سیاسی هەمەلایەنە بهێنرێتە پێشەوە كە لەئێستادا كار لەسەر ئەمە دەكرێت بەڵام زۆر سەخت دەبێت بەهۆی ئەوەی جیاوازی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و سەنگە سیاسییەكان گەورەن وەك جیاوازی نێوان تانەو گومان وایە، سێیەم سیناریۆش خۆی لەپێكدادانی چەكداریدا دەبینێتەوە.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket