riklam

سەرۆك كۆمار: پێویستمان بە چەسپاندنی رەفتارە بەرزەكانی پێشەوای موسڵمانانە

عیراق 11:55 AM - 2021-10-18

بەبۆنەی یادی لە دایكبوونی پێشەوای موسڵمانان و سەروەری مرۆڤایەتییەوە د. بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پێغەمبەری مەزن دەوڵەتێكی دامەزراند و توانی كۆتایی بەستەم و گەندەڵی بھێنێت و دادپەروەری بچەسپێنێت با لە پێغەمبەری خوداوە فێری چاكەخوازی بین.

دەقی پەیامەكە:
پەیامی سەرۆك بەرھەم بەبۆنەی یادی لە دایكبوونی پێشەوای موسڵمانان و سەروەری مرۆڤایەتی

"گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی موسڵمانانی عێراق و ھەرێمی كوردستان و جیھان دەكەم بەبۆنەی یادی لە دایكبوونی پێشەوای موسڵمانان و سەروەری مرۆڤایەتی محەمەد (د.خ).

رۆژی لە دایكبوونی پێشەوای موسڵمانان بۆنەیەكی گەورە و گرنگ و پەیام بەخشە بۆ بەرجەستەكردنی ئاشتی و خۆشەویستی و پێكەوەژیان لە نێوان سەرجەم مرۆڤایەتی، بۆیە ئەمڕۆ لە ھەموو كات زیاتر پێویستمان بە چەسپاندنی بەھا و رەفتارە جوان و بەرزەكانی پێشەوای موسڵمانانە، تاوەكو بەھا بەرزەكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بەرز راگرین، با لە پێغەمبەری خودا فێری چاكەخوازی بین، پێغەمبەری مەزن دەوڵەتێكی دامەزراند و توانی كۆتایی بەستەم و گەندەڵی بھێنێت و دادپەروەری بچەسپێنێت و بەھا مرۆڤایەتییەكان بەرز راگرێت لە ئەخلاق و هێزی ئیرادە.

لە كاتێكدا ئەم یادی مەزنە دەكەینەوە، وڵاتە ئازیزەكەمان رووبەڕووی ئالینگاری جددی و بەركەوتەی نیشتمانی دەبێتەوە، لەم ساتەوەختە دژوارەدا پێویستە یەكریز و یەكگرتوو بین و بەیەكەوە دیاڵۆگ و گفتوگۆ بكەین بە ئاڕاستەی سەرخستنی بەرژەوەندی گشتی وڵات و ھەنگاوی كرداری بنین رووەو جێبەجێكردنی داوا رەواكانی خەڵك بۆ ژیانێكی باشتر و خۆشگوزەران.

رێزگرتن لە ئیرادە و خواستی خەڵك و پرۆسەی دەستووری و چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگەچارەی ئاشتییانە ئەركێكی نیشتمانییە و ناڕەزایی بەرامبەر بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن مافێكی پارێزراوە لەسەر بنەمای دەستوور و یاساكانی هەڵبژاردن، بۆیە پێویستە مامەڵەكردن لەگەڵی لەچوارچێوەی یاسا و ئاشتیدا بێت دوور لەوەی ئاسایش و موڵك و سامانی گشتی و سەلامەتی وڵات بخرێتە مەترسییەوە.

رێزگرتن لە دەوڵەت و دامەزراوەكانی و پاراستنی كاروانی دێموكراسی لە وڵات، ئەمانەتە لە گەردنمان بۆ ئەو قوربانییە زۆرەی كە گەلەكەمان بەخشیویەتی لە ماوەی دەیەیی رابردوو لە ستەم و چەوسانەوە و توندوتیژی، ھەروەك ئەمانەتە بۆ قوربانییەكانی ھێزە ئەمنییەكان لە سوپا و پۆلیس و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ھاوكات گرنگە رێز بگرین لە پاراستنی بژاردەی دێموكراسی دەستووری ئاشتییانە وەك بژاردەیەكی گەلەكەمان.

ھەموو ئەمانەش بە ھەوڵ و كۆششی ھەمووان لە ھێز و لایەنە سیاسی و جەماوەرییەكان و یەكخستنی دید و بۆچوونە جیاوازەكان دێتەدی لە پێناو پاراستنی پەرژەوەندی گشتی وڵات و ھێنانەكایەوەی خۆشگوزەرانی و گەشەپێدان بۆ ھاونیشتمانیان و وڵات.

د. بەرھەم ساڵح
سەرۆك كۆماری عیراق

PUKmedia نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket