riklam

یادی 60 ساڵەی شەوە خوێناوییەكەی پاریس دەكرێتەوە

جیهان 11:17 AM - 2021-10-18

شەوی 17 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1961 و پێنج مانگ دوای كۆتایی هاتنی شەڕ لەنێوان فەڕەنسا و جەزائیر، گەورەترین كوشتار و زەبر و زەنگی بێوێنە لە مێژووی ئەورووپا لە ناوەڕاستی پاریسی پایتەختی فەرەنسا روویدا، كە مێژوو نووسەكانی فەڕەنسا و جەزائیر بە شەوە خوێناوییەكە ناوی دەبەن.

لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا و 60 ساڵ پێش ئێستا لە شەوی 17 ئۆكتۆبەری ساڵی 1961دا، بە دەیان هەزار جەزائیری دانیشتووی فەرەنسا و بە تایبەتی دانیشتووی پاریسی پایتەخت رژانە ناو شەقامەكانەوە، خۆپیشاندانێكی هێمن و ئاشیتی خوازانەیان رێكخست دژی  قەدەغەكردنی هاتووچۆ بەتەنها بۆ فەڕەنسییە مسوڵمانەكانی جەزائیر كە لە 5-10-1961 لەسەر فەرمانی پارێزگاری ئەوكاتەی پاریس مۆریس پاپۆن دەستی پێكردبوو، لە سەعات 7 ی ئێوارەوە بۆ 8 ی بەیانی قەدەغەی هاتووچۆ و چوونەدەرەوە و گردبوونەوە قەدەغەكرابوو تەنها بۆ جەزائیرییەكانی دانیشتووی پاریس.

ئەم خۆنیشاندانە بەرەی ئازادی نیشتمانی جەزائیری فیدراسیونی پاریس بانگەشە و ئامادەكاری  بۆكردبوو بۆ بایكۆتكردنی بڕیاری پاریزگای پاریس كە بە بڕیارێكی ناهەق و رەگەزپەرستانە خوێندنەوەی بۆ كرابوو، سەرەڕای  نەدانی مۆڵەت بەو خۆپیشاندانە لە نێوان 20 هەزار تا 40 هەزار جەزائیری لەو شەوەدا  بەشداری ئەو خۆنیشاندانەیان كرد، ئەبێت ئەوەش بڵێین لە پاریس پێكدادان و تووند و تیژی و بەكارهێنانی چەك لە نێوان هێزە ئەمنییەكانی پاریس و بەرەی ئازادی نیشتمانی جەزائیر لە ساڵانی رابردوودا هەبووە و پۆلیسیش بەدەستی جەزائیركان كوژراون، هەر بۆیەش پارێزگا و حكومەتی ئەوكاتە بڕیاری قەدەغەكردنی بۆ دەركردن و ئەو كارەساتە مرۆییە روویدا.

بەڵام ئەنجامی ئەم خۆپیشاندانە  بە چیرۆكێكی تراژیدی كۆتایی هات،  ئەوەبوو  بە فەرمانی  پارێزگار، پۆلیس بە شێوەیەكی بێبەزەیی كەوتە كوشتنی خۆپیشاندەران و 150 تا 200 لەو خۆپیشاندەرانە بەدەستڕێژی پۆلیس كوژران و زۆربەشیان لاشەكانیان هەڵدرایە روباری سێن كە بە ناوەڕاستی پاریسدا تێدەپەڕیت و ژمارەیەكیش بە سەختی بریندار كران، هەروەها 12 هەزاری تریشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی پاریسەوە گیران بۆ لێكۆڵینەوە و ئەشكەندەدانیان .

پاش 60 ساڵ لەم  رووداوە  بیرەوەری و یادی ئەو شەوە و شوێنەواری ئەو رووداوە،  لە هۆش و هەست و دەروونی  نەوەكانیادا هەرماوە، تەنانەت  رووداوی ئەو خۆپیشاندانە، یەكێكە لە  خاڵەكانی  تێكنەگەیشتنی فەڕەنساو جەزائیر هەتاوەكو ئەمڕۆ جگە لە زۆر هۆكاری تر كە لەم دواییەدا بۆتە تێكچوونی پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە، جەزائیر لای خۆیەوە چاوەڕوانی ئەوەیە كە فەڕەنسا بە رەسمی دان بەو تاوانەدا بنێت، داوا لە فەڕەنسا دەكات بە تاوانی دەوڵەت بناسرێت، فەڕەنساش لەلای خۆیەوە هەر سەرۆك كۆمارێك  هەتا ئیستا  هاتبێتە سەر حوكم، بە و شێوەیە باس لەو رۆژە ناكات كە جەزائیریەكان پێیان خۆش بێت و ئاسوودەبن، بۆ نموونە  سەرۆك كۆماری پێشوو فرانسوا هۆڵاند لە ساڵرۆژی ئەو رووداوەدا وتی لە 17 ی ئۆكتۆبەری 1961 دا  جەزائیرییەكان  بۆ مافی سەربەخۆیی خۆیان  خۆپیشاندانیان كرد و بەشێوەیەكی تووندو تیژ و خوێناوی كوژران، كۆماری فەرەنسا بەئاشكرا و بە دڵنیاییەوە ئەو رووداوە دەناسێت.
ئیمانیول ماكرۆنیش دوێنێ هەر بەم بۆنەیەوە وتی كە ئەو تاوانەی پۆلیسی ئەو كاتە كردی دژی خۆپیشاندەرانی جەزائیر لێبووردنی نییە، ئەوەی جێی باسە كە دوێنێ ماكرۆن تاجە گوڵێنەی رێزلێنانی  لە شوێنی ئەو رووداوە دانا بە بێ ئەوەی وتارێك لەو بارەیەوە بدات، ئەمەش دووبارە بۆتە نیگەرانی جەزائیرییەكان لە فەڕەنسا و لە جەزائیر، ئەوەی جێی باسە كە سەرۆك ماكرۆن یەكەم سەرۆكی فەرەنسایە كە لە دوای  شەری جەزائیر لەدایك بووە و یەكەم سەرۆكی فەرەنسیشە كە چووە شوێنی رووداوەكە و تاجە گوڵێنەی رێزلێنانی داناوە ئەو شوێنەی ژمارەیەك لە جەزائیرییەكانیان بە كوژراوی  یان بە برینداری  لەو شەوەدا هەڵدرانە رووباری سێن-وە  لە پاریس.

 پێدەچێت هاتنی ماكرۆن ئاماژەیەك بێت بۆ هێوركردنەوەی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ جەزائیرییەكان كە ماوەیەكە پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانیان ئاڵۆزی تێكەوتووە، جگە لە سەرۆك كۆمار وەك سیمبۆلێك پارێزگای ئێستای پاریسیش تاجە  گوڵێنەی لەسەر شوێنی رووداوەكە دانا، هەروەها ئان ئیدالگۆ سەرۆكی شارەوانی پاریس و كاندیدی پارتی سۆشیالیست بۆ سەرۆكایەتی فەرەنسا و سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی سیاسی  بە هەمان شێوە بەشدار بوون .

كێشەی دبلۆكاسی نێوان فەرەنسا و جەزائیر رۆژ بەرۆژ لاواز و ئاڵۆز و لە هەڵچووندایە، بە شێوەیەك كە فەرەنسا پێش چەند رۆژێك، مافی وەرگرتنی ڤیزەی لە جەزائیرییەكان لە ٪50 كەمكردەوە، هەر دەست بەجێ  جەزائیر سنووری ئاسمانی لە فرۆكە جەنگییەكانی فەرەنسا داخست، لە كاتێكدا هێزە ئاسمانییەكانی فەرەنسا پێویستیان پێیەتی  بۆ بۆردومانكردنی بارەگاكانی داعش و خەباتیان دژی تیرۆریستانی داعش، هەروەها  جەزائیر پێش چەند رۆژێك باڵوێزی خۆی لە پاریس كشانەوە بۆ گفتووگۆكردن و وەك  دەربڕینی ناڕەزایی  دژی فەرە نسا.

دوێنێ یەك شەممە 17 ی ئۆكتۆبەر ژمارەیەكی بەرچاوو لە خۆپیشاندنێكی جەماوەریدا بە بەشداربوونی زۆر لە جەزائیرییەكانی دانیشتووی پاریس و رێكخراوە مەدەنییە فەرەنسیەكان و چەند ئەندام پەرلەمان و كاندیدی ئیكۆلۆجی سەوزەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی فەرەنسا دوای 6 مانگی داهاتوو جادۆ بەشداری ئەو یادە دڵتەزێنەیانكرد و داوای پێناسین و بەرپرسیارییەتی فەرەنسایان ئەكرد بۆ ئەو شەوە خوێناویە.

PUKmedia حەمە عوسمان -فەڕەنسا
سەرچاوە.. رۆژنامەی لومۆند دیبلۆماتیك



ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket