}

هۆشداری ده‌درێت له‌مه‌ترسی پاشماوه‌ پزیشكییه‌كان

کوردستان 07:41 PM - 2021-10-16

لێپرسراوانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ده‌سته‌ی چاككردن و پاراستنی ژینگه‌ی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وان رێنمایی پێویستیان بۆ له‌ناو بردنی پاشماوه‌ پزیشكیه‌كان له‌نه‌خۆشخانه‌كان ده‌ركردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ئه‌و رێنماییانه‌ له‌ناو ببردرێت، به‌ڵام نایشارنه‌وه‌ كه‌موكوڕی له‌و بواره‌دا هه‌یه‌. ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كرێت، هه‌ندێكجار پاشماوه‌ پزیشكیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ مه‌ترسیدارن بۆ ژینگه‌، ده‌بێت راسته‌وخۆ بسوتێندرێن.

عه‌بدولره‌زاق خه‌یلانی وته‌بێژی ده‌سته‌ی پاراستن‌ و چاككردنی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ PUKmedia  ی راگه‌یاند: به‌گوێره‌ی رێنماییه‌كانی ده‌سته‌ی ژینگه‌ پێویسته‌ ئه‌و كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌سته‌ به‌كارهاتووانه‌ی بواری پزیشكی به‌شێوه‌یه‌كی زانستی له‌ناو ببردرێن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر خاك و ئاو هه‌وا ده‌بێت. 

وتیشی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاشماوه‌ پزیشكیه‌كان مادده‌ی كیمیاییان پێوه‌یه‌، هه‌روه‌ها خوێن و هه‌ندێكجار پارچه‌ی له‌شی مرۆڤی له‌گه‌ڵدایه‌، كاریگه‌ریی زیاتری له‌پاشماوه‌كانی دیكه‌ له‌سه‌ر خاك و ئاو و هه‌وا به‌جێده‌هێڵێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌گوێره‌ی ئه‌و رێنماییانه‌ی ده‌سته‌ی ژینگه‌ ده‌ریانكردووه‌، پێویسته‌ پاشماوه‌ پزیشكیه‌كان پێش فڕێدانیان به‌ مادده‌ی تایبه‌ت پاكبكرێنه‌وه‌، پاشان وه‌ك پاشماوه‌یه‌كی ئاسایی فڕێبدرێن.

راشیگه‌یاند: هه‌ندێكجار پاشماوه‌ پزیشكیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ مه‌ترسیدارن بۆ ژینگه‌، ده‌بێت راسته‌وخۆ بسوتێندرێن، ئه‌ویش له‌سوتێنه‌ری تایبه‌ت كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دروستكراوه‌. 

عه‌بدولرزاق خه‌یلانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێنماییانه‌ ده‌سته‌ی ژینگه‌ له‌ رێگای لیژنه‌كانیه‌وه‌ له‌ئاستی پارێزگاكان چاودێری نه‌خۆشخانه‌ و یه‌كه‌ ته‌ندروستیه‌كان ده‌كات، ئه‌وه‌شی تاوه‌كو ئێستا دیاره‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان زیاتر له‌حكومیه‌كان پابه‌ندی رێنماییه‌كان ده‌بن و به‌شێوه‌یه‌كی زانستی پاشماوه‌كانیان له‌ناو ده‌به‌ن.

 ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌، هێشتا كه‌موكوڕی له‌چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی ده‌سته‌ی ژینگه‌ هه‌یه‌ و ده‌بێت سه‌رجه‌م نه‌خۆشخانه‌كان زیاتر پابه‌ندی رێنماییه‌كان بن.

PUKmedia ته‌ها عه‌بدوڵڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket