}

جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان 09:54 PM - 2021-10-13

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13-10-2021 جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ مه‌كۆی سه‌ره‌كی گۆڕان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجامدا و ڕاگه‌یه‌نراوێكی چوار خاڵی بڵاو كرده‌وه‌.

یه‌كه‌م: وه‌ك دروستكردنی پێشینه‌یه‌كی سیاسی نوێ و ڕچه‌شكێن، ڕێكخه‌ری گشتی و ئه‌ندامانی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان پێشكه‌شكرد و به‌رپرسیارێتی ئه‌م قۆناغه‌یان له‌ ژیانی سیاسی له‌ ئه‌ستۆگرت تا دروستكردنی ده‌سته‌یه‌كی كاتی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی بزوتنه‌وه‌كه‌ و ئاماده‌كاری كۆنفرانسی نیشتیمانی، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه‌ جێگای نرخاندنی به‌رزه‌ و وه‌ڵامی ڕاسته‌وخۆی ئیراده‌ی گۆڕانخوازانه‌ بۆ گۆڕانكاری. 

دووه‌م: ستراتیژی بنیاتنانه‌وه‌ی پایه‌كانی قۆناغی نوێ له‌ رێگه‌ی داڕشتنه‌وه‌ی بنه‌ماكانی خه‌باتی سیاسی، دیپلۆماسی، ڕێكخراوه‌یی، میدیایی، گوتاری سیاسی و پرسی به‌شداری گۆڕان له‌ حكومه‌تدا بڕیاریان لێ درا.

سێیه‌م: ئه‌نجامدانی كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ی فراوان له‌گه‌ڵ گۆڕانخوازان بۆ دروستكردنی بڕیاری ده‌سته‌جه‌معی و ده‌ستپێكی قۆناغی هه‌ستانه‌وه‌. هاوكات بۆ نرخاندنی توانا و په‌رۆشی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌ قۆناغێك له‌ قۆناغه‌كاندا هاوكار و پاڵپشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بون، یان نوێنه‌رایه‌تیان كردوه‌ و زیانیان به‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ نه‌گه‌یاندوه‌؛ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ بكرێت و ببنه‌وه‌ به‌ به‌شێك له‌ ستراتیژی بنیادنانه‌وه‌ و داڕشتنه‌وه‌ی متمانه‌.

چواره‌م: ڕاسته‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شێوه‌یه‌كی كاتی نوشستی خواردوه‌، به‌ڵام هه‌موو گۆڕانخوازان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌؛ هه‌ڵه‌كان راست ده‌كه‌ینه‌وه‌ و، ئیراده‌ی به‌خۆداچونه‌وه‌ و چاكسازی و گۆڕانكاری خه‌ڵكی كوردستان سه‌رده‌كه‌وێ.
PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket