}

بافڵ تاڵه‌بانی: گۆڕان به‌شه‌ریكی راسته‌قینه‌ی خۆمان ده‌زانین

کوردستان 06:16 PM - 2021-10-13

وه‌فدێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی بافڵ تاڵه‌بانی سه‌ردانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی كرد.

له‌و سه‌ردانه‌دا كه‌ ھه‌ریه‌ك له‌ ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا، بڕیارده‌ری ده‌سته‌ی كارگێڕی، شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ، ئه‌ژی ئه‌مین، سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاریی هه‌رێم، دكتۆر سۆران جه‌مال تاھیر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، سالار سه‌رحه‌د، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی  یاوه‌رییان ده‌كرد له‌لایه‌ن عومه‌ر سه‌ید عه‌لی، رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ژماره‌یه‌ك ھه‌ڵسوڕاو پێشوازیكران و له‌دانیشتنێكدا گفتوگۆكرا له‌باره‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ھه‌ڵبژاردن و  په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و گۆڕان و خۆئاماده‌كردن بۆ ئه‌گه‌ر و پێشھاته‌كان.

بافڵ تاڵه‌بانی له‌ دیداره‌كه‌دا روونیكرده‌وه‌ یه‌كێتی، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ شه‌ریكی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌زانێت  و وه‌ك ھاوبه‌شێكی سیاسی گرنگ ده‌مانه‌وێت پێكه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی سیاسی بگۆڕین و داكۆكی له‌مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین. ووتیشی ده‌مانه‌وێت پێكه‌وه‌ پرۆژه‌ی نوێمان ھه‌بێت و به‌دیدێكی نوێوه‌ كاربكه‌ین بۆ كوردستانه‌كه‌مان.

ھاوسه‌رۆك راشیگه‌یاند: ئه‌و كورسیانه‌ی هاوپه‌یمانی كوردستان به‌ده‌ستیھێناوه‌ به‌رھه‌می ھه‌وڵی گۆڕان و یه‌كێتی بوو كه‌ به‌و ژماره‌ كاندیده‌وه‌ ده‌چێته‌ به‌غدا بۆ داكۆكیكردن له‌ به‌رنامه‌ی كوردستانیی ‌و زامنكردنی شایسته‌ دارایی ‌و سیاسییه‌كانی كوردستان به‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كانیشه‌وه‌، ئه‌ركی داكۆكیكردنی له‌ مافه‌كانی گه‌لی كوردستانی گرتۆته‌ ئه‌ستۆ ‌و به‌ یه‌كریزی هاوپه‌یمانی ‌له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی دیكه‌ی كورد ده‌توانین خۆشگوزه‌رانی زیاتر و ئارامی دابینبكه‌ین.

ھه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی روونیكرده‌وه‌، له‌ژیانی سیاسیدا حزب به‌زۆر ھه‌ورازو نشێودا ده‌ڕوات، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتی و گۆڕان له‌چوارچێوه‌ی ھاوپه‌یمانی كوردستان به‌ره‌ و پرۆژه‌ی سیاسی ھه‌نگاوبنێین و خه‌ونی كاك نه‌وشیروان  و سه‌رۆك مام جه‌لال جێبه‌جێبكه‌ین بۆ گۆڕینی سیسته‌می سیاسی و  پرۆژه‌ی ھاوبه‌شیشمان ھه‌بێت بۆ چاكسازی و زیاتر خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و گۆڕانكاریی ریشه‌یی له‌ ئیداره‌دان، به‌ڕێوه‌بردن، چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكوڕییه‌كان، گله‌یی و ره‌خنه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكیش به‌ھه‌ند وه‌ربگرین و بیكه‌ینه‌ ده‌ستمایه‌ی سه‌ركه‌وتنی داھاتوومان.

ھاوسه‌رۆك دووپاتیشكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ براكانیان له‌ گۆڕان پێكه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و كار بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر ده‌كه‌ن.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket