}

قوباد تاڵه‌بانی: ده‌بێت به‌هێزی یه‌كێتی و گۆڕان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ڕه‌نگبداته‌وه‌

کوردستان 05:56 PM - 2021-09-27

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 27-9-2021، به‌ ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان و كاندیدانی هاوپه‌یمانی كوردستان و چه‌ندین به‌رپرسی حزبی و كادیرو ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ شاره‌زوور كه‌رنه‌ڤاڵی ناساندنی كاندیدانی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ شاره‌زوور به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ سه‌ره‌تای كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌شدا چرۆ حه‌مه‌شه‌ریف كاندیدی ژماره‌ 20 له‌ بازنه‌ی 3 له‌ هاوپه‌یمانی كوردستان له‌به‌رده‌می جه‌ماوه‌ری ئاماده‌بوو خۆی ناساندو داوای له‌ هاووڵاتییانی سنووره‌كه‌ كرد، متمانه‌ی خۆیانی پێشببه‌خشن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بكات.

پاشان قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند: هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ دوو هێزی سه‌ره‌كی پێكدێت كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ له‌ژێر چه‌تری هاوپه‌یمانی كوردستانداو له‌سه‌ر رێبازه‌ مه‌زنه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروانه‌، و ده‌یه‌وێت به‌ به‌هێزییه‌وه‌ بچێته‌ به‌غداو شه‌ڕی بودجه‌و مووچه‌و به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستوریی و یاساییه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان بكات. 

وتیشی: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ په‌یوندی به‌ چاره‌نووسی كورده‌وه‌ هه‌یه‌ بۆیه‌ داواتان لێده‌كه‌ین، له‌ رۆژی 10ی 10 هه‌مووتان بچنه‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ به‌ هاوپه‌یمانی كوردستان و كاندیده‌كانی بده‌ن تا بتوانین زۆرترین كاندید بنێرینه‌ په‌رله‌مانی عیراق و له‌وێ به‌ به‌هێزییه‌وه‌ به‌رگری له‌ مافه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان بكه‌ین .

قوباد تاڵه‌بانی راشیگه‌یاند: ناوچه‌كه‌ له‌ گۆڕانكاری به‌ده‌وامدایه‌و له‌ چوار ساڵی داهاتووشدا گۆڕانكاری زۆر گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا رووده‌دات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ وه‌ك كورد له‌ به‌غدا یه‌كڕیز و یه‌ك ده‌نگ و به‌هێزبین ده‌توانین به‌ به‌هێزییه‌وه‌ به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان بكه‌ین و به‌یه‌كڕیزی و یه‌ك ده‌نگی له‌ به‌غدا شه‌ڕی به‌ده‌ستهێنانی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم بكه‌ین و پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌و مووچه‌ به‌ده‌ستبهێنین كه‌ ئه‌مه‌ش هۆكارێكی سه‌ره‌كی ده‌بێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری زیاتر بۆ ناوچه‌كه‌.

PUKmedia تایبه‌ت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket