riklam

قوباد تاڵه‌بانی: یه‌كێتی له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌ و ململانێ سیاسیه‌كاندایه‌

کوردستان 03:59 PM - 2021-09-27

ئه‌‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27-9-2021، قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌‌ بینای ھاوپه‌‌یمانی كوردستان له‌‌ شاری سلێمانی پێشوازی كرد له‌وه‌فدێكی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌).

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌‌ دكتۆر سۆران جه‌‌مال تاھیر ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای هاوپه‌یمانی كوردستان ئاماده‌‌ی بوو گفتوگۆكرا له‌باره‌ی دوایین گۆڕانكارییه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عیراق و ناوچه‌كه‌ و پرسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارته‌ كوردستانییه‌كاندا. 

له‌و دیداره‌دا ئاماژه‌ به‌رۆڵی گرنگی سه‌رۆك مام جه‌لال درا له‌دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵ پارته‌ سیاسیه‌كانی تردا له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستن و به‌رگری كردن له‌مافه‌كانی گه‌لی كورد، له‌وباره‌یه‌وه‌ قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا له‌م قۆناغه‌دا وه‌ك یه‌كێتی بۆیه‌ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆران ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌مان به‌ستووه‌ تا یه‌كڕیزی به‌دی بهێنین وه‌ك دوو هێزی سیاسی كاریگه‌ری سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی ناوچه‌كه‌، له‌پێناو پاراستنی مافی هاووڵاتیانی كورد.

وه‌فده‌كه‌ی هه‌ده‌په‌ خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌وه‌ی یه‌كێتی و گۆران ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌یان پێكهێناوه‌ و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا یه‌ك وتارن كه‌ئه‌مه‌ش به‌قازانجی گه‌لی كورد ده‌بێت و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن و راشیگه‌یاند كه‌ پشتیوانی ھاوپه‌‌یمانی كوردستانن.

له‌‌ كۆبوونه‌‌وه‌‌كه‌‌ ئاماژه‌‌ به‌وه‌درا كه‌پێویسته‌ به‌گرتنه‌به‌ری شێوازێكی حه‌كیمانه‌ مامه‌ڵه‌ بكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌ هه‌نوكه‌ییه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و هه‌ده‌په‌ پته‌وتر بكرێن.

قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سیاسه‌تێكی نه‌گۆڕی هه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر دۆزی كورد و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ گرتنه‌به‌ری شێوازی گفتوگۆ و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌ و ململانێ سیاسیه‌كاندایه‌ به‌وشێوازه‌ی كه‌ رێزگرتن له‌ماف و داخوازییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد بكرێته‌ بنه‌مای سه‌ره‌كی.

جێی باسه‌ وه‌فده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی گه‌لان هه‌ده‌په‌ پێكهاتبوون له‌به‌رێزان مه‌رال داناش به‌شتاش سه‌رۆكی كۆما هه‌ده‌په‌ له‌ په‌رله‌مانی توركیا، مه‌حمود تۆخرۆل ئه‌ندامی رێڤه‌به‌ری ئه‌نجومه‌نی گشتی له‌توركیا، ساڤاش ئیزلیركین وحیكمه‌ت هاتیپ نوێنه‌رانی هه‌ده‌په‌ له‌ باشوری كوردستان.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket