}

له‌په‌رله‌مانی عیراق ئیمزا له‌دژی كۆنگره‌كه‌ی هه‌ولێر كۆده‌كرێته‌وه‌

عیراق 05:52 PM - 2021-09-26

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانی عیراق، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 26ی ئه‌یلولی 2021 جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڵمه‌تێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزا ده‌ستیپێكردووه‌ به‌مه‌به‌ستی سازدانی دانیشتنێكی نائاسایی له‌باره‌ی كۆنگره‌ی "السلام والاسترداد" كه‌ پێش دوو رۆژ له‌هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

رۆژی هه‌ینی رابردوو 24ی ئه‌یلولی 2021 ژماره‌یه‌ك له‌كه‌سایه‌تی عیراقی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌شاری هه‌ولێر سازكردو داوای ئاسایكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییان كرد له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی توندی له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌كاندا به‌دوای خۆیدا هێنا.

سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ په‌رله‌مانتار حه‌سه‌ن ئالی، په‌رله‌مانتاری عیراق له‌ له‌فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند كه‌ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار داوایان كردووه‌ دانیشتنێكی تایبه‌ت ساز بكرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی كۆنگره‌ی "السلام والاسترداد" كه‌ تێیدا بانگه‌وازی ئه‌وه‌كرابوو په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ڵمه‌تێك بۆ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزا ده‌ستیپێكردووه‌و به‌رده‌وامیش ئیمزاكان زیاد ده‌كه‌ن. 

راشیگه‌یاند: به‌گوێره‌ی یاساو ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق، بانگه‌وازی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ عیراقییانه‌ له‌هه‌ولێره‌وه‌ بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل مه‌حاڵ و ره‌تكراوه‌یه‌، پێشبینیش ده‌كرێت ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ئه‌م پرسه‌ كۆببێته‌وه‌. 

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket