}

قوباد تاڵه‌بانی: چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ موزایه‌ده‌ نابێت

کوردستان 05:16 PM - 2021-09-26

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 26-9-2021، به‌ ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان و كاندیدانی هاوپه‌یمانی كوردستان و چه‌ندین كادیری حزبی و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌كێتیی نیشیتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌رنه‌ڤاڵی جه‌ماوه‌ری هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ "پایته‌ختی ئاشتی"، به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند: ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی پایته‌ختی ئاشتین و ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ به‌ هاووڵاتییانمان بڵێین كه‌ وه‌ك یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ له‌ هاوپه‌یمانی كوردستان پێكه‌وه‌ به‌ یه‌ك تیمی به‌هێز و كاریگه‌ر بچینه‌ به‌غداو به‌ دروشمی "به‌یه‌كه‌وه‌ به‌هێزترین"، به‌رگری له‌ مافه‌ ره‌واكانی میلله‌ته‌كه‌مان بكه‌ین.

قوباد تاڵه‌بانی راشیگه‌یاند: ئێمه‌ به‌ سه‌دان سه‌عات له‌ به‌غدا گفتوگۆو دانوستانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد، له‌ پێناوی دابینكردنی مووچه‌و بودجه‌ بۆ میلله‌ته‌كه‌مان، هه‌ربۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ به‌غدا ده‌رگا نه‌ما لێی نه‌ده‌ین، تاتوانیمان مووچه‌و بودجه‌ی هه‌رێم ده‌سته‌به‌ربكه‌ین كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێك بوو له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌وه‌ ئێمه‌بووین چاره‌سه‌رمان كرد، هه‌روه‌ها وتی: ئێمه‌ سه‌ركه‌وتووبووین له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا، كه‌ پێشتر به‌ سیاسه‌تی ناحه‌كیمانه‌و هاشوهوش ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ نه‌مابوون و هه‌رێمی كوردستان كه‌وتبووه‌ قه‌یرانێكی قوڵی دارایی و كاریگه‌ری له‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی وڵات كردبوو .

وتیشی: چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ موزاده‌و هاوشوهوش نابێت، به‌ڵكو پێویستمان به‌ سیاسیه‌تێكی حه‌كیمانه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنیان، هه‌روه‌ها وتیشی: له‌ماوه‌ی سه‌ردان و دانوستانه‌كانمان له‌ به‌غدا خه‌ڵكانێك هه‌بوون هانی لایه‌نه‌ عیراقییه‌كانیان ده‌دا رێنه‌كه‌ون له‌ گه‌ڵمان.

قوباد تاڵه‌بانی له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی خۆشه‌ویست ئێمه‌ له‌ نزیكه‌وه‌و به‌وردی ئاگاداری كێشه‌و داواكارییه‌كانی ئه‌م سنووره‌ین، بۆیه‌ بۆ چارسه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ پێویستمان به‌ بودجه‌یه‌كی شایسته‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌م شاره‌، وتیشی: ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ی تائێستا بۆ ئه‌م سنووره‌ كراوه‌ له‌ ئاست قوربانیدانی هاووڵاتییانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ نه‌بێت، به‌ڵام به‌ڵێنتان پێده‌ده‌ین هه‌ڵه‌بجه‌ چۆن هه‌میشه‌ پێشه‌نگ بووه‌ له‌ قوربانیدان بووه‌ له‌ ئاینده‌دا له‌ ئاوه‌دانی و به‌ره‌و پێشچوون و گه‌شه‌كردن پێشه‌نگ ده‌بێت.

وتیشی: ئێمه‌ وه‌ك هاوپه‌یمانی كوردستان به‌ دروشمی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌هێزترین پلانی زۆرمان هه‌یه‌ بۆ وڵاته‌كه‌مان، كه‌ پلانی یه‌كه‌ممان یه‌كڕیزی و یه‌ك ده‌نگییه‌، هه‌روه‌ها پلانی دووه‌ممان به‌ده‌ستهێنانی بودجه‌و مووچه‌و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌، پلانی سێیه‌ممان خزمه‌تكردنی زیاتری هاووڵاتییانی هه‌رێمه‌كه‌مانه‌، پلانی چواره‌میشمان سه‌قامگیرییه‌ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی زیاتری وڵاته‌كه‌مان، بۆیه‌ داواتان لێده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانمان  له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق له‌ 10ی 10 هه‌موو پێشكه‌وه‌ بچنه‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان ده‌نگ به‌ هاوپه‌یمانی كوردستان بده‌ن و سندوقه‌كانی ده‌نگدان پڕ بكه‌ن له‌ ده‌نگ بۆ هاوپه‌یمانی كوردستان.

PUKmedia تایبه‌ت 
 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket