}

سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراق له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ی هه‌ولێر هاته‌ ده‌نگ

عیراق 06:20 PM - 2021-09-25

سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراق ئه‌مڕ‌ۆ شه‌ممه‌ 25-9-2021، له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا هه‌وڵه‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ڕ‌ه‌تده‌كرده‌وه‌و سه‌رله‌نوێیش هه‌ڵوێستی پاڵپشتی بۆ دۆزی فه‌ڵه‌ستین دووپاتده‌كاته‌وه‌.

وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌ڕ‌اگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرایكردووه‌، له‌كاتێكدا سه‌رۆكایه‌تی كۆمار جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕ‌اوه‌ی عیراق به‌پاڵپشتیكردنی دۆزی فه‌ڵه‌ستین وجێبه‌جێكردنی ته‌واوی مافه‌ ڕ‌ه‌واكانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین، ئه‌وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا به‌ته‌واوه‌تی پرسی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ڕ‌ه‌تده‌كاته‌وه‌،وداوای ڕ‌ێزگرتن له‌خواستی عیراقییه‌كان وبڕ‌یاری سه‌ربه‌خۆی نیشتمانیان ده‌كات. 

ڕ‌اگه‌یه‌نراوه‌كه‌ وتیشی: "كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مدواییه‌ كه‌بۆ ورووژاندنی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ سازكرا، نواندنی خه‌ڵك و دانیشتوانی شاره‌ عیراقییه‌كان ناكات، به‌ڵكو ته‌نها نواندنی هه‌ڵوێستی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ به‌شداریان تیایدا كردووه‌، بگره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵێكه‌ بۆ تێكدانی ڕ‌ه‌وشی گشتی و به‌ئامانج گرتنی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی".

له‌و ڕ‌اگه‌یه‌نراوه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌،"سه‌رۆكایه‌تی كۆمار داوای دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ورووژاندنی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ ده‌كات، چونكه‌ له‌رووی نیشتمانپه‌روه‌ری و یاساییه‌وه‌ ڕ‌ه‌تكراوه‌یه‌ و هه‌ستی عیراقییه‌كان بریندار ده‌كات، له‌كاتێكدا ده‌بێت ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنێكی پاك وخاوێن بگه‌ین بۆ پشتیوانیكردنی ڕ‌ێره‌وی نیشتمانی له‌عیراق له‌پێناو گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی ژیانێكی سه‌ربه‌ست وشكۆمه‌ندانه‌ بۆ هه‌موو عیراقییه‌كان".

PUKmedia سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراق 


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket