}

قوباد تاڵه‌بانی: به‌رده‌وامده‌بین له‌ ره‌خساندنی هه‌لی كاری زیاتر بۆ گه‌نجان

کوردستان 05:46 PM - 2021-09-25

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 25-9-2021، به‌ ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ندین به‌رپرسی حكومی و حزبی، ئاهه‌نگی ده‌رچووانی زانكۆی ئه‌مریكی له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو.

هه‌رله‌و ئاهه‌نگه‌دا قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ لێره‌ین له‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌ سلێمانی بۆ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی ژماره‌یه‌ك خوێندكار كه‌ له‌ پاشه‌ڕۆژدا ئه‌م وڵاته‌ ده‌توانێت سود له‌ تواناكانیان وه‌ربگرێت، رۆڵی گرنگ بگێڕن له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان و عیراقدا.

قوباد تاڵه‌بانی راشیگه‌یاند: زانكۆی ئه‌مریكی كه‌ناوی گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین وڵاتی هه‌ڵگرتووه‌، به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدانه‌، بۆیه‌ ده‌بێت شانازییه‌كی گه‌وره‌ی پێوه‌بكه‌ین، كه‌ له‌ ئێستادا گه‌نجانمان له‌م زانكۆیه‌ به‌زانستێكی سه‌رده‌میانه‌و به‌شێوازێكی مۆدێرن راده‌هێنرێن و په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن بۆ خزمه‌تكردنی وڵاته‌كه‌مان.

جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌ێم وتیشی: كوردستان و عیراق پێویستی به‌ تواناكانی خوێندكارانی ده‌رچووی زانكۆی ئه‌مریكی و سه‌رجه‌م زانكۆكانی تری كورستان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌م خوێندكارانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌رده‌چن و بڕوانامه‌یان پێده‌درێت ده‌توانن رۆڵیان هه‌بێت له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان.

 ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بن له‌ره‌خساندنی هه‌لی كاری زیاتر بۆ ده‌رچووانی زانكۆو په‌یمانگاكان، وتیشی: پێویسته‌ نوێگه‌ری و داهێنان له‌ بواری خوێندنی باڵادا بكرێت و زانكۆكانمان به‌ بازاڕی كاره‌وه‌ گرێ بدرێن.

هه‌روه‌ها وتی: گه‌نجانی ئه‌مڕۆ داهاتووی وڵاتن، بۆیه‌ ده‌بێت گرنگی زیاتر به‌ خۆپه‌روه‌رده‌كردن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی خۆیان بده‌ن به‌ زانست و پێشكه‌وتنی سه‌رده‌م، تاكو بتوانن رۆڵی گرنگ و كاریگه‌ریان هه‌بێت له‌ خزمه‌تكردن و بنیاتنانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان.

قوباد تاڵه‌بانی رووی كرده‌ خوێندكارانی ده‌رچووی زانكۆی ئه‌مریكی و پێی راگه‌یاندن عیراق و كوردستان پێویستی به‌ تواناكانی ئێوه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌بێت رۆڵتان هه‌بێت له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی عیراق و كوردستان، داواشتان لێده‌كه‌م به‌شداری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگدانی ئه‌مجاره‌ چاره‌نووسسازه‌ بۆ وڵاته‌كه‌مان ده‌تووانن له‌ رێگه‌ی ده‌نگه‌كانتانه‌وه‌ ژیانێكی باشتر بۆ خۆتان دابین بكه‌ن.

PUKmedia     

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket