riklam

چوار ساڵ دوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول

کوردستان 08:18 AM - 2021-09-25

چوار ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017دا تێدەپەڕێت، هەرچەندە زۆرینەی خەڵكی كوردستان بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆی كوردستاندا، بەڵام دوای رۆژێك ریفراندۆمەكە سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێم رایگەیاند: ئەم ریفراندۆمەی ئەنجامدراوە نە بۆ فەرزكردنی ئەمری واقعەو نە بۆ دیاریكردنی سنوورە. مانگێك دوای ریفراندۆمەكەش سەرۆكی ئەوكاتەی حكومەت لەدرەنگانێكی شەودا لەڕێی پەیامێكەوە بۆ بەغدا ئەنجامەكەی سڕكردو داوای گفتوگۆی كرد.

ئەمڕۆ 25ی ئەیلولی 2020 چوار ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017دا تێدەپەڕێت كە هەرچەندە ئەوكاتە زۆرینەی وڵاتانی جیهان و ئەوروپا داوایان لەسەركردایەتی ئەوكاتەی ریفراندۆم كرد كاتی ئەنجامدانی نیەو دوای بخەن، تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش بەدیلێكی لەبری ئەنجامدانی ریفراندۆم پێشكەش كرد، بەڵام لەلایەن كۆمیتەی ریفراندۆمەوە رەتكرایەوە.

رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 زۆرینەی خەڵكی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان دەنگیان بە "بەڵێ" دا بۆ سەربەخۆی كوردستان و بەپێی ئەنجامەكەشی كە دوای كۆتاییهاتنی پرۆسە دەنگدان لەلایەن  كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستانەوە راگەیەنرا رێژەی بەشداری گشتی بۆ ریفراندۆم 72.16% بوو.

رۆژی 26ی ئەیلولی 2017، واتە رۆژێك دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوەو تیایدا سوپاسی خەڵكی كوردستانی كرد بۆ دەنگیاندانیان، راشیگەیاند: ئەم ریفراندۆمەی ئەنجامدراوە نە بۆ فەرزكردنی ئەمری واقعەو نە بۆ دیاریكردنی سنوورە، بەڵكو بۆ ئەوە بوو گەلی كوردستان بەشێوەیەكی دیموكراتی و ئاشتیانە رای خۆی لەبارەی چارەنوسی خۆی دەرببڕێت.

هەر لەپەیامەكەیدا بارزانی داوای دانەخستنی دەرگای گفتوگۆی لەحكومەتی عیراق و بەغدا كردو وتی: جارێكی تر داواتان لێ دەكەم وەرن با بەگفتوگۆ چارەسەری كێشەكان بكەین، داوا لە بەڕێز حەیدەر عەبادی و هەموو هێزو لایەنەكانی عیراقی دەكەم، ئەوانەی بڕوایان بەگفتوگۆ هەیە دەرگەی حیوار دانەخەن چونكە تەنیا حیوارو گفتوگۆ چارەسەرە.

سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێم بەهەمان شێوە چۆن داوای گفتوگۆی لەگەڵ بەغدا كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی دڵنیا كردەوەو رایگەیاند: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دڵنیا دەكەینەوە كە ئێمە لە ئێستاوە ئامادەی گفتوگۆی جددین بۆ چارەسەر كێشەكان لەگەڵ بەغدا، جەخت لەوەشدەكەینەوە كە بەشێكی كاریگەر دەمێنینەوە لەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی تیرۆر.

بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە، تەنها چەند رۆژێك دوای 25 ئەیلولی 2017، حكومەتی عیراق سەرجەم گەشتەئاسمانییەكانی بەڕووی فڕۆكەخانەكانی هەرێمدا داخست و وڵاتانی دراوسێ دەروازە سنورییەكانیان بەڕووی هەرێمدا داخست، دواتریش حكومەتی عیراق لەڕێی هێزی سەربازییەوە گەڕایەوە ناوچە جێناكۆكەكان.

هەر بەهۆی لێكەوتەكانی ریفراندۆمەوە، درەنگانێگی شەوی 24ی ئۆكتۆبەری 2017 حكومەتی ئەوكاتەی هەرێم كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی بوو راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئەنجامەكانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی سڕكردو داوای گفتوگۆی لەحكومەتی عیراق كرد كە ئەوكاتە حەیدەر عەبادی سەرۆكی وەزیرانی بوو.

لەراگەیەنراوەكەی حكومەتی هەرێمدا هاتبوو: ئەو بارودۆخە گرژو مەترسیدارەی روبەڕووی عیراق و كوردستان بۆتەوە، هەمووان ناچار دەكات لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی مێژووییدا بین و رێگا نەدەین بارودۆخەكە زیاتر بەرەو شەڕو پێكدادان بچێت لەنێوان هێزە عیراقییەكان و پێشمەرگەدا، بۆیە لەڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر گەلی كوردستان و عیراق، پیشنیار بۆ حكومەت و رای گشتی عیراق و جیهان دەكەین بەسڕكردنی ئاكامی ریفراندۆم كە لە كوردستانی عیراق ئەنجامدرا، هەروەها دەستپێكردنی دیالۆگی كراوە لە نێوان حكوومەتی هەرێم  و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستووری عیراق.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket