riklam

شرۆڤەكاری سیاسی: عیراق بۆ پێگەی ستراتیژی خۆی دەگەڕێتەوە

عیراق 05:56 PM - 2021-09-23

شرۆڤەكارێكی سیاسی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئەیلولی 2021 جەختی لەسەر گرنگی بەشداربوون لەكۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كردەوە و ئاماژەشیدا كە عیراق بۆ پێگەی سروشتی و ستراتیژی خۆی دەگەڕێتەوە.

لەو بارەیەوە، واسق ئەلجابری شرۆڤەكاری سیاسی لەمیانی لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia رایگەیاند: ئامادەبوونی عیراق و خودی سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ساڵح لەدانیشتنەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەنیۆیۆرك یەكجار گرنگ بوو بەو پێیەی عیراق یەكێكە لەوڵاتە كاریگەرەكان لەسەر ساحەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، روونیشی كردەوە كە عیراق لەو ماوەیەی رابردوودا و لەدوای شكستی داعش و لەڕێگەی هەوڵە دیپۆماسییەكانی توانی بگەڕێتەوە بۆ پێگەی سروشتی و ستراتیژی خۆی و هەروەها توانیشی لەكۆنگرەی لوتكەی بەغدا تێڕوانینەكان لەنێو وڵاتانی ناوچەكە لەیەكتر نزیك بكاتەوە.

راشیگەیاند: لەئێستادا عیراق هەوڵ دەدات دوور لەو ململانێیانەی لەرابردوودا هەبوو، خۆی خۆشەویست بكات و لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نزیك بێتەوە، عیراق لەچارەسەركردنی زۆربەی كێشە هەرێمایەتییەكاندا یەكێكە لەدەوڵەتە كاریگەرەكان، لەوانە كێشەی ئاسایش و ئاو.

جەختیشی كردەوە ئەو كۆبوونەوانەی د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار لەگەڵ بەشێك لەسەرانی وڵاتان لەپەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كردی دەرئەنجامی باشی دەبێت كەخۆی لە ژمارەیەك رێككەوتننامە دەبینێتەوە لەپێناوی بەرژەوەندی وڵات و ناوچەكە.

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، رۆژی سێشەممە 21ی ئەیلولی 2021 بەشداریكرد لەكردنەوەی كارەكانی خوولی (76)هەمینی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەنیۆیۆرك، هەر لەپەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆكی ئەمریكاو ژمارەیەكی تر لەسەرۆكانی وڵاتانی دیكە كۆبوەوە لەنێویاندا سەرانی وڵاتانی ئێران و توركیا.

واش بڕیارە سەرۆك كۆمار ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئەیلولی 2021 لەمیانی دانیشتەكانی كۆمەڵەی گشتیدا وتەی عیراق پێشكەش بكات و تێیدا بەڕێزیان باس لەپەرەسەندنەكانی عیراق و ژمارەیەك پرسی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی گرنگ بكات. 
لەو بارەیەشەوە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆمار بڵاویكردەوە كاتی وتەكەی سەرۆك كۆمار لەنێوان سەعات 7 بۆ 9 دەبێت و ئەوەش بەگوێرەی وتەكان و كاتەكانیان دەبێت و جەختیشی كردەوە كۆتا نوێكردنەوە لەبارەی كاتەكانەوە لەكاتێكی گونجاودا رادەگەیەنرێت.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket