}

كێشه‌ی به‌شێكی زۆری كاسبكارانی سلێمانی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت

کوردستان 04:22 PM - 2021-09-21

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21-9-2021، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رپه‌رشتیاری مه‌ڵبه‌ندی (1)ی رێكخستنی سلێمانی(ی.ن.ك)، له‌باره‌گای مه‌ڵبه‌ند پێشوازیكرد له‌ ژماره‌یه‌ك كاسبكار و دوكانداری ناوبازاڕی زێوه‌ر و ده‌بۆكه‌ی شاری سلێمانی، كه‌ به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی چه‌ند كێشه‌ و داواكارییه‌ك سه‌ردانیان كردبوو.

له‌ دیدارێكدا كاسبكار و دوكانداره‌كانی ناوبازاڕی سلێمانی رایانگه‌یاند: كه‌ شاره‌وانی سلێمانی موزایه‌ده‌یان به‌سه‌ردا كردوون و بڕیاری وه‌رگرتنه‌وه‌ی دوكانه‌كانیان دراوه‌ و كرێی مانگانه‌یان له‌سه‌ر زیاد كردوون، ئه‌وه‌ش بۆته‌ گرفتێكی گه‌وره‌ له‌ به‌رده‌م كاسبكاراندا.

به‌وته‌ی ئه‌و كاسبكارانه‌، خاوه‌ندارێتی و شوێنی كاركردنی ژماره‌یه‌كیان له‌و دوكانانه‌دا بۆ 80 ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ داوایان كرد خاتوو شاناز به‌ده‌نگ خواست و كێشه‌كانیانه‌وه‌ بچێت تا هیچ بڕیارێك دژی به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان و خێزانه‌كانیان نه‌درێت.

لای خۆیه‌وه‌، شاناز ئیبرایم ئه‌حمه‌د، دوای ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ گوێی بۆ كێشه‌ و داواكارییه‌كانیان گرت، پشتگیری خۆی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ و داواكارییه‌كانیان دووپاتكرده‌وه‌، وتیشی:"ئاگاداری خه‌م و كێشه‌كانتانم و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گفتوگۆمان كردووه‌، بۆئه‌وه‌ی ره‌چاوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی ئێوه‌ی كاسبكار و خێزانه‌كانتان بكرێت، دڵنیابن رێگه‌ به‌ كه‌س ناده‌ین غه‌درتان لێ بكات".

له‌باره‌ی ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌یانه‌وه‌، عه‌لی چاوڕه‌ش یه‌كێك له‌ نوێنه‌ره‌كانی دوكاندار و كاسبكارانی ناوبازاڕی سلێمانی وتی: "كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و گرفتمان هه‌بوو كه‌ ئه‌مڕۆ خستمانه‌ به‌رده‌م شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بكات، جێگه‌ی دڵخۆشییه‌ كه‌ خاتوو شاناز كێشه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ر كردین و كاره‌كه‌ی بۆ جێبه‌جێكردین". 

لای خۆشیه‌وه‌، دڵشاد حاجی محه‌مه‌د كه‌ وه‌كو نوێنه‌ری كاسبكار و دوكاندارانی بازاڕی زێوه‌ری دوو به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ كردبوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: وه‌كو ژماره‌یه‌ك دوكانداری ناوبازاڕی شاری سلێمانی، سه‌ردانی خاتوو شاناز-مان كرد و ته‌واوی كێشه‌ و داواكارییه‌كانمان پێگه‌یاند، ئه‌ویش به‌وپه‌ڕی دڵسۆزی و خه‌مخۆرییه‌وه‌، به‌ڵێنی پێداین كێشه‌كه‌نمان بۆ چاره‌سه‌ر بكات.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket