riklam

ژمارەیەك سەركردایەتی پارتی پارێزگاران سەنگەریان بۆ ریزەكانی یەكێتی گواستەوە

کوردستان 04:16 PM - 2021-09-21

ئەمڕۆ سێ شەممە 21ی 9ی 2021، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی رێكخستنی سلێمانی (ی.ن.ك)، پێشوازیكرد لەژمارەیەك لەئەندامی سەركردایەتی پارتی پارێزگارانی كوردستان كە بڕیاریانداوە سەنگەری خەبات بۆ ریزەكانی یەكێتی بگوێزنەوە.

لەدیدارەكەدا رۆڵ و پێگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك حزبێكی كاریگەری سەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە خرایەڕوو، ئاماژە بەوەشكرا كەهەر یەكێتییە لەخەمی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەكاندایە.

لەوبارەیەوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەستخۆشی لەو هەڤاڵانەی سەركردایەتی پارتی پارێزگارانی كوردستان كرد كەبڕیاریانداوە پەیوەندیی بەریزەكانی یەكێتیەوە بكەن و لەم حزبە تێكۆشەرەدا درێژە بەخەباتی خۆیان بدەن و پەیڕەوی سیاسەتی یەكێتی بكەن. 

راشیگەیاند: یەكێتی هەردەم دەرگای واڵایە لەبەردەم ئەو خەباتكار و تێكۆشەرانەدا كەباوەڕیان بەپەیڕەو و پرۆگرامی ئەم حزبە هەیە و دەیانەوێ لەنێو ریزەكانیدا شكۆی یەكێتی بوون بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن، وتیشی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەگرنگییەوە دەڕوانێتە ئەم هەنگاوەی ئەو هەڤاڵانە گرتویانەتەبەر. 

لەگەڵ دەستپێكی دەستبەكاربوونیشیاندا لەریزەكانی یەكێتی دا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوای لێكردن هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ سەرخستنی پەیامی هاوپەیمانی كوردستان و كاندیدەكانی، چونكە هاوپەیمانی كوردستانە لەخەمی پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی و یەكدەنگی و یەك گوتاریدایە، بەهەوڵی كاندیدەكانیشی دەتوانێ پێگەو دەنگی كورد لەبەغداد بەهێز بكات و پرۆژەو خزمەت و شایستە داراییەكان بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەدیبهێنێت. 

لەبەرامبەردا ئەو ئەندامانەی سەركردایەتی پارتی پارێزگارانی كوردستان، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند"مایەی شانازییە كە ئێمە لەلایەن شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە پێشوازیمان لێكراو شەرەفی ئەوەمان پێدرا كە بێینە ناو ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، ئێمە وەكو لە (90%)ی سەركردایەتی و بنكەی جەماوەریی پارتی پارێزگارانی كوردستان پەیمان دووپات دەكەینەوە، كە بە هەموو توانامانەوە لە خزمەتی سەرخستنی لیستی هاوپەیمانیی كوردستاندا دەبین."

راشیانگەیاند: تەنیا یەكێتییە كە ئەمڕۆ بتوانێت بەرگری لەمافە رەواكانی خەڵك بكات و خزمەتكردنی خەڵك لەپێشینەی كارەكانی بێت.

ئەو ئەندامانەی سەركردایەتی پارتی پارێزگارانی كوردستان كە سەنگەری خەباتیان بۆ ریزەكانی یەكێتی گواستۆتەوە، رایانگەیاند لەمڕۆ بەدواوە، بە مەبدەئێكی راستەقینەوە لە خزمەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دا دەبین.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket