riklam

قوباد تاڵه‌بانی: هاوپه‌یمانی كوردستان كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی كورد ده‌كات

کوردستان 01:52 PM - 2021-09-20

قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان،  ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ی ئه‌یلول، به‌ئاماده‌بوونی ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ و سه‌فین مه‌لا قه‌ره‌ له‌گه‌ڵ بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ هه‌ولێر كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ كاندیده‌كانی هاوپه‌یمانی كوردستان ئاماده‌ی بوون، گفتۆگۆكرا له‌باره‌ی رێڕه‌وی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و جه‌خت له‌ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری و پێشێلنه‌كردنی یاسا و رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان كرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها باس له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌نجامدانی مه‌ڕاسیمی ناساندنی كاندیده‌كانی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ هه‌ولێر كرا.

كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌یامه‌كانی هاوپه‌یمانی كوردستان زیاتر و باشتر بگه‌یه‌نرێن به‌ هاووڵاتییان له‌ پێناو به‌رچاو روونی زیاتر كه‌ هاوپه‌یمانی كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی كورد ده‌كات و له‌توانایدایه‌ له‌به‌غدا رێككه‌وتن بكات بۆ زامنكردنی ماف و شایسته‌كانی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان.

ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی بانگه‌شه‌ی هاوپه‌یمانی له‌بازنه‌كانی هه‌ولێر قسه‌ی كرد و پلانه‌كانی رۆژانی داهاتووی بۆ ئاماده‌بووان شیكرده‌وه‌.

دواتر سه‌فین مه‌لا قه‌ره‌ ئاماژه‌ی به‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی و گۆڕان كرد كه‌ له‌ ئاستێكی باشدایه‌ و پێكه‌وه‌كار بۆ سه‌رخستنی هاوپه‌یمانی كوردستان و كاندیده‌كانی ده‌كه‌ن.

قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌؛ به‌یه‌كه‌وه‌ له‌به‌غدا به‌هێزتر ده‌بین و ده‌توانین هه‌موو ئه‌و په‌یام و به‌ڵێنانه‌ی كه‌ به‌هاووڵاتیانمان داوه‌ به‌ده‌ستیان بهێنین بۆیه‌ داواتان لێده‌كه‌م زیاتر كار له‌سه‌ر گه‌یاندنی په‌یامی هاوپه‌یمانی كوردستان بكه‌ن كه‌ له‌پێناوی یه‌كڕیزی و زامنكردنی مووچه‌و خزمه‌تگوزاری باشتر و سه‌قامگیری.

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان رایگه‌یاند ده‌بێ كاربكرێت تا تێكۆشه‌رانی یه‌كێتی و گۆڕان له‌شاری هه‌ولێر رۆڵی خۆیان ببینن له‌هاندانی هاووڵاتیان بۆ به‌شداریكردن له‌پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی خۆیان بۆ داكۆكی كردن له‌مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كوردستان.

قوباد تاڵه‌بانی وتیشی: بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز له‌هه‌رێمی كوردستان و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان و یه‌كڕیزی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌نگ بده‌ن به‌ كاندیده‌كانی هاوپه‌یمانی كوردستان.

كۆبوونه‌وه‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ هه‌ولێر به‌گفتوگۆی چڕ و پڕ و خستنه‌ڕووی سه‌رنج و پێشنیازه‌كان بۆ سه‌رخستنی زیاتری كاروباره‌كانی هاوپه‌یمانی كوردستان و كاندیده‌كانی، كۆتایی هات.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket