}

ئه‌مریكا ده‌ست به‌كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌عیراق ده‌كات

عیراق 08:20 PM - 2021-09-18

شاره‌زایه‌كی بواری ئه‌منیی، جه‌ختیكرده‌وه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عیراق ده‌مێننه‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ هه‌ندێك له‌سه‌رانی سیاسی هه‌وڵده‌ده‌ن بازاڕ بۆ لایه‌نگرانیان به‌ سه‌ركه‌وتنه‌ ساخته‌كانیان دروستبكه‌ن.

فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رایگه‌یاند، سێ یه‌كه‌ی شه‌ڕكه‌ری بیانی له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا عیراق به‌جێده‌هێڵن و ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه‌ كه‌ تاوه‌كو كۆتایی ئه‌مساڵ هیچ هێزێكی شه‌ڕكه‌ری بیانی له‌عیراق نامێنێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌لی به‌یده‌ر شاره‌زای بواری ئه‌منیی له‌میانی لێدوانێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ PUKmedia رایگه‌یاند: به‌شێك له‌سه‌رۆك و سه‌رانی سیاسی گروپه‌ چه‌كداره‌كان هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن بازاڕی به‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ساختانه‌ بۆ لایه‌نگرانیان بكه‌ن تاوه‌كو ده‌نگ به‌ فراكسیۆنه‌كانیان بدرێت هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌بینین پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان قسه‌ له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عیراق ده‌كرێت.

راشیگه‌یاند: به‌گوێره‌ی خشته‌ی گفتوگۆكان له‌ نێوان ئه‌مریكاو عیراق ئه‌و هێزه‌ شه‌ڕكه‌رانه‌ی ئه‌مریكا كه‌ له‌عیراق ده‌مێنێته‌وه‌ بریتی ده‌بێت له‌هێزی راوێژكاری و راهێنان و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌مریكا له‌عیراق ده‌مێنێته‌وه‌، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان زیاده‌ڕه‌وی به‌هێزه‌كانی ناكات و ئه‌وه‌ش له‌پێناو پارێزگاریكردن له‌به‌رژوه‌ندییه‌كان و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییان و هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی ئه‌وپێویستیه‌ ده‌بێت كه‌ عیراق به‌بوونی ئه‌مریكا هه‌یه‌تی بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆرستی داعش و كۆنترۆڵكردنی هه‌ژموونی میلیشیا چه‌كداره‌كان و هه‌روه‌ها پاراستنی عیراق له‌چڵێسی وڵاتانی هه‌رێمی و پشتیوانیكردن له‌ئه‌زموونه‌ دیموكراسییه‌كه‌ی.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق ناتوانن له‌كاتی ده‌ستوه‌ردانه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان و هه‌ژموونی داعش، به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها پارێزگاری له‌ئاسایشی وڵات بكه‌ن، روونیشی كرده‌وه‌ كه‌ هاوكات هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناتوانن جڵه‌وی میلیشیا چه‌كداره‌كان بگرن كه‌ له‌چه‌ندین بۆنه‌دا وا خۆیان ده‌رده‌خست كه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌هێزترن و هه‌ژموونییان زۆرتره‌.

به‌یده‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا بوونی ئه‌مریكا له‌عیراق وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر پێویستی نه‌ك ئاره‌زووی لایه‌نێك، ئاماژه‌شیدا كه‌ به‌شێك له‌ناوچه‌ عه‌ره‌بییه‌ سوننه‌كان له‌پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ترسن و ترسیان له‌كاردانه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌گرووپه‌ چه‌كداره‌كان و ته‌نانه‌ت رێكخراوی تیرۆرستی داعش هه‌یه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عیراق ئه‌ركێكی مۆڕاڵی و مرۆییان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر تاوه‌كو له‌ عیراق بمێننه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی ئاسایش جێگیر ده‌بێت و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئاماده‌یی ته‌واوی خۆیان نیشانده‌ده‌ن.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket