riklam

قوباد تاڵەبانی: كۆمیتەو مەكۆكان بە‌یە‌كە‌وە‌ كار بۆ سە‌رخستنی ھاوپە‌یمانی كوردستان بكە‌ن

کوردستان 04:59 PM - 2021-09-17

قوباد تاڵەبانی رایگە‌یاند: ھاوپە‌یمانی كوردستان‌ بە‌شێكە‌ لە‌خە‌ونی خوالێخۆشبووان مام جەلال و كاك نە‌وشیروانە‌ و دە‌بێت سە‌ربكە‌وێت.
ئەمڕۆ 17ی 9ی 2021 لەهۆڵی شەهید شیهاب لەقەڵاچوالان، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی فراوانی كرد لەگەڵ كۆمیتەكانی یە‌كێتی و مەكۆكانی  گۆڕان لە‌ شارباژێرو ماوە‌ت.
لەو كۆبونەوەیەدا كە شاناز ئیبراهیم ئەحمەدو ئاسۆ رەحیم لێپرسراوانی میحوەری سلێمانی بانگەشەی هەڵبژاردن و كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان ئامادەیبوون، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: ئە‌م ھاوپە‌یمانییە‌ بە‌شێكە‌ لە‌خە‌ونی خوالێخۆشبووان مام جەلال و كاك نە‌وشیروان كە‌ لە‌دە‌باشانە‌وە‌ گە‌ڵالە‌ كرا، سەركەوتنیشی دەبێتە هۆی بەهێزتربونمان بۆ دابینكردنی مافەكانی هاووڵاتیانی هەرێمەكەمان.
قوباد تاڵەبانی داوای لەلێپرسراوانی كۆمیتە و مەكۆكان كرد كەریزەكانی خۆیان رێكبخەنەوە و زیاتر بچنە ناو جەماوەر و هەوڵەكانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئاشتكردنەوەی خەڵك و گێڕانەوەی متمانەی دەنگدەران بۆ بەشداریكردنیان لەپرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا.
قوباد تاڵەبانی وتیشی: راستە زۆربەتان گلە‌ییتان ھە‌یە‌ لە‌سە‌ر شێوازی حوكمڕانی و سیاسە‌ت و خزمە‌تگوزاری، بە‌ڵام ئە‌م ھە‌ڵبژاردنە‌ بۆ بە‌غدادە‌، دە‌بێت بە‌یە‌كە‌وە‌ و بە‌یەكڕیزی بەرەو بەغداد هەنگاو بنێین بۆ ئە‌وە‌ی باشتر كاربكە‌ین لە‌پێناو بە‌دە‌ستھێنانی مافە‌كانی ھاو,ڵاتیان دا.
قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان جەختیشی كردەوە كە بە‌یە‌كە‌وە‌ بین، دە‌توانین باشتر بە‌رگری لە‌مافە‌كانمان بكە‌ین، چونكە سەلماندمان كاتێ بە‌یەك دە‌نگ و یە‌ك تیم چوینە‌ بە‌غدا، توانیمان مووچە‌ی مووچە‌خۆرانی ھە‌رێم زامن بكە‌ین.
دواتر و لەوتەیەكیدا ئاسۆ رە‌حیم رایگەیاند؛ پێویستە‌ ھە‌موومان بە‌یە‌كە‌وە‌ كار بكە‌ین بۆ ئە‌وە‌ی كاندیدە‌كانمان سە‌رخە‌ین، ئاماژە‌ی بە‌وەشدا كە‌ لە‌ ئێستادا خە‌باتی ئێمە‌ ئە‌وەیە كە كاری پێكە‌وە‌یی بكە‌ین بۆ سە‌رخستنی ھاوپە‌یمانی بۆ بە‌دە‌ستھێنانی مافە‌كانی گە‌لی كورد و نە‌ھێشتنی ناعە‌دالە‌تی.
لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەداو لەوتەیەكیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند: خۆشحاڵم لە‌قە‌ڵای سە‌وزە‌وە‌ پێكە‌وە‌ین لە‌گە‌ڵ گۆڕان، كاری ھاوبە‌شی دە‌كە‌ین و بە‌ھە‌مووان دە‌ڵێین؛ بە‌یە‌كە‌وە‌ بە‌ھێزترین. 
وتیشی: ئە‌مجارە‌ كە‌پێكە‌وە‌ دە‌چینە‌ بە‌غداد، بە‌ھێزترین بۆ دە‌ستە‌بە‌ركردنی ھە‌موو مافە‌كانی گەلی كورد و چارە‌سە‌ركردنی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان. 
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەلێپرسراوی كۆمیتە و مەكۆكانی راگەیاند : بۆ ئە‌م ھە‌ڵبژاردنە‌، داواتان لێدە‌كە‌م ھە‌مووتان كار بكە‌ن بۆ سە‌رخستنی كاندیدە‌كانی ھاوپە‌یمانی كوردستان، كە‌ ئە‌وە‌ بۆ ئە‌مڕۆ ئە‌ركی سە‌رشانی ھە‌موومانە‌.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوو كاندیدی بازنەی 1 لەپارێزگای سلێمانی، شاسوار ئەمین كاندیدی ژمارە 25 و شوناس حسێن كاندیدی ژمارە 32 خۆیان ناساند و پەیام و بەرنامەی خۆیان بۆ خزمەتكردن خستەڕوو، راشیانگەیاند كەدوای سەركەوتنیان هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، دووپاتیشیان كردەوە كەسەركەوتنی هاوپەیمانێتی كوردستان سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستانە و سەنگ و پێگەی گەلی كورد بەهێزتر دەكات لەهاوكێشە سیاسی و ئیقلیمیەكاندا.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان سەرنج و تێبینیەكانی خۆیان خستەڕوو لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن و پەرۆشی خۆیان دەربڕی بۆ سەرخستنی كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان تا تیمێكی بەهێز بچێتە بەغدا و بەرگری لەمافە دەستورییەكانی گەلی كوردستان بكات.
PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket