riklam

ساڵح عوسمان كتێبی گۆڕانی دیموكراسی بڵاو ده‌كاته‌وه‌

کتێب 01:17 PM - 2021-09-15

ساڵح عوسمان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ ڕۆژی جیهانی دیموكراسیدا، نوێترین كتێبی خۆی له‌سه‌ر گۆڕانی دیموكراسی بڵاو ده‌كاته‌وه‌، كه‌ تیایدا باس له‌ گۆڕانی سیسته‌مێكی نادیموكراسی بۆ دیموكراسی له‌ وڵاتێكدا ده‌كات و پاشان لێكه‌وته‌كانی گۆڕانه‌كه‌ شی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ده‌كرێت ناسه‌قامگیری به‌دوای خۆیدا بهێنێت، بۆ ئه‌مه‌ش عێراقی وه‌ك نموونه‌ هێناوه‌ته‌وه‌.

عه‌میدی مافپه‌روه‌ر ساڵح عوسمان به‌ڕێوه‌به‌ری نشینگه‌ی پارێزگای سلێمانی و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، له‌ ڕۆژی (جیهانیی دیموكراسیی)دا كه‌ ده‌كاته‌15 ی سێپته‌مبه‌ری هه‌موو ساڵێك، سێیه‌مین كتێبی خۆی به‌ ناونیشانی "گۆڕانی دیموكراسی و سه‌قامگیری سیاسی (عێراق به‌نمونه‌)"، له‌ دوو توێی 242 لاپه‌ڕه‌ و له‌ شه‌ش به‌شی جیاوازدا چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه‌.

ناوبراو له‌كتێبه‌كه‌یدا گۆڕانی سیستمی نادیموكراسی بۆ سیستمێكی دیموكراسی ڕوون كردۆته‌وه‌ و هۆكاره‌كانی گۆڕانكارییه‌كانی و لێكه‌وته‌كانی ئه‌م گۆڕانه‌ی ئاماژه‌ پێداوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕانكارییه‌كه‌ به‌ ئاشتی ئه‌نجام نه‌درێت و پاشان پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی نه‌چه‌سپێنرێت، ئه‌وا ده‌كرێت ناسه‌قامگیری سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی لێبكه‌وێته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش نموونه‌ی به‌ عێراق هێناوه‌ته‌وه‌.

به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م كتێبه‌ بۆ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ناساندنی دیموكراسی له‌ڕووی چه‌مك و پێناسه‌وه‌ ته‌رخان كراوه‌، هه‌روه‌ها مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی دیموكراسی به‌ پێی قۆناغه‌ جیاوازه‌كان، هه‌ر له‌م به‌شه‌دا ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی سیستمی دیموكراسی و گرنگی سیستمه‌كه‌ش باس كراووه‌.

له‌به‌شی دووه‌مدا، هاتۆته‌ سه‌ر باسی سه‌ره‌كی كتێبه‌كه‌ كه‌ " گۆڕانی دیموكراسی و سه‌قامگیری سیاسییه‌"، له‌م به‌شه‌دا سه‌رباری پێناسه‌ی گۆڕانی دیموكراسی و سه‌قامگیری سیاسی، باس له‌ هۆكار و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی گۆڕانی دیموكراسی كراوه‌، هه‌روه‌ها نیشانه‌كانی سه‌قامگیری سیاسی و هۆكاره‌كانی ناسه‌قامگیری سیاسی و په‌یوه‌ندی نێوان گۆڕانی دیموكراسی و سه‌قامگیری سیاسی به‌شێكی دیكه‌ پێكده‌هێنێنن.
له‌به‌شی سێیه‌مدا ئاماژه‌ی به‌ گۆڕانی دیموكراسی له‌ عێراق داوه‌، هه‌روه‌ها له‌ڕووی مێژوویه‌وه‌ و له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌م گۆڕانی دیموكراسی له‌ عێراق شی كردۆته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی په‌رله‌مانیش به‌ یه‌كێك له‌ پایه‌كانی دیموكراسی داده‌نرێت و ڕۆڵێكی گرنگ له‌ چه‌سپاندنی دیموكراسی ده‌بێنێت،ئه‌وا هه‌ر له‌م به‌شه‌دا باسی له‌ ڕۆڵی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ چه‌سپاندنی دیموكراسی و ڕێزگرتن له‌ دیموكراسی ته‌وافوقی كردووه‌، چونكه‌ دیموكراسی ته‌وافوقی باشترین جۆری دیموكراسیه‌، كه‌ مافی هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌پارێزێت و ڕێگری له‌ دیكتاتۆری زۆرینه‌ ده‌كات.

له‌به‌شی چواره‌مدا، ناسه‌قامگیری سیاسی له‌ عێراق له‌ڕووی هۆكاره‌كانیه‌وه‌ ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ دابه‌ش كراوه‌ به‌سه‌ر هۆكاری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی، ئه‌م هۆكارانه‌ش چه‌ندین به‌شی دیكه‌یان لێ جیا كراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌م به‌شه‌دا ئاماژه‌ دراوه‌ به‌ شێوازه‌كانی ناسه‌قامگیری سیاسی و هێنانه‌دی سه‌قامگیری.

به‌شی پێنجه‌می ئه‌م كتێبه‌ بۆ دیموكراسی ته‌وافوقی و فیدراڵی ته‌رخانكراوه‌، چونكه‌ ته‌وافوق له‌ بڕیاره‌كان و چه‌سپاندنی سیستمی فیدڕاڵی، باشترین ڕێگای سه‌قامگیری سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تین، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان پابه‌ندی ده‌ستور بن و له‌ فشاره‌كانی سه‌ر یه‌كتری دوور بكه‌ونه‌وه‌.
به‌شی شه‌شه‌م و كۆتایی بۆ سیناریۆكانی داهاتووی عێراق له‌ ڕووی دیموكراسی و سه‌قامگیری و فیدراڵیه‌وه‌ ته‌رخانكردووه‌ و به‌سێ باسی جیاواز داهاتووی دیموكراسی و سه‌قامگیری و فیدراڵی شیكردۆته‌وه‌، بۆ ئه‌م سیناریۆیانه‌ش كۆمه‌ڵێك ئه‌گه‌ر و هۆكاری له‌به‌رچاو گرتووه‌.

هه‌رچی په‌یوه‌ست به‌ هۆكاری هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ناونیشانه‌، كه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر لای خوێنه‌ر ئاشنان نیه‌، نوسه‌ر له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت:" ئه‌م جۆره‌ ناونیشانه‌ یان له‌ كتێبخانه‌ی كوردیدا بوونی نیه‌، یان زۆر كه‌مه‌، بۆیه‌ به‌ گرنگم زانی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ بكه‌مه‌ دیارییه‌ك بۆ كتێبخانه‌ی كوردی و هه‌موو ئه‌و نوسه‌ر و سیاسیانه‌ی به‌دوای پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ عێراق و سه‌قامگیری سیاسی ئه‌و ووڵاته‌دا وێڵن"

ده‌رباره‌ی پشت به‌ستن به‌ جۆری سه‌رچاوه‌كانیش،ده‌ڵێت:"بۆ نووسینی ئه‌م كتێبه‌ سوودم له‌ زۆرترین سه‌رچاوه‌ی ئه‌كادیمی و كتێبی مامۆستایانی زانكۆ و نامه‌ی ماجستێر و دكتۆرا وه‌رگرتووه‌، هۆكاری گرنگیدان به‌سه‌رچاوه‌ ئه‌كادیمیه‌كانیش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ مه‌به‌ستم بوو كتێبێكی ئه‌كادیمی و ته‌واو زانستی بخه‌مه‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌رانی كورد".
PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket