}

هۆكاری نه‌ناردنی بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكانی هه‌رێم ئاشكرا ده‌كرێت

کوردستان 07:15 PM - 2021-09-13

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی و ئابوری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هۆكاری نه‌ناردنی بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكانی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات و  رایده‌گه‌یه‌نێت دوای په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌، جگه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان ناوه‌ڕاست و باشوور خه‌رجكراوه‌.

شیروان میرزا ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابوری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تایبه‌ت به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: نه‌ناردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌ی 2021 ی عیراق له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵ،  بۆته‌ هۆكاری نه‌ناردنی بودجه‌ی په‌رپێدانی پارێزگاكانی هه‌رێم.

وتیشی: به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی ئێمه‌ وه‌ك لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران جگه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم،  بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق خه‌رجكراوه‌، بۆیه‌ تا پشكی هه‌رێم خه‌رجنه‌كرێت وه‌ك له‌ مادده‌ی 11ی یاسای بودجه‌ی 2021دا هاتووه‌، بودجه‌ی په‌ره‌پێدانیش یه‌كلاناكرێته‌وه‌. 

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ د. به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌وه‌ی به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: ئه‌و 200 ملیار دیناره‌ی له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێت، پشكی هه‌رێم نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ مینحه‌یه‌كه‌ تا ئه‌و كاته‌ی پشكی هه‌رێم  له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵیه‌وه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت.

له‌باره‌ی هۆكاری نه‌ناردنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عیراق، د.به‌شیر حه‌داد وتی: هۆكاره‌كه‌ی بۆ ته‌واونه‌بوونی كاروباری ئه‌و لیژنانه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ وردبینی له‌داهاته‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌ گوێره‌ی یاسای بودجه‌، پێویسته‌ هه‌رێم رۆژانه‌ قیمه‌تی 460 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌نرخی سۆمۆ له‌گه‌ڵ نیوه‌ی داهاتی نانه‌وتی ته‌سلیم به‌ به‌غدا بكات، له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی فیدراڵ له‌ 12.67% وه‌ك پشكی هه‌رێم بنێرێت.

هه‌رپه‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته‌ له‌چه‌ند رۆژی رابردوو هه‌رچوار پارێزگاره‌كه‌ی هه‌رێم (هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك، هه‌ڵه‌بجه‌)سه‌ردانی به‌غدایان كردو له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆبونه‌وه‌، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی ئه‌و سه‌ردانه‌ ناردنی بوجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكانی هه‌رێم بووه‌.

PUKmedia ته‌ها عه‌بدوڵڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو