riklam

بەریتانیا پەرە بە پەیوەندییە زانستییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات

کوردستان 09:56 PM - 2021-08-03

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیەنێت، لەبواری زانستی و ئەكادیمی و پەرەپێدانی تواناكان و خوێندنی باڵا، وەزارەتەكەمان چەندین پڕۆژەی زانستی هاوبەشی لەگەڵ زانكۆ و دامەزراوە زانستییەكانی وڵاتی بەریتانیا هەیە.

ئەمڕۆ سێ شەممە رێكەوتی (2021/8/3) د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ مێلانی سمارت كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە بریكاری وەزارەت و راوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی ئامادەیبوون، كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و باسی لە ئەرك و كاری هاوبەشی زانكۆكانی بەریتانیا كرد لەگەڵ زانكۆ و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان.
 
لە وتەیەكیشدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە پەیوەندییەكانی حكومەت و گەلی كوردستان لەگەڵ وڵاتی بەریتانیا كرد و بۆ ئەمەش وتی: لە قۆناغی داهاتوودا دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان بۆ ئاستێكی فراوانتر پەرەپێبدەین، بەو پێیەی وەزارەتەكەمان لە ڕابردوودا زۆرترین پڕۆژەی زانستی هاوبەشی لەگەڵ زانكۆ و دامەزراوەكانی وڵاتی بەریتانیا هەبووە و ، زۆرترین وەبەرهێنانی زانستی لە بوارەكانی پەرەپێدانی تواناكان و  توێژینەوەی هاوبەش و ئاڵوگۆری ئەكادیمی لەگەڵ زانكۆكانی بەریتانیا هەبووە بۆیە خوازیارین ئەم پەیوەندییە زانستییانە فراوانتر بن و بوارەجیاجیاكانی تایبەت بەگەشەپێدانی كەرتی خوێندنی باڵا لەخۆ بگرێت.
 
د. ئارام محمد قادر بە كونسوڵی بەریتانیای ڕاگەیاند: بەشێكی گرنگ و ستراتیژی كاری ئێە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بریتیە لە فراوانكردنی پانتایی خوێندنی تەكنیكی و پیشەیی لە هەرێمی كوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا بەپێویستی دەزانین كەناڵێكی ڕاستەوخۆ و باشتر لەگەڵ بازاری كاری كوردستان ئەنجام بدەین، بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئامانجانە پێویستمان بە شارەزایی و لێهاتویی و توانا زانستییەكانی بەرتانیا هەیە، بۆ ئەوەی سود لە ئەزمون و توانای ئەو وڵاتە وەربگرین.
هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا باسی لە پلانی وەزارەت بۆ ڕیفۆرمی سیستمی ناوەندیی وەرگرتنی خوێندكاران و قوتابیان كرد، بۆ ئەمەش وتی بەشداری و هەماهەنگی شارەزایانی بەریتانیا زۆر یارمەتیدەر دەبن لە سەرخستنی ئەم پرۆژەیە.
تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان تایبەت بوون بە فروانكردن و بەهێزكردنی ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە كایەی ئەكادییمی و سەركردایەتیكردنی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، لەم چوارچێوەیەشدا كونسوڵی گشتی بەریتانیا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەم دەستپێشخەرییە، لەم چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا كۆمەڵێك پرۆژە و چالاكی هاوبەش ئەنجام بدرێت و دەرفەتی ڕاهێنانی توانای سەركردایەتیكردن بۆ ژنانی نێو دامەزراوە ئەكادیمییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن زانكۆكانی بەریتانیاوە بڕەخسێنرێت.
PUKmedia  راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket