riklam

ئیزگەكە، دەنگێكی زیندوی نێو راپەڕین

بیروڕا 12:34 PM - 2024-03-21
بارزان شێخ عوسمان

بارزان شێخ عوسمان

بارزان شێخ عوسمان

لە ساڵی 1979 بەدواوە هەمو نەورۆزێك لەگەڵ رۆژی بوژانەوەی سروشت و هاتنی ساڵی نوێی كوردی، لەگەڵ تۆماركردنی سەركەوتنی دەنگی هەق بەسەر ناهەقیدا، لەگەڵ كۆتایی رۆژی سەختی چەوساوەكاندا (بە گوێرەی ئەفسانەی كاوە و زوحاك)، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان یادی رۆژێكی پڕ هات ی مێژوی خەباتیان دەكەنەوە لەرۆژە سەخت و دژوارەكاندا، ئەویش یەكەم پەخشی رادیۆییە لەدوای كپبوونەوەو خامۆش بوونی شۆڕشە رزگاریخوازە دیموكراتییەكەی گەلی كوردستان كە خۆی لە دەنگی گەلی كوردستاندا بەرجەستە دەكات، پەخشبوونی ئەو دەنگە زوڵاڵە نەك هەر گڕوتینی پشكۆی ورەی شۆڕشگێڕیی لەدەرونی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی گەشانەوە، بەڵكو تەواوی كوردی بەشەكانی تر و تەواوی دیموكراتخوازانی عیراق و ناوچەكەشی ئاسودە كرد. 

بەندە بەو پێیەی سیانزدە ساڵ لە خزمەتی ئەو دەنگە زوڵاڵەدا بووم، پێنج ساڵیش وەك بەڕێوەبەر بەیارمەتی هاوكارەكانم كارم كردووە، پێم خۆشبوو ئاماژە بەیەكێك لە وێستگە گرنگەكانی رۆڵی دەنگی گەلی كوردستان بكەم لەنێو وێستگە زۆر زەوەندەكانیدا. 

 

هەر كە باسی راپەڕینی ئازاری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكرێت، ناوی ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستانیش (ئیزگەكە) لەتەك پێشمەرگە جەماوەرو رێكخستنەكان و شانە چەكدارەكاندا دەهێنرێت، ئاخر ئێزگەكە كاراكتەرێكی گرنگ و سەرەكی بوو لەجێبەجێكردنی بەرنامەو پلانی راپەڕینەكەدا. بەپێی ئەو بەرنامەیەی سەركردایەتی راپەڕین بەسەرپەرشتیی كاك نەوشیروان مستەفا  داڕێژرابوو، ئیزگەكە ئەركی گەورەی روبەڕوو كرایەوە لەوانە:-

 

-هاندانی جەماوەر بۆ بەگژاچونەوەی دامودەزگا تۆقێنەرەكانی بەعس و هاریكاریكردنی هێزی پێشمەرگەو شانە چەكدارەكان و رێكخستنەكانی تر .

- گەیاندن و بڵاوكردنەوەی  بروسكە و جفرەكانی سەركردایەتی راپەڕین (بەرەی كوردستانی) بۆ هێزەكانی پێشمەرگە كەبەنهێنیی لە ناوچە قەدەغەكراوەكان یاخود لە ناوشار و شارۆچكەكان جێگیر بووبوون و جوڵە پێكردنیان بەپێی ئەو بەرنامەیەی كە پێشوەخت و ساڵێك لەوەو بەر دارێژرابوو، بۆ بەڕێكەوتنیان بۆ شوێنەكانی بۆیان دیاریكرابوو، بەمەبەستی هەڵمەت بردنە سەر دامودەزگا و سەربازگە و هێزەكانی رژێم .

 

- بڵاو كردنەوەی  پەیامی هوشیار كردنەوەی چەكدارە كوردەكانی لای حكومەت بۆ وازهێنانیان و پشتكردنە رژێم و گەڕانەوە بۆ باوەشی گەلەكەیان و بانگەوازەكانی ئاشتبوونەوەی گشتی و سەدان رێنمایی تر بۆ پێشمەرگەو جەماوەر پێش ئازادكردنی هەر ناوچەو شارو شارۆچكەیەك و دوای ئازادكردنیشیان  (گرنگترینتان رێنماییەكان بۆ پاراستنی موڵك و ماڵی گشتیی و مەدەنییەكان بوو).

دیارە هەر ئیزگەكەش بوو  كە هەواڵی سەركەوتنی بەرنامەی راپەڕینی دەگەیاند بە خەڵك و جیهانیش، ئەمەش رۆڵی گرنگی هەبوو لەبەرزكردنەوەی ورەی جەماوەرو هەماهەنگییان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەو بەشدارییكردنیان لەو گۆڕانكاریی وەرچەرخانەدا .

بەراستی و بێ خۆهەڵكێشان و باغر بوون، ئیزگەكە لەپێشەوەی بەرەی بەگژاچوونەوەو راپەڕیندا بوو، رۆڵێكی سەرەكی بینی لەقوڵكردنەوەی گیانی راپەڕین و چەمكی بەرەی كوردستانی و  بەرجەستەكردنی وەلا نانی ناكۆكییەكان و یەكڕیزیی خەڵك و حزبەكان، هەربۆیە ئێزگەكە بووە ناوێكی ناسراوی جەماوەر بەجیاوازیی بۆچوون و ئینتمای سیاسییان و بە ئیزگەی بەرەی كوردستانیش  ناوزەد كرا، هێزەكانی پێشمەرگەو خەڵك بە ئیزگەی هەموو حزبەكان لێیان ئەڕوانی، بۆیە فەرماندەی میحوەر و هێزەكان بۆ بڵاوكردنەوەی بروسكەكانیان هەر پشتیان بەم ئیزگەیە دەبەست، لەكاتی كۆڕەویشدا ئیزگەكە بەهەمان شێوە رۆڵی گەورەی بینی لەبەرزكردنەوەی ورەی جەماوەر لە دوای شكستە سەربازییەكەی راپەڕین، هاوكات تاكە سەرچاوە و كەناڵی بەیەك شادكردنەوەی ئەندامانی خانەوادە و كەسوكار بوو لەڕێی بەرنامەی (ونبووەكان) ەوە، كەخەڵك بەهۆی جیا جیاوە لەكاتی كۆڕەوەكەدا لە یەكتر دابڕابوون لەڕێی ئیزگەكەوە ئاگاداری یەكتر دەبوون و بە یەكتر شاد دەبوونەوە.

هەر ئەو ئیزگەیەش بووە تاكە سەرچاوە بۆ تەواوی ئاژانسەكانی هەواڵ لە جیهاندا بۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵی سەركەوتنی راپەڕین لەكوردستانی عیراقدا و راماڵینی هێزە سەربازی و دامودەزگا سەركوتكەرەكانی رژێمە دڕندەكەی سەدام حسێنی خوێن رێژ . 

ئەو دەنگە زیندوە زوڵاڵەی نێو روداوەكانی راپەڕینی ئاداری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان وەڵامدەرەوەی هەندێك پڕوپاگەندەیە كەگوایە راپەڕین روداوێكی خۆبەخۆ و هاكەزایی بووە .

پەیام و جفرەكانی چەندین مانگی پێش راپەڕین و وتارو بانگەوازەكانی دوای 17ی یانوەر / كانونی دووەمی / 1991 بەڵگەیەكی ئەو دەنگە زوڵاڵە زیندووەن كە راپەڕین بەپلانی پێشوەختە بەرپاكراو بووە موڵكی تەواوی گەلی كوردستان بێ جیاوازیی كە هەمووان وەك یەك شانازی پێوە ئەكەین و ستایشی رۆڵی ئیزگەكەش دەكەین.

*بەڕێوەبەری پێشوتری ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستان

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket