riklam

فرە بازنەیی چی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دەگۆڕێت؟

بیروڕا 10:02 AM - 2024-03-10
لەتیف نێروەیی

لەتیف نێروەیی

لەتیف نێروەیی

دواجار سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمیی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئیمزا كرد و یەكێتی بە رەسمی لەسەر زاری لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە رایگەیاند: "كە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و پێشوازی لە بڕیارەكەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات". بەمەش هەرێمی كوردستان پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێ و ئیدی دەرفەتی ئەوە نامێنێت هەندێ لایەن لەسەر سۆز و عاتیفەی جەماوەر پەیام ئاڕاستە بكەن و دەستی تۆمەت بۆ ركابەرانی خۆیان درێژ بكەن و تۆمەتباریان بكەن بەوەی كە بەربەست لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروست دەكەن و ئەو لایەنانە ناچارن بەدوای ژەنینی ئاوازێكی دیكەدا وێڵبن، چونكە هەڵبژاردن دەكرێت و پڕۆسەكەش لەسەر بنەمای فرەبازنەیی دەبێت كە خواستێكی رەسمی و سەرەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.

بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عیراق تایبەت بە شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش كە هەرێم بەسەر (4) چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەشدەكرێت و (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە) و كۆتایی هێنان بە سیستمی یەك بازنەیی كە چەند ساڵێكە چەقی ناكۆكی و ململانێیەكی توند بوو لەنێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و دوای ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوەی دووقۆڵی و فرەلایەنی و بە بنبەست گەیشتنی دانوستانەكان لەسەر ئەو مژارە و كۆتایی هاتنی وادەی پەرلەمانی كوردستان و كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، یەكێتی لەڕێی سەرۆكی فراكسیۆنی سەوزەوە رێچكەیەكی یاسایی گرتەبەر بۆ ئەوەی لەڕێی دادگای فیدراڵییەوە ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە و كاتێك دیاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی پەرلەمانی كوردستان و سەرەنجام دادگا بڕیاریدا كە هاوشێوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی حكومەتی فیدراڵ، لە هەرێمی كوردستان سیستمی فرەبازنەیی پەیڕەو بكرێت، بەڵام لە دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عیراق، هەندێ سەرچاوەی میدیایی دەخوازن بە پێوەری دەستكەوتەكانیان لە یەك بازنەییدا راڤەی سیستمی فرەبازنەیی بكەن لە هەرێم. بۆیە ئەگەر هەڵسەنگاندنێكی بابەتیانە بۆ سیستمی فرەبازنەیی بكرێت ئەوكاتە كۆمەڵێك خاڵی بەرهەمدار و ئەرێنی لە بەرژەوەندی گشتیدا نمایش دەبن و لە بەرامبەردا كۆمەڵێك خاڵی نەرێنی و خەوشی لە یەك بازنەییدا دەردەكەون. لەوانە: 

-بەپێی پێوەرەكانی سیستمی دیموكراسی فرەبازنەیی باشتر و سەركەوتووترە لە یەك بازنەیی.

-كورسی هیچ پارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی دیكە ناچێت، بۆ نموونە (38) كورسی بۆ پارێزگای سلێمانی، (34) كورسی بۆ پارێزگای هەولێر، (25) كورسی بۆ پارێزگای دهۆك، (3) كورسی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەبێت و ئەگەر رێژەی بەشداربووان لە سنووری پارێزگایەك كەمتریش بێت لە رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەرانی پاریزگایەكی دیكە، ئەوا هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر رێژە و پشكی كورسییەكانی هیچ پارێزگایەكدا نایەت كە لە یەك بازنەییدا هەبوو.

-هەر كاندیدێك كە سەردەكەوێت، نوێنەرایەتی دەنگدەری پارێزگاكەی خۆی دەكات و دەتوانێت راستەوخۆ و لە نزیكەوە چاودێری و نوێنەرایەتی راستەقینەی پارێزگاكە و دەنگدەرانی خۆی بكات، بەڵام لە سیستمی یەك بازنەییدا هیچ پەرلەمانتارێك نەیدەتوانی بەشێوەی مەیدانی نوێنەرایەتی هەموو دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان بكات بە هەموو شار و شارۆچكەكانییەوە.

-كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان باشتر دەتوانێت ئاماری دەنگدەرانی راستەقینەی هەر پارێزگایەك لە دەنگی ساختە جیا بكەنەوە و لێكی هاوێر بكەن.

-زەمینەیەكی باشتر دەرەخسێت بۆ رێگریكردن لە ساختەكاری.

-دادپەروەری بۆ هەموو پارێزگاكان و تەنانەت بۆ دەنگدەرانی ناوخۆی حزبەكانیش دەڕەخسێت. 

-بۆ حزبە سیاسییەكانیش هەر لایەنێك دەتوانێت بەرنامەی تایبەت بە پارێزگاكان ئامادە بكات كە گونجاو بێت لەگەڵ دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئیداری و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ... هتد، پارێزگاكە.

-سیستمی فرەبازنەیی بۆ كاندیدەكان لەرووی توانای مرۆیی و تەكنیكییەوە (تیم  و كات و خەرجی)یەوە باشترە، چونكە كاندیدەكان لە سنووری یەك پارێزگا باشتر دەتوانن بانگەشە بكەن لەوەی كە لە سنووری هەموو هەرێمی كوردستان بانگەشە بكەن.

بۆیە سیستمی فرەبازنەیی كە هەرچەندە بەرهەمی هەوڵ و هەڵوێستی نەگۆڕی (ی.ن.ك) بوو، بەڵام بەرهەمەكە بۆ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانە و لە بەرژەوەندی پڕۆسەی دیموكراتی و خەڵكی كوردستان كۆتایی دێت.

راست و دروست بانگەشە و هەڵڵای هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوە لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان لەلایەن چەند هێزێكەوە چەند بارە دەبێتەوە، بەتایبەت كە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەسەر هەڵبژاردن و پرسەكانی تریش بە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم دەبینن بەڵام تەنها شتێك قۆناغی دووەمی ژیانی سیاسی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان ببوژێنێتەوە، دووبارە دروستكردنەوەی دامەزراوەكانی هەرێم و شەرعییەتی دەسەڵاتەكەیەتی لەرێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە كە دادگای فیدراڵی رێكارە یاساییەكەی بۆ دیاری كردووە، بۆیە سەرۆك (بافڵ تاڵەبانیش) لە دیداری رافیدەین دووپاتیكردەوە، كە قۆناغی بونیادنانەوەی هەرێمی كوردستان بە هەڵبژاردن و خۆرێكخستنەوە دێتەدی.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket