riklam

سلێمانی.. تاجی شاران

بیروڕا 02:04 PM - 2024-03-07
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

٧-٣-١٩٩١

هیچ زەماوەندێک نییە سیوسێ ساڵ بخایەنێ
زەماوەندی شار
کێوی زەمەن لە بن دێنێ
بەر دەرکی سەرای 
دیواربەندی 
چیرۆکی  ئازادییەو
عەولە سیس و  هەڵۆ بەگیش
لەم مەفتەنی بابانە 
دۆناودۆنی قەت ناسرەوێ
هەر رۆژە و مەنگییەک
 دەشڵەقێنێ.

........
سلێمانی 
تاجی شاران
پایتەختی هەموو شۆڕش 
و دەستپێشخەری و خۆڕاپسکان
کە گوتی: کورد، مەبەستی سلێمانی و کە ناوی سلێمانی هێنا

رێک چاوی هیوای 
کوردستانە
مەتەڵ مەتەڵی خۆیەتی
و هەڵهێنانی هەر بە دەمی خۆی ئاسانە
حەوتی ئازار سەد ئازاری سارێژ دەکا 
هەر سرودی ورەیە  و 
هەر هەوێنی تەلی گەشبین
کارگەی هزری ئازادییە  و مێرگی  
سیاسەتی رەنگین.

......

بۆ دۆست:
میهرەبانی خۆش مەشرەب و 
نەیاریش  لێی کەوتۆتە قین
شاری دژوار بوو  بۆ بەعس
شاری توانج و گاڵتە و نوقرچ
ئەفراندن و نەفرین و ئەوین.

مودەتێک  خۆی دەخافڵێنێ 
و مودەتێ تر گێڕی عەبەس
ها کە بیستت 
لە مێخەوە،
ریشەی زاڵمان دەردێنێ

.......

شارە حەیاتەکە لای مام و
مەدینە سەعبەکەی 
لای  سەدام
ئەمن و ئومانە بۆ هەمووان
پەناگەیە بۆ ئەندێشەی نوێباو و جوان 
گرێی لەدڵ مات نەداوە و 
گرێبەستی ئەبەدی نییە 
لەگەڵ هیچ کەس.
بەس نیشتمان 
بەس کوردستان 
بەس یەکێتی 
وەختێ دێتەوە 
سەر رێی جاران
وەختێک دەڵێ: نا 
بۆ جیاوازی و 
گەمارۆدان
بەڵێ بۆ راستەڕێ  
و ..
رێی هات و ئاوەدان

 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket