riklam

چی بكرێت و چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ پێكهاتەكان بكەین؟

بیروڕا 10:21 AM - 2024-02-29
حاكم سەمەد محەمەد

حاكم سەمەد محەمەد

حاكم سەمەد محەمەد

لەم سەردەمەدا هیچ دەوڵەت و قەوارەیەك نادۆزیتەوە، تەنها لەیەك رەگەز و نەتەوەو زمان و ئایینێك پێكهاتبێت، ئەم فرەڕەنگی و پێكهاتە جیاوازانە گەر ئازادی تەواویان پێ بدرێت و مافەكانیان بپارێزرێت و خۆیان بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن و لە هەڵبژاردنەكان بەلاڕێدا نەبردرێن و نەكرێنە بەشێك لە ئەجێندای سیاسی لایەنەكان، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبنە مایەی فرەكلتوری و دەوڵەمەندی و زۆر خاڵی بەهێزی وڵات، زۆر جار دەگوترێت یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەو بەرەو پێشچوون و درەوشانەوەیەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، فرەكلتورەكەیەتی.

هەرێمی كوردستانیش خۆشبەختانە فرەكلتورەو چەندان نەتەوەو ئایین و زمان و تایەفەی جیا جیای تێدا دەژی، سەدان و هەزاران ساڵە هەموویان لە خۆشی و ناخۆشییەكان  بەشدارن و بەشێكن لە نەسیجی كۆمەڵایەتی ئەم مەملەكەتە.

ئەم پێكهاتە جیاوازانە خاڵێكی بەهێزی هەرێمی كوردستانن، گەر بەشێوەیەكی باش و سەردەمیانە و مرۆڤدۆستانە هەڵس و كەوتیان لەگەڵ بكرێت، لەم ناوچەیەی ئێمەی تێدا دەژین، زوڵم و چەوساندنەوەیەكی زۆر لە پێكهاتەكان دەكرێت، ئەمەش وای كردووە ئەم ناوچەیە وەك ناوچەی مەرگ بۆ پێكهاتە جیاوازەكان تەماش بكرێت، خۆ گەر ئێمە بمانتوانیبوایە مافی تەواوی پێكهاتەكان بدەین و دەست نەخەینە كاروباریانەوە و لەباتی ئەوان بڕیار نەدەین و هەرێمەكەمان بكەینە نمونەیەكی جوان و سەرنجڕاكێش، ئەوا بە دڵنیاییەوە هەم یەكڕیزی نیشتمانیمان بە هێز دەكردو هەمیش پاڵپشتی نێودەوڵەتیمان زیاتر بەدەستدەهێنا، بەڵام بەداخەوە ئەوەمان نەكرد. 

لەڕووی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و خوێندنەوە هەرێمی كوردستان بۆ پێكهاتەكان بێ كێشەو نمونەیەكی جوانە، ئەوەی كێشە گەورەكەیە لەڕووی سیاسی و نوێنەرایەتی ئەو پێكهاتانەیە، لەدامودەزگاكان، كە زۆربەی جاران لەدەرەوەی پێكهاتەكان بڕیاری لێ دەدرێت، ئەمەش بووەتە كێشە هەرەگەورەكەی ئەوان، كەبوونەتە بەشێك لە ململانێ سیاسییەكان و نەیانتوانیوە وەك پێویست خزمەتی پێكهاتەكانی خۆشیان بكەن.

كاتی خۆی  بڕیاری كۆتاكان لەپەرلەمان كوردستان گرنگ بوو (ئەگەرچی یازدە كورسی زۆر بوو) بۆ ناوخۆ و بۆ دەرەوەش، بەڵام بەداخەوە كۆتاكان ئەو ئامانجەی بەدینەهێنا كەدانرابوو، لە دواجار دادگەی فیدڕاڵی عیراق كورسی كۆتاكانی لەپەرلەمانی كوردستان هەڵوەشاندەوە، لێرە گرفتی سەرەكی خۆیانن، لەباتی داكۆكیكردنی سەرسەختانە لەسەر مافەكانی خۆیان، كەچی خۆیان كردە بەشێك لە ململانێ سیاسییەكان.

چی بكرێت بۆ داهاتوو؟

ئێستاش دەرفەتی زۆر باش هەیە بۆ هاوكاری و بەشداری ئەو پێكهاتانە لە دامودەزگاكان، بەو مەرجەی ئەوانەی دادەنرێن نوێنەری پێكهاتەی خۆیان بن و ئامانجی سەرەكیان خزمەتكردن بێت، نەك نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و خزمەتی ئەجێندای ئەوان بكەن. 

پێكهاتە جیاوازەكان هەمووان بەیەكەوە خاوەنی ئەم وڵاتەن و سەروەتێكی نیشتمانی بەنرخن، با لەرێگەی فەراهەمكردنی ئازادی و پشگیریان و بەشداری پێكردنی نوێنەری راستەقینەی خۆیان، وێنایەكی جوانی حوكمڕانیمان نیشانی دنیا بدەین، نەك زوڵمیان لێ بكەین و لە ململانێ سیاسییەكان بەكاریان بهێنین.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket