riklam

چیتر دوای ھەڵبژاردن....

بیروڕا 09:31 PM - 2023-12-23
سلێمان مستەفا حەسەن

سلێمان مستەفا حەسەن

چیتر دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان

سلێمان مستەفا حەسەن

 

‎لە ئەدەبیاتی هەڵبژاردندا ، وتەیەکی باو و بەناوبانگ و گرنگ هەیە ، چیتر دوای سەرکەوتنت لە هەڵبژاردنەکاندا،ئەوەش بەو مانایە دێت کە حزبەکان لە ڕۆژی دوای هەڵبژاردن دەست بە ئامادەکاری بکەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوویان ، هەم جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن و هەم دەرس و پەندەکانی هەڵبژاردن بە ئاڕاستەی سودلێوەرگرتنیان و خۆئامادەکردنیش بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، چونکە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بە سەرکەوتنی بەرژەوەندیی گشتی ئەژمار دەکرێت، تەوای دەنگدەران بۆیان هەیە مافی خۆیان بەکاربهێنن بە ئاڕاستەی گۆڕانکاری لە حکومڕانی بۆ ماوەی چوارساڵی حکومەتی لۆکاڵی، جا دەرەنجامەکەی هەرچۆن بێت ،بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە جیاوازە لەو پرسیارەی سەرەوەمان، بۆیە پرسیارەکە بەم شێوەی خوارەوە دەکەین ، چیتر دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ناوچە کێشە لەسەرەکان ، بەتایبەتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک،گەرچی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەگشتی دڵخۆشکەر نەبوون تا ڕادەیەک، سەرەڕای ئەوەی دووەمین هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکوک ئەنجامدەدرێت دوای پرۆسەی ئازادی عیراق، بەپێی یاسا ئەنجومەنی پارێزگاکان،ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار ، حکومەت و پەرلەمانی لۆکاڵین و دەسەڵاتی بەرفراوانیان هەیە بۆبەڕێوەبردنی کاروباری پارێزگاکەیان،سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن پێگەی مێژوویی و نەگۆڕی کوردی بۆ دۆست و نەیاران بەیان کرد ، ئەگەر دیقەت بدەینە ئەنجامەکان بە ڕێژەی دەنگ و کورسی ، ئەنجامەکانی بەرایی بەم شێوەی خوارەون:

‎،کورد [ ٧] کورسی و [٢٣٨٣٨٨] دەنگی بەدەست هێناوە ،لەگەڵ ئەوەی رێژەی بەشداریی لەئاستی پێویستدا نەبوو ، هەروەها ژمارەیەکی زۆری دەنگەکانیش پوچەڵ کرانەوە لە ئەنجامی دیزاینی کارتی دەنگدان و کەموکوڕی لە ئامێری ناسینەوەی دەنگدەران..

 

‎عەرەب [٦ ] کورسی بەدەستهێناوە ، تورکمان [ ٢]کورسی بەدەستهێناوە..

 

‎کلدان سریان ئاشوری [١ ]کورسی..

 

‎  گەرئەنجامەکانیش بەدڵی ئێمە نەبێت لەسەدا سەد ، بەڵام ئەنجامدانی هەڵبژاردن خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنە، لەم هەڵبژاردنەش کورد تەوقی ئەو ترس و گەمارۆو سیاسەتی شۆڤێنی شکاند، کورد بە گڕوتینی ساڵی ٢٠٠٤ بەشداری ئەم هەڵبژاردنەی کرد ،لەگەڵ ئەوی هەڵەی حزبە کوردیەکان وبەشێک لە سەرکردەکانیان ئەوەندە زۆرن لە ژمارە نایەن و نکۆڵییان لێناکرێت ، بەڵام ناکرێت هەر لەو بازنەیە بخولێنەوە بەڵکو دەبێت ، بیر لەو ڕێگا کرداریانە بکەینەوە کە ئەم هەڵە بکەینە دەرفەت بۆ دەستکەوت و ئاسۆیەکی نوێ.

 

‎بۆیە گەر بپرسین ئێستا چی بکەین جێگەی خۆیەتی واز لە شیکاری پرۆسەی هەڵبژاردن و بەخشینەوەی تۆمەت و کەم تەرخەمیەکان بێنین ، چونکە لای هەموان ئاشکرایە پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردن شتێکەو پرۆسەی حوکمیش شتێکی ترە ، لەم بوارەشدا وتەیەکی بەناوبانگ و کرداریی هەیە دەڵێت (هەڵمەتی هەڵبژاردن بە ڕۆمانسیەتی شیعر بەرێوەدەچێت، بەڵام کە هەڵدەبژێردرێن ناچار دەبێن بە واقعیەتی پەخشان حوکم بکەین)، چونکە گەر هەڵمەتی هەڵبژاردن تێکەڵ بە پرۆسەی حوکمکردن بکرێت ئەنجامەکان دڵخۆشکەر نابن و گرژی و ناعەقڵانی باڵکێش دەبن بەسەر پرسە ڕاستەقینەکاندا، بۆیە  دەبێت ئامادەکاریمان هەبێت و ئەنجامەکان بە چاو سەرکەوتنی گەورە وەربگرین ، روئیاو بەرنامە و پلانی یەکگرتوی کوردانەمان هەبێت، و مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بکرێت ودەست بەکاربین و بڕیاری یەکخستنی ناوماڵی کورد لە ئەولەویەتی کارەکانماندابێت، ئامادەبین بۆ دانوستان لەگەڵ نەتەوەی عەرەب و تورکمان ، ئامادەکارو ئامادەبین بۆ ڕێکخستنەوە و کارکردن لەسەر مەلەفی کارگێڕی و یاسایی و ئاسایش و ئاوەدانی، بەم شێوەی خوارەوە :  

 

‎یەکەم-لەسەر ئاستی نێوماڵی کورد : پێویستەحزبە کوردیەکان بەگشتی و یەکێتی و پارتی بەتایبەتی لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدنەوە، سیاسەتی کوردایەتی نەرم و ئاشتبونەوە پەیڕەوبکەن و واز لەدەستکەوتی حزبی بێنن و دەست بکەن بەدابەشکردنی دەورو ئامادەکاری بۆ هەر سیناریۆیەک بکەن و دەوری بەرپرسیاریەتی لەنێوان خۆیاندا دابەشبکەن و خەڵکی کەرکوک بەگشتی و کورد ئاشت بکەنەوە، هەروەها لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێم (ئەرکی سەرەکی ڕووبەڕووی دەستەی ناوچە کوردستانیەکان)و فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران و گروپی حکومی کورد لە بەغدا هەماهەنگبن و لەنێوخۆشیان میساقی شەرەف ئیمزا بکەن، پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان ببێتە پرسێکی سەرەکی و پرسێکی نیشتمانی .

 

‎دووەم-لەسەر ئاستی کەرکوک : دروستکردنەوەی پردی متمانەو پێکەوە ژیان لەگەڵ تەوای پێکهاتەکان بە تایبەتی تورکمان و عەرەب، بە ئاڕاستەی پێکەوە ژیانی هەمیشەیی و کۆتایی هێنان بە ناکۆکیەکان و بڕینی دەستی نەیاران و کورد خۆی دەرس و پەند لە رابردوو وەربگرێت ، بەنەفەسی هەڵمەتی هەڵبژاردن کار نەکەین، بەڵکو بە نەفەسی حوکمڕانی دروست و واقعبینانە کار بکەین .

 

‎سێیەم-لەسەر ئاستی کارگێڕی و یاسایی و ئاوەدانی
‎داننان بە پێکەوەژیان وبەشداری هەموان ،کە کوردو عەرەب و تورکمان و مەسیحیەکان مافی بەشدارییان هەیە لە بەرێوەبردنی حکومەتی ناوخۆیی بەڕێژەیەکی گونجاو کە حکومەتێکی خزمەتگوزار بێنێتە کایە و دەستی ئاوەدانی بگاتە کەرکوک و پشکی شێری بەر بکەوێت لەبنیاتنانەوە و ڕەخساندنی هەلی کار

 

‎چوارەم-لەڕوی یاساییشەوە هەوڵبدرێت بنەمای ماددەی [١٤٠ ]ی دەستور بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی پێکەوەژیان بخرێتە بواری جێبەجێکردن و پرۆژەی هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو [ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرش ] ئامادە بکرێن و هەموو ئەو کارە نایاساییانەش هەڵبوەشێنرێنەوە کە دوای ڕیفراندۆم کراون.

 

‎پێنجەم-لەسەر پرسی ئاسایش و ئاوەدانی و کۆمەڵایەتی لیستی کوردستانی دەستپێخەرو سازو ئامادەبێت .
‎شەشەم-ئەرکی هەنوکەیی بەپێی ماددەی (٧) لەیاسای ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکان ژمارە (٢١) ساڵی ٢٠٠٨ ی هەموارکراودا ، هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگارو جێگرەکەیەتی، کە دوای (١٥) رۆژ لە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەرێوەدەچێت، ئەنجومەنیش دوای (٣٠) رۆژ لە ئەنجامدانی یەکەم کۆبونەوەی، پارێزگارو جێگرانی هەڵدەبژێرێت بەدەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی . ئەگەر لێرەدا پرسیارێکی گرنگ بکەین ، ئایااجگە لەم بژاردەیە، بژاردەی ترمان هەیە؟؟

 

‎ئەم جارەش هەستی نیشتمانی زاڵ بوو بەسەر ڕق و تورەیی و نیگەرانیەکانی تاک بەتاکی کورد ،بۆیە پێمان وایە تەنها پێویستیمان بە رێکاری جێبەجێکردن و خشتەی کردارەکان هەیە ، گەر ئەم دەرفەتەش لەدەست بدەن بەدەردی دەردان و پەشیمانی و زەلیلی سەر دەنێنەوە ، با ئەم دەرفەتە بکەین بە نەخشەڕێگای سەرکەوتن و کۆتایی هێنان بە سیاسەتی چەوت و تەسکی حزبایەتی ، هاونیشتمانیان بەئەرکی کوردانەوی خۆیان ڕابوون و بە پەنجەمۆریخۆیان پێگەو دەسەڵاتیان گەڕاندوە ، ماویەتی سەرکردایەتی کورد ئەم شۆڕشی پەنجە مۆرە بکاتە هەلی هێزو سەکەوتن و دووبارە نەکردنەوەی سیاسەتی پێشوو، پرسی ناوچە جێناکۆکەکان پرسێکی نیشتمانیە و پرسی هەموانە .

 

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket