riklam

مام له‌ شام

بیروڕا 10:56 AM - 2023-12-17
عەلی شەمدین

عەلی شەمدین

عه‌لی شه‌مدین

 

مام جەلال لە بیرەوەرییەكانی نورەدین زازادا

گومانی تێدا نییە مام جەلال كاتێ نیشتەجێی شام بوو لە ناوەڕاستی پەنجاكانی سەدەی رابردوودا، لەپاڵ رۆشنفیكرە كوردەكانی تردا كە پەنایان بردبووە بەر دیمەشق،  رۆڵی گەورە و كاریگەری گێڕا لە بە ئاگاهێنانەوەی كوردی سوریا، زۆر كارایانە هانی دامەزرێنەرانی سەرەتای دا بۆ دامەزراندنی یەكەم حزبی سیاسیی كوردی لەسوریا، هەروەها یارمەتیدان لە نووسینەوەی پەیڕەو و پڕۆگرام و دۆكیۆمێنتەكانی حزب و پێكهێنانی سەركردایەتییەكەی و هەڵبژاردنی نورەدین زازاش بە سەرۆكی ئەو حزبە، كە لە 14/6/1957 بەرەسمی راگەیەنرا.

سوپاسگوزاری رۆڵی مام جەلالن

لەگەڵ ئەوەی بەشێكی فراوانی گەلی كورد و بزووتنەوە سیاسییەكەی لەسوریا و بەتایبەتیش ئەندامانی حزبی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی سوریا و هەوادارانی ئەو حزبە، هەردەم سوپاسگوزاری مام جەلالن لەسەر ئەو رۆڵە مێژووییەی لەو كاتەدا گێڕای، هەروەها خۆشیان بەقەرزارباری بەشداری كاریگەری ئەو دەزانن لە سەرهەڵدانی بزووتنەوە سیاسییەكەیان و شانازیش بەمام جەلالەوە دەكەن وەكو كەسایەتییەكی خاوەن كاریزما و رەمزێكی نەتەوەیی تا رۆژی ئێستاشمان، بەڵام كەسانێكیش هەبوون دژ بەو رۆڵە بوون و ئینكاریان دەكرد  بەهۆی باكگراوەندی سیاسیی پڕ لە رق و كینەی خۆیان، تۆمەتی زاڵمانەشیان ئاراستەی دەكرد و واتە واتی درۆیینەشیان لەبارەیەوە هەڵدەبەست، نەك هەر ئەوەندەش بەڵكو مەسەلەكە لای هەندێكیان گەیشت بەوەی رۆڵی گەورەو دیاری مام جەلال لە پاڵپشتیكردنی دامەزرێنەرانی یەكەم و بەشداری ئەو لە دامەزراندنی یەكەم حزبی كوردی لەسوریا نەهێنن و پەنایان بردە بەر دەستكاری كردن و ساختەكردنی ئەو مێژووەش بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان.

دەستكاری كردنی بیرەوەرییەكانی نورەدین زازا

دەستكاری و ساختەكردنی مێژوویی بزووتنەوەی كوردی سوریا، گەیشتە ئەوەی ساختەكاری لە بیرەوەرییەكانی كەسایەتییەكی گرنگ لەئاستی نورەدین زازا بكەن، كە سوپاسی رۆڵی مام  و پاڵپشتیكردنی كردووە لە دامەزرێنەرانی یەكەم لەو كاتەدا، ئەمە چ جای باسكردنی یارمەتیدانی مام جەلال بۆ خەباتگێڕانی كوردی سوریا لە دامەزراندنی حزبی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كورد لەسوریا و پشتبەستنیان بە شارەزایی ئەو لە نووسینەوەی پەیڕەو و پڕۆگرام و دۆكیۆمێنتەكانی حزبە تازەكەیان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی رێكخراوەیی مام جەلال بۆ بونیاتنانی هەیكەلی حزبەكەیان و كۆكردنەوەی جەماوەر و چالاكوانە سیاسیی و رۆشنبیر و كۆمەڵایەتییەكان لەدەوری حزبەكەیان.
نموونەی دەستكاری و ساختەكاری مێژووی ئەوكات، ئەو كارەی (رۆنی محەمەد دەمڵی)یە، كە كتێبی بیرەوەرییەكانی نورەدین زازا (حیاتی الكردیە)ی لە فەرەنسییەوە وەرگێرایە سەر زمانی عەرەبی، بەڵام لە وەرگێڕانەكەیدا لاپەڕە 140ی پەراوێزخستووەو لابردووە كە باس لەرۆڵی مام جەلال دەكات، لەكاتێكدا لەدەقی بنەڕەتی بیرەوەرییەكاندا كە بەزمانی فەرەنسییەو لە ساڵی 1993 بڵاوكراوەتەوە ئەوەی تێدایە، كاری ئەم وەرگێڕە بەهەموو شێوەیەك دوورە لە پیشەیی بوون، چونكە دكتۆر زازا لەو لاپەڕەیەدا شایەتی دەداو دان بەوەدا دەنێت، كە مام جەلال رۆڵی هەبوو لە دامەزراندنی حزبەكەیان.

زازا واباس لەرۆڵی مام جەلال دەكات

دەروێش غالب دەروێش كە لاپەڕەی 140ی كتێبە بیرەوەرییەكانی دكتۆر زازای وەرگێڕاوە لەفەرەنسییەوە كە ساڵی 1993 بەناونیشانی (Ma vie de kurde)  بڵاوكراوەتەوە،  قسەكانی دكتۆر نورەدین زازا سەبارەت بەمام جەلال بەمجۆرە هاتووە.

«جەلال تاڵەبانی یەكێك لەدیارترین سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی عیراق بوو، كە لەو كاتدا پەنابەری سیاسیی بوو لەسوریا و بەشداربوو لەگەڵمدا لە دیراسەتكردنی بەرنامەو پەیڕەوی ناوخۆیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەوڵماندا بزانین ئایە ئەو بەرنامەیە بۆ واقعی كوردی سوریا و دامەزراندنی حزبێكی كوردی لەوێ دەنگونجێت، دواتر ئەو خەونەش لەكۆتاییەكانی ساڵی 1957 هاتەدی و  حزبی دیموكراتی پێشكەوتووخوازی كوردی سوریا بوو بە هەقیقەت لەسەر ئەرزی واقع، ئامانجەكانی حزبەكەش بەرگری كردن بوو لە كەیانی نیشتمانی كوردی سوریا و داواكردنی مافی رۆشنبیری و ئیداری بۆ كورد لەچوارچێوەی سستمێكی دیموكراتی لەو وڵاتەدا، هەر دوای دانانی پەیڕەو بەرنامەی ناوخۆیی حزبیش، ئەندامانی دامەزێنەر لیژنەیەكی كاتی جێبەجێكاریان هەڵبژارد بۆ ئەوەی وەكو دەستەی باڵای حزب بێت تا كاتی بەستنی كۆنگرە، دوای هەڵبژاردنیشم بەسەرۆكی حزب، لیژنەی جێبەجێكاری هەڵبژێردراو دەستیان بەرێكخستنی خەڵك كرد و دوای ماوەیەكی كەم بووین بە بەخاوەنی ژمارەیەكی زۆر ئەندامی حزب، دواتر چاپكراوەكانمان بەزمانی كوردی و عەرەبی و بەشێوەیەكی نهێنی بڵاوكردەوە بەمەبەستی هۆشێاركردنەوەی كورد لەسوریا و بۆ ئاگاهێنانەوەیان لەو بارودۆخەی تێیدا بوون بەتایبەت لە ناوچە كوردییەكانی سوریا و هەروەها لە ناو وڵاتە عەرەبی و وڵاتانی تری جیهان».

مام جەلال و نورەدین زازا پێكەوە كاریان كرد

ئەوەی وتەكانی نورەدین زازای سەرۆكی حزبی دیموكراتی كوردی سوریا پشتڕاست دەكاتەوە، سەبارەت بە رۆڵی مام جەلال لەپاڵپشتیكردنی سەركردایەتی حزبە نوێكە و دكتۆر نورەدین زازای سەرۆكی حزب و یارمەتیدانیان بۆ بەهێزكردنی ریزەكانی حزبەكەیان و كۆكردنەوەی جەماوەر لەدەوری، وتەكانی سامی ئەحمەد نامییە لە كتێبی  (لوحات من التاریخ المفقود) كە تێیدا دەلێت:  مام جەلال و دكتۆر نورەدین زازا كۆتاییەكانی ساڵی 1957 گەیشتنە قامیشلۆ بەمەبەستی پەیوەندی كردن بە كەسایەتییە ناسراوەكانی كورد لە جەزیرە و رێكخراوە سیاسییەكانی وەك (رێكخراوی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كورد لەسوریا) و رازیكردنیان بۆ هاتنە ناو حزبە نوێكەوە، هەروەها دەڵێت: كاتێك حزبی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كورد لەسوریا دامەزرا، دكتۆر نورەدین زازا خوێندنەكەی لەسویسرا تەواوكردبوو تازە گەڕابۆوە بۆ سوریا، ئەوكاتیش جەلال تاڵەبانی لەكۆلێژی یاسای زانكۆی دیمەشق دەیخوێند، ئەوەبوو هەردوو خەباتگێڕ رۆڵێكی گەورەیان گێڕا لە كۆكردنەوەی هەموو رێكخراوە كوردییەكانی سوریا لەناو بۆتەی یەك حزبدا، كە ئەویش حزبی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كوردە لەسوریا، هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە 28/11/1957 هاتبوونە قامیشلۆ».

 

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket