riklam

لەبەردەم دەرفەت و دەستکەوتدا

بیروڕا 03:40 PM - 2023-12-16
عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عیراق بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیشەوە، هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەرە بۆ نوێکردنەوەی حکومەتە لۆکاڵییەکان و ئیدارەی لامەرکەزی لەسەرانسەری عیراق، بەتایبەت بۆ ناوچە کوردستانییەکان کە بەداخەوە تووشی شەپۆلێکی دیکەی جیاوازی و پەلامار و گەڕاندنەوەی دۆخی ناجۆر و سیاسەتی شۆڤێنیانە بوونه‌ته‌وه‌.

 

وەک کورد بێگومان گرنگە ئەوە بزانین کە ئەم هەڵبژاردنە بۆ بەریەککەوتن نییە لەگەڵ پێکهاتەکانی تردا، بەڵکو ئەم پڕۆسەیە بۆ دەستپێکردنەوەی سەردەمێکی تازە و پێکەوەژیانێکی نوێیە و ئەگەر بەشێوەیەکی لۆژیکانە و رێزلێگیراو مامەمەڵە لەگەڵ ئەنجام و دەرئەنجامەکانی بکرێت، لە توانایدا دەبێت دۆخی سیاسی لە عیراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بەرەو دۆخی سەقامگیرییەکی شایستە بەرێت.

 

بۆیە پێویستە هەموومان لە دەنگدەرانی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، بەگەرموگوڕییەوە بەشداری لەم هەڵبژاردنە گرنگ و چارەنووسسازەدا بکەین و لە رێگەی دەنگدانەوە کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە بسەلمێنینەوە، هەروەک چۆن سەرۆک مام جەلال لە رۆژی مورافەعە مێژووییەکەدا بەخستنەڕووی چەندین بەڵگەی مێژوویی، کوردستانیبوونی ئەو ناوچانەی سەلماند، ئێمەش ئەو راستییە مێژووییە بە دەنگدان بسەلمێنینەوە، هاوکات خەباتی هەڵبژاردن و بەشداری لە دەنگداندا، تەواوکەری خەباتی رزگاریخوازیی گەلەکەمان و وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی هێزەکانی پێشمەرگە و لەبیرنەکردنی ئەو زوڵم وستەمانەیە کە لە کورد و کەسوکارە شەهید و ئەنفالکراو و کیمیابارانکراوەکانمان کراوە.

 

دیارە یەکێتی وەک هێزێکی سەرەکی و کاریگەر باوەڕی بە پێکەوەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی ئارام و هاوچەرخ هەیە لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکانی عیراقدا، بۆیە وەک باوەڕێکی نەگۆڕ هەر هەڵبژاردن و سازانی نیشتمانی بە تاکەڕێگای چارەسەرکردنی ململانێکان لە کوردستان و عیراقیش دەزانێت و بە ئامرازی دروست و سەردەمیانەشیان دادەنێت لە پرسی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵاتدا.

 

لەم هەڵبژاردنەدا گرنگە هەموو هێزە سیاسییەکانی عیراق و کوردستان وەک هێزی بەرپرسیار رەفتار بکەن و دەرفەتێکی نوێ بدۆزنەوە و بەشوێن بنەمایەکی مومکیندا بگەڕێن بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە وێڕای ئەنجامە دیموکراسییەکانی، بگات بە رێککەوتنێکی سیاسیی تۆکمە، رێکكەوتنێک بتوانێت بەڕێوەبردن و ئیدارەی هاوچەرخ لە ئاستی محەلی و ئاشتی کۆمەڵایەتی سەرانسەریشی لە ئاستی هەموو عیراقدا لێبکەوێتەوە.

 

لێرەدا یەکێتی وەک حزبێکی کوردستانی چەپ و دیموکرات کە باوەڕی بە ئیرادەی سیاسیی خەڵکی کوردستان و عیراقە، هەمیشە لە خەمی ئەوەدایه‌ بەجۆری نوێنەرایەتیکردنێکی پەرۆش و  چالاک هاوبەشی بکات، نوێنەرایەتییەک که‌ ئامرازێکی کاریگەر بێت تا لە رێگەیەوە خواست و داواکارییەکانی گەلانی عیراق لە دیموکراسی و ئاشتی و ژیانی شایستە و دادپەروەریی بەدیبهێنرێت، بێگومان لەم پێناوەشدا گرنگە هەموو لایەنە سیاسییەکان لە عیراق و کوردستان بەدەر لە دەستکەوتی تەسکی حزبی، هەڵبژاردن وەک رێگایەک بۆ داڕشتنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و خزمەتکردنی گەلانی عیراق بەبێ جیاوازی سەیر بکەن.

 

ئێمە وەک یەکێتی بە رێزگرتنی تەواوەوه‌ مامەڵە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکەین و چاوەڕوانیش دەکەین کە ئەم پڕۆسەیە هۆکارێکی لەباری دیموکراسیانەی گونجاو بێت و دۆخی گۆڕاوی دیمۆگرافی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لەڕێگەی سەرکەوتنی دەنگی کوردەوە راستبکاتەوە و پڕۆسەی بەعەرەبکردن رابگرێت و هاوسەنگی بۆ ئیدارەدانێکی نوێ لە کەرکوک و خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە بگەڕێنێتەوە و ئارامی و سەقامگیریی ئەو ناوچانە لەڕێگای نوێنەرە هەڵبژێردراوە کوردستانییەکانەوە بە پشتبەستن بە سازان لەگەڵ نوێنەرایەتیی راستەقینەی پێکهاتەکانی دیکە، بەتەواوەتی ببریتەوە دۆخی سروشی خۆی.

 

لەڕاستیدا گرنگە کورد بەسەرکەوتنی، کار بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و خۆشگوزەرانی لەو ناوچە گرنگ و هەستیارانەدا بکات، پەیوەندیی برایانەی پتەو لەگەڵ پێکهاتە رەسەنەکانی ئەو ناوچانە بنیات بنێت و لەگەڵ هێزە عیراقییە بەرپرسیارەکانیش لە شێوازی هاوپەیمانی نوێی هاوسەنگدا، کاربکات بۆ مسۆگەرکردنی مافی رەوای خەڵکی ئەو ناوچانە بەشێوەیەکی سیاسی و دەستووری و ئاشتیانە.

 

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket