riklam

تەعریب زوڵمە،زوڵمیش تەعریب

بیروڕا 05:06 PM - 2023-12-15
ستران عەبدوڵلا

ستران عەبدوڵلا

ستران عەبدوڵلا ‍

-١-

رۆژەکانی رۆیشتن بێ سزا وپاداشت تێپەڕین، رۆژانی زەحمەتی و دژواری و هەژاری بوون، کەس نرخی ئەو بێ نرخیەی پێ نەدرایەوە وەک بڵێی تەمەنی خەڵک وازی مناڵان و ماڵە باجێنەی کچان بوون .. جا بیزانن و بیژمێرن خوا لەسەر بەندەکانی خۆی بە رۆژ و شەوی ژیان حیسابی کردوون، بە سەعات و سانیە و چرکەیانەوە، لە کاتێکا زیندان تەنانەت لە رژێمە فاشییەکانیشدا هەر شەو و رۆژێکی بە دەبل حیسابە، لە کاتێکدا  قیست و خەسم و بەخشیش لە کۆمپانیاکانی سەدەی نۆزدە تەرح و لێخۆشبوونی دێتە سەر.‍

-٢-‍

ئێمە لەم ئازارە بێ دەنگ بووین، نەک لەبەر گیانی لێبوردەیی کە هیچ نەتەوەیەکی سەردەست نیەتی خێرە لە کوردی نەگبەتی بخوازن ؟ ئێمە دەنگمان نەکرد چونکە وتمان وێڵی بکەین تا وەلبکا و سکتر بێت ، فەرامۆشی بکەین تا باقی عومرمان بمێنێ و دەرقەتی ژیانی بێین.دەنا لە بیرمان ماوە کە مەدرەسەی شۆڕش کرایە (مەدرەسەی بوحتەری) و ناوی جوانی قوتابخانەی هەڵگورد کرایە (مەدرەسەی ئیبن جەوزی ئیبتدایی) دەنا لە بیرمە کەی تەلەبەی عەرەب بوونە کەڵەگای سەر رێی من و شەرەفەدین ، مامۆستا تورکمانییەکەشمان کە جێبێکی قولباقەی هەبوو هیچی بۆ نەکردین تەنها ئەوە نەبێ دوو منداڵە تەمییز و نەستەلەکەی خۆی لە جێ و لە رێی شەڕەکە دوور خستەوە. ئینجا خۆمان ناچار بە جانتا و کتێبی (قیرائەی خەلدونی) کێشامان بەسەریانا و تۆڵەی شۆڕشگێریمان کردەوە،  پاشان دوای ئەو واقیعەی کەربەلایە کە کەسی تیا نەکوژریا لە بازاڕی مامرەکەی بەرامبەر (حەی قوتەیبە)ی تەعریبکراو بەرەو ناوچە ئازادکراوەکانی  بانکارێزی قوڵایی شۆرجە ڕامانکرد. ‍
-٣-‍

لەو رۆژەوە پیشەم راکردنە بەرەو ناوچە ئازادکراوەکان بۆ ئەوەی لەوێوە زمان لە زاڵم دەربێنم تا  فورسەتێک هەڵدەکەوێ و بە جانتا و کتێبی دەستم ئەکێشم بەسەریا . لە هەولێرەوە وام لەسەدام کرد و دوای سیویەکی ئابیش لەسلێمانییەوە زۆر وامکرد . کە زوڵمیش وەک ئیرهاب وایە دین و نەتەوەی نییە، نەتەوەی زوڵمو زۆرداری نەبێ، ‍لەو رۆژەوە رقم لە کەڵەگایی و گاگەلی و گوندەیی و وێران بە قەقیر و چڵکاوخۆری بەرامبەر باندەکان و بەرامبەر تەعریب  هەیە لە هەر کوێ و لەهەر کێوە بێت؟.‍

 -4-‍

تومەز هەر لە بیرمە و هەر کولانەوەیەکی دەوێت تا گشتی بێتەوە سەر لەوحی  یادەوەری ..رێک ئەو کاتە بوو (بێ سەرپەرشتان) و (بێ کەسان ) و (ئۆلیڤەر تویست) و (دایک )جەرگیان دەکرد بە ئاو و فرمێسکیان دەکردە عادەتی رۆژ ، نە لەبەر ئەوەی مەرجی کەمەندکێشی رۆمانیان تیابوو، بەڵکو چوون رێپۆرتاژی رۆژنامەکانی راستگۆ و وەک تەلەفزێۆنەکانی واقیع تەرجەمەی ژیانی ئێمەیان دەنووسییەوە و دووپات دەکردەوە. 

گاڵتەمان بەو فیلمانە دەهات کە مەینەتی و ئازاری رەشپێست و رەشئەسمەرەکانی ئەفریقا و هیند و ئاسیایان باس دەکرد لە هەمبەر سپی پێستەکانی رۆژئاوا، ئاخر ئێمەی گەنم رەنگی کورد ئەپارتایتی رەشپێستی عەرەبمان دەدی بەرامبەرمان . نازانم بۆ رۆژێک لەسەر دەقی شێرکۆ بێکەس کردیانە هەڵلاو و هاوار گوایە رەگەزپەرستە باسی سەربازی قولە رەشی عەرەبی کردووە کە هاتووە گوندی کوردستان وێران بکات ؟ ئەی بۆ کەس نەیگوت باسکردنی قژ زەرد و چاوشین وەک رەمزی ئیستعمار جۆرێکە لە رەگەزپەرستی بەرامبەر مرۆڤی سپی پێست ؟ 

برا گیان من رەشم لە کەرکوک دیتووە و (فرانز فانون) ی بیرمەندی ئازادیخوازی ئەفریقی لە جەزائیر  سپی پێستی بە نسیب بووە ، بۆ ئەو رەوایە باسی بکا و شێرکۆ بێکەسی ئێمە دەبێ دەمیدابخات؟ 

برا تەعریب لە کەرکوک داگترکارییە، با لە جەزائیر جۆرێک بێت لە رزگاری کەلتوری لە فرانکۆفۆنی، زوڵم زوڵمە و تەعریبیش هەروا. هەقە ئەوەی زوڵم دەفەرمێ ناوی تەعریبچی بێ و ئەوەی تەعریب دەکات نازناوی زاڵمی بەس بێت .‍

 -5-‍

رۆژەکان بە ئازار و ناخۆشی تێپەڕین کە هەژاری و نەداری و بێ نازی کوردەواری هاتن و چوون و تەعریب وەک جەنەڕاڵ ئازار بوو کە کۆی دەنگ و رەنگەکەی ئازار و مەینەتیشی  داگیرکردبوو ، کارێکی کرد هەژاری و بێ مافی وەک دیمەنێکی رۆمانسی بێتە بەرچاو کە حەز بکەیت نۆستالیژا بیگەشێنێتەوە.
ئەفسوس نە تەعزیب قۆڵبەست کراو  و نە تەعریب  سزای خۆی وەرگرتەوە. سڕ کرا تا پیشی خواردەوە و ئێستا ماری سڕ ماری بێ ئیجازەیە و گەرم بۆتەوە و ئامادەی پێوەدانی ترە، ئیتر  چۆن لێی غافڵ بین؟ لێی غافڵ نابین.

 

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket