riklam

روانینێکی شەرعیانە بۆ هەڵبژاردن و دەنگدان

بیروڕا 10:35 PM - 2023-12-14
مەلا ئیدریس ژاڵەیی

مەلا ئیدریس ژاڵەیی

*مەلا ئیدریس ژاڵەیی

‎هەڵبژاردنەکان بە گرنگترین ڕێگەی گەیشتن بە کارتێکردن و چاککردنی کۆمەڵگەکان لەقەڵەم دەدرێن، بۆیە بەلای هەندێک لە زانایانەوە نەک هەر قەدەغە (حەرام) نیە بەڵکو پێویستە (واجبە) هەمووان بەشداریی تێدابکەن دەنگدان مافێکە پێویستە هەمومان پەیڕەوی بکەین ..

‎هیچ ناشەرعیەک لە هەڵبژاردندا نیە و مافێکە خوای گەورە بە هەموو مرۆڤێکی بەخشیوە کە مرۆڤەکان ئازادانە ویست و ویژدان و هێز و ئیرادەی خۆیان پیادە بکەن ، بنەمای هەڵبژاردن و دیاریکردنی کەسی هەڵبژێرراو لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا  ئەمانەت و هێز و توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی یە، لە قورئانی پیرۆزدا  و تایبەت لە  بەسەرهاتی کچەکەی شوعەیب " سەلامی خوای لەسەر بێت" سیما و ئاکارە دیار و پێویستەکانی دەسەڵاتداری دەستنیشانکردوە کە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت : {  إِنَّ خَيْرَ مَنِ اسْتَأْجَرْتَ الْقَوِيُّ الْأَمِينُ  }(القصص،26) هێز واتە دەسەڵات و توانا، واتە  لەخۆگرتنی بەرپرسیاریەتی ، ئەمانەت واتە: دڵسۆز بوون ،ویژدانێکی زیندوو کە لێپرسینەوەت لەگەڵ بکات و ڕێگە نەدات کەمتەرخەم بیت.

‎ هەڵبژاردنەکان هەموو چارەنوسسازن بەو پێیەی هێڵە گشتیەکان و شێوە و شێوازی ژیان و گوزەران دەکەوێتە ئەستۆ و کاری ئەو کەسە هەڵبژێرراوانە ، بەم پێودانگە  دەنگدان جگە لە ماف دەبێتە ئەرکێک و پێویست دەکات هەمووان دەنگ بدەین و هەر بەو تێگەیشتنەش هەڵبژاردنی کەسانێک کە ئەو سیمایانەیان هەبێت ئەرکی سەرشانی هەموان دەبێت و هەڵبژاردنی کەسانی بێهێز و ناشارەزا و نائەمین شایەتیدانێکی ناهەقە و ناپاکیە لە ئەمانەت و بەرپرسیاریەتی .

‎لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام دەدرێت و لەو چەند پارێزگایەش کە بوونی کوردیان هەیە پێویستە ئەو کوردانەی کە مافی دەنگدانیان لە ئەو  شوێنانە هەیە دەنگ بە کەسانی هاونەتەوە و هاوزمانی خۆیان بدەن، چونکە بەرژەوەندیی ئێمەی کورد  لە هەژمونی کورد لە ئەو جێگایانە هەیە (من باب جلب المصالح و درء المفاسد)  و زۆر پێویستە کەسە بەهێز و بە  توانا و شارەزا و دڵسۆزەکان هەڵبژێدررێن ، لە هەمووشوێنەکانیش گرنگتر  هەڵبژاردنە لە شاری بەزۆر دابڕاوی کەرکوک ، کە بەهەموو پێوەرە ئاینی و نیشتمانییەکان پێویست دەکات هەموان دەنگ بدەن هەم بۆ گێڕانەوەی مافێکی خوراوی کورد کە خاوەندارێتی شاری کەرکوکە بۆ باوەشی کوردستان و هەم هەڵبژاردنی کەسانی دڵسۆز و خەمخۆری شاری کەرکوکە کە بەهێزن و دەتوانن ڕووبەڕووی نەیارانی کورد ڕاوەستن و مافەکانی کورد لە شارەکەی خۆیان دابین بکەن.

‎بە هەموو پێودانگەکان شادکردنی ڕۆحی خوالێخۆشبوو سیمبوڵی پارێزگاری لە کوردستانیەتی کەرکوک و ڕابەری ڕابونی کوردایەتی مام جەلال  کە بەدەنگی بڵند و سەربەرزانە کوردستانیەتی کەرکوکی بە هەموو جیهان بە شێوەیەکی گشتی و جیهانی ئیسلامی و مەیدانی عیراقی بەتایبەت لە مەجلیسی حوکم ڕایگەیاند بەوە شاد دەبێت کە هەموان دەنگ بەو لیست و کەسایەتیە بدەن کە شەڕی مان و نەمان لەسەر کەرکوک دەکات و ئێستا لە کەرکوک بەهێزترینە و بونی جەماوەری  هەیە و ئەمڕۆ چاونەترسانە لەناو شەقام و گەڕەکەکانی شاری کەرکوکدا بەدەنگی بڵند هاوار دەکات و دوێنێش لە پێناوی دورخستنەوەی شەڕ لە کەرکوک و وێران نەبوونی شارەکە قوربانیدا ڕێک وەک ئەو دایکەی لە پێناوی سەلامەتی ڕۆڵەکەیدا قوربانی دا  وەک لە تەفسیری قورئانی پیرۆز و لە فەرمودەکەی پێغەمبەری ئیسلام "درودی خودای لەسەربێت" هاتووە : دوو ئافرەت لە گەڵ دوو کۆرپەیان بوون گورگێک یەک لە ڕۆڵەکانی ڕفاند و ئەمیان گوتی ڕۆڵەکەی تۆ بوو گورگ ڕفاندی و ئەویان گوتی نەخێر ئەوەی تۆ بوو  کێشەکەیان بردە پێش داود "سەلامی خودای لەسەر  " و ئەویش حوکمەکەی ڕێک و ڕاست دەرنەچوو و بڕیاریدا ئەوەی ماوەتەوە ڕۆڵەی ئەوەیانە کە گورگەکە ڕفاندبووی ، بەڵام کە سولەیمانی کوڕی داود " سەلامی خودا لەسەر هەردووکیان " بەمەی زانی گوتی ئێستا من دەزانم ڕۆڵەی ڕاستەقینەی کام دایکەیە بەوەی کە کامەیان زیاتر جگەری بۆی دەسوتێت ،  هەردووکیانی بانگ کرد و گوتی چەقۆیەکم بۆ بێنن دەیکەم بە دوو کەرتەوە هەرکەرتێکی بۆ یەکێکتان ،! لێرەدا دایکە درۆزنەکە ئامادەبوو و بەلایەوە ئاسایی بوو مردن و لەناوچونی  کوڕەکە چونکە ڕۆڵەی خۆی نەبوو و تەنها ئیدیعای دەکرد بەڵام دایکە ڕاستەقینەکە و دڵسۆزەکە  قوربانیداو و هاواری کرد نا نەکەی با لای ئەو بێت بەمەرجێک ڕۆڵەکەم نەمرێت ، لێرەدا سولەیمان وردتر بوو لە داودی باوکی لە ئەم قەزاوەتەدا " سەلامی خودا لەسەر هەردوکیان بێت" و ڕۆڵەکەی گەڕاندەوە بۆ دایکە دڵسۆز و ڕاستەقینەکەی کە ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک قوربانی بدات 

 

دڵنیابن کەرکوک ڕۆڵەی ئێمەیە و قوربانیمان لە پێناویدا داوە و هەر دەگەڕێتەوە بۆ لای دایکە دڵسۆز و ڕاستەقینەکەی.

‎دەست لە دەست و هێز و هاوکاری و بەهاناوەهاتنی گەلی ستەمدیدەی کورد لەلایەن خودا.

‎خودایە لیستە بەهێز و دڵسۆزەکەی کەرکوک سەربخەیت.‍

‎مامۆستای ئایینی  - کەلار*

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket