riklam

رێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار..

بیروڕا 04:31 PM - 2022-01-11

رێکارە دەستوری و یاساییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەعیراقدا...
تارق جەوهەر سارمەمی

مێژووی سەرۆک کۆمارلەعیراق دەگەڕێتەوە بۆ سالی ١٩٥٨ کەبەهۆی کودەتای سەربازی کە بە شۆرشی ١٩٥٨ ناسراوە تیادا سیستمی حوکمرانی لە  پاشایەتییەوە بۆ سیستمی کۆماری گۆڕدرا، ژەنراڵ عەبدولکەریم قاسم بووە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵنەبژێردراو لەعیراقدا. دوای کودەتای بەعسییەکانیش لە ١٩٦٣ چەندین سەرۆک کۆمار بەبێ هەلبژاردن خۆیان بەسەر ئیرادەی گەلانی عیراق فەرز کرد، هەریەک لە (عبدالسلام عارف) و (عبدالرحمن عارف) ی برای و پاشانیش ئەحمەد حەسن بەکر و ئینجا سەدام حوسێن بوون بەسەرۆک کۆماری عیراق. هەموو ئەوناوانەی هێنران دەسەلاتێکی رەهاو فراوانیان هەبوو و خۆیان لە سەرووی یاساوە دەبینی.  هەمووشیان عەرەب بوون وبۆ ماوەی جیاجیا حوکمرانیان کرد کە تەمەنی حوکمرانیەکەی سەدام لەهەموویان زیاتر بوو ٢٣ ساڵ بوو.  بەلام جگە لە عبدالرحمن عارف، خالی هاوبەشی هەموویان ئەوەبوو، کە هیچ کەسێکیان بەمردنی خۆیان نەمردن یا کوژران یا سوتان یان لەسێدارەدران . 

خولی یەکەم ٢٠٠٥ 
لە دوای ٢٠٠٣ وروخانی رژێمی سەدام،  قۆناغێکی تازە هاتە پێشەوە سەرۆک کۆمار لە پۆستیکی پردەسەلاتەوە بۆ پۆستیێکی پرۆتۆکۆلی وتەشریفاتی گۆردرا. بەدەستوور دەسەلاتەکانی دیاریکران. بەلام هێشتا ئەو پۆستە چاوی زۆری لەسەرە، هەرچەندە وەک عورفێکی سیاسی چوار دەورەیە لەلایی کوردە،  بەلام هەندیک جار عەرەبی سونەش تامەزرۆی وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە دەکەن ئەگەر بۆیان بچێتە سەر. 
لەدەستپێکی هەر خولێکی هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی نوینەران عیراقدا، دوای هەلبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوینەرانی عیراق، بەپێی رێکارە دەستووریەکان، هەلبژاردنی سەرۆک کۆماری، هەنگاوی دووەمی پرۆسەی سیاسییە  بۆ پێکهێنانی هەر حکومەتێکی نوێ. ئێستا زۆریەی چاوەکان لەسەر مەسەلەی هەلبژاردنی سەرۆک کۆمارە، کە لەوەتای رووخانی رژێمی سەدام لە ٢٠٠٣ وبەتایبەتیش لە ٢٠٠٥ ەوە، پشکی کوردبووە، لە نێو کوردیش بەشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە، جگە لە خولی یەکەم کە لە ٦ی نیسانی ٢٠٠٥ بەرێوەچوو، تیایدا  سەرۆک مام جەلال وەک یەکەم سەرۆک کۆماری  کورد لە مێژووی دەولەتی عیراقدا بە ٢٢٧ دەنگ، لەکۆی ٢٥٧ دەنگی ئەنجومەنی نیشتمانی هەلبژێردرا.  
 هەر لەهەمان پرۆسەشدا دوو جێگرەکەی سەرۆک کۆمارهەر یەک لە (عادل عبدالمهدی وغازی الیاوەر)بوون،  بەیک پاکێج لەگەل سەرۆک کۆمار هەڵبژێردران. بەلام لەخولی دووەمی هەلبژاردنەوەی سەرۆک مام جەلال  وخولەکانی دواتریش، هیچ جارێک پرۆسەی هەلبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق بێ کێشە وگرفتی سیاسی وهاتنە پیشەوەی زیاد لەکاندیدێک  بەرێوە نەچووە.

خولی دووەم ٢٠١٠ 
بەهۆی ئەوەی داواکاری سونەکان لەلایەن لیستی هاوپەیمانی شیعەکانی عیراق پشتگوێ خرابوو، کە داوای هەڵگرتنی ناوی چەند کەسایەتیەکی سونەیان دەکرد کە یاسای رێکشەکێش کردنی بەعس بەسەریاندا جێبەجێ نەکرێ،کەئیشعەکان ئەم داوایەی سونەکانیان پشتگۆێ خست، پێشتریش داوایان کردبوو کە پۆستی سەرۆک کۆمار بدریتەوە سوونە وسەرۆکی پەرلەمان بدریتە کورد ئەوەشیان بۆ نەچووبووە سەر، بۆیە وەک پەرچەکردار (ئوسامە نوجەیفی) کەسەرۆکی پەرلەمانی خولی دووەمی عیراق بوو لەگەل ئەندامانی لیستی العراقیە، پێش هەلبژاردنی مام جەلال بە سەرۆک کۆمار چوونە دەرەوە  وبایکۆتی پرۆسەکەیان کرد، ئەوەبوو قوسەی سوهەیل کە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بوو، ئیدارەی دانیشتنەکە وپرۆسەی هەلبژاردنی سەرۆک کۆماری کرد، خولی دووەمی هەلبژادرنی سەرۆک کۆمار لە ١١ی تشرینی دوەمی ٢٠١٠ بەرێوەچوو، لەم هەلبژاردنەدا تاکە نوینەری کورد کە سەرۆک مام جەلال بوو،  لەخولی یەکەمدا ٢١٦ دەنگی لە کۆی ٣٢٥ دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بەدەستهێنا، بۆیە لە دووبارە کردنەوەی هەلبژاردنەکەدا، مام جەلال لەکۆی ٢٥٥ ئەندامی ئامادەووی دانیشتنەکە ١٩٨ دەنگی بەدەستهێنا وبۆ جاری دووەم بەسەرۆک کۆماری عیراق هەڵبژێردرایەوە.

خولی سێیەم ٢٠١٤ 
 دوای هەلبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی عیراق لە ٣٠ی نیسانی ٢٠١٤  بەرێوەچوو، لەم خولەدا لەناو یەکێتی جگە لە د. فواد مەعسوم زیاد لە کاندیدیک هەبوون لەوانە د. بەرهەم سالح  ود. نەجمەدین کەریم  بەلام دواجار د. نەجمەدین خۆی کێشایەوە وەک پارێزگاری کەرکوک مایەوە، رکابەریەکە لەنێوان د. بەرهەم  ساڵح ود. فواد مەعسوم  مایەوە، دواجار لەناو لیستی کوردستانی لەپەرلەمانی عیراق هەڵبژاردنێک بۆ یەکلاییکردنەوەی کام رکابەر  دەبێتە کاندیدی لیستی کوردستانی، وتیایدا د. فواد مەعسوم دەنگی زیاتری هێناو بووە کاندیدی لیستی کوردستانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار. 
 لە رۆژی ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٤  لەناو دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە جەولەی یەکەمی هەلبژاردنی سەرۆک کۆماردا، جگە لە د. فواد مەعصوم چەند کاندیدیکی دیکەی عەرەب هەبوون، لەوانە: حەنان فەتلاوی (٣٧) دەنگ وحسێن موسەوی ( ٣) دەنگ و فائق شێخ عەلی( ١٠)یان هێنابوو . بەلام حەنان وفائق شێخ عەلی خۆیان کێشایەوە لەجەولەی دووەمدا حوسین موسەوی وەک رکابەری د. فواد مەعصوم مایەوە بەلام تەنیا ٣ دەنگی هێنا.
د.فواد مەعصوم وەک نوینەری کورد ویەکیتی نیشتمانی کوردستان بە ٢١١ دەنگ لە کۆی ٢٧٥ دەنگی ئامادەبووی دانیشتنەکەدا لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا بەسەرۆک کۆماری عیراق هەڵبژێردرا. بووە دووەمین سەرۆک کۆماری کورد لە مێژووی عیراقدا.  

خولی چوارەم ٢٠١٨ 
 بەهۆی قولبوونەوەی ناکۆکیەکانی نێوان یەکیتی وپارتی لەسالی ٢٠١٨  کورد نەیتوانی لەسەر کاندیدێکی یەکگرتوو ڕێک بکەوێ، چونکە بۆیەکەمجار پارتی دیموکراتی کوردستان داوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری کرد، بۆیە یەکیتی وپارتی هەریەکەیان بەکاندیدیک چوونە مەیدانەکە، یەکێتی بە د. بەرهەم سالح و پارتیش بە د.فواد حسێن چوونە ناو هۆی دانیشتنی پەرلەمان، جگە لەمانیش چەند کاندیدیکی تری کورد وغەیرە کوردیش هەبوون، لەجەولەی یەکەمی پرۆسەی هەلبژادرنەکەدا د. بەرهەم ١٦٠ دەنگ ود. فواد حسێن ٤٨ دەنگ و سرو عبدالواحدیش ١٨ دەنگیان هێانبوو بۆیە  هیچ کام لە بەربژێرەکانی یەکیتی وپارتی نەیانتوانی  دەنگی پێویست بهێنن، کە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانیان پێویست بوو، بۆیە پێویستی بە خولی دووەمی هەلبژادرن هەبوو هەرچەندە پارتی کاندیدەەی خۆی کێشایەوە بەلام ئەو کێشانەیوە لەلاەین سەرۆکایەتی رەتکرایەوە و پرۆسەکە بەرکابەری لەنیوان د. بەرهەم و د. فواد  بەرێچوەچو تیایدا کانیدەکەی یەکیتی کە د. بەرهەم سالح بوو توانی  ٢١٩ دەنگی لەکۆی ٣٠٢ دەنگی  پەرەلمانتارانی ئامادەبووی دانیشتنەکە بەدەستبهینێ. هەرچی کاندیدەکەی پارتی بوو د. فواد حسێن تەنیا ٢٢ دەنگی بەدەستهێنا، ئەمەش نیوماڵی کورد زیاتر ڵێکترازان ویەکهەڵویستی کوردی زیاتر پەرتەوازە کرد.  

 خولی پێنجەم٢٠٢٢ ؟
هێشتا دیارنیە کێ دەبێتە پێنجەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو لەعیراقدا، هەرچەندە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی خۆیدا لەرۆژی ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ بەرەسمی د. بەرهەم ساڵح ی وەک تاکە کاندیدی یەکیتی دیاری کرد، هاوکات پارتی دیموکراتیش لەرێی هوشیار زیباری یەوە رایگەیاند: کە ئەوان هیچ کاندیدیکیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نابێ. بەلام نابێ ئەو قسەی فازل میرانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتیش نادیدە بگرین کە دوو هەفتە لەمەوبەر بەمیدیاکانی راگەیاندبوو، کە هەلبژاردنی سەرۆک کۆمار موفاجەئەشی تێدا دەبێ!. بۆیە دەبێ بەوریاییەوە چاوەرێی هەردوو ئەگەرەکە بکەین؛ کە رەنگە لە دوا چرکەساتدا، یەکێتی وپارتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش رێک بکەون، بەلام بژاردەی خراپ ئەوەیە کە دیسان وەک سالی ٢٠١٨ هەردوولا بە دوو کاندیدی جیاواز بچنە نێو پرۆسەی هەلبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق، شەرەفی یەکلایکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بدەنەوە دەست هێزە سونی وشیعییەکان.
 هەرچەندە پۆستی سەرۆک کۆمار؛ پۆستیکی تەشریفاتییە ودەسەلاتێکی پرۆتۆکۆلی دیاریکراوی هەیە لەبەرانبەر دەسەڵاتە زۆرەکانی سەرۆک وەزیراندا. بەلام هەم لە دەستوور، هەمیش لەیاسای ژمارە ٨ی سالی ٢٠١٢ یاسای ئەحکامی خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆک کۆمار، کۆمەڵێک رێکاری دەستووری ویاسایی هەیە کەپێویست دەکات هەڵوەستەیان لەسەر بکەین چونکە کاریگەری راستەوخۆیان بە دیاریکردنی میکانیزمی  هەلبژاردنی سەرۆک کۆمارەەوە هەیە، بۆیە بە پێویستی دەزانین لێرەدا ئاماژەیان پێ بکەین:
1. بەپێی ماددەی 2 لە یاسای ژمارە 8ی سالی 2012 یاسای ئەحکامی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، سێ رۆژ دوای هەلبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، دەرگای خۆپالاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رادەگەیەندرێ. 
2. هەر کەسێک لەخۆی راببێنێ و مەرجەکانی مادەی 1 تێدابێ، لەماوەی سێ رۆژدا، بەنووسراو داواکاری خۆ کاندیدکردن و کورتەیەکی ژیاننامەکەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات. 
3. پاشان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ناوی ئەو کەسانەرادەگەیەنێ کە مەرجە یاساییەکانی خۆ کاندیدکردنیان هەیە.
4. ئەوانەی کە ناویان رانەگەیەندراوە مافی یاسایی خۆیانە نارەزایی لە دادگای فێدراڵی تۆمار بکەن.
5. لەماوەی سێ ڕۆژدا دادگای فیدرالی داواکە یەکلایی دەکاتەوە.
6. پاشان ئەنجومەنی نوێنەران ناوی ئەو پالێوراوانە رادەگەیەنێ کە دادگای فیدرالی پەسەندی کردوون.
7. پێش تەواو بوونی ماوەی دەستووری کە 30 رۆژە، ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر داوای سەرۆکی پەرلەمان کۆدەبێتەوە، بۆ هەلبژاردنی سەرۆک کۆمار لەنێو ئەو پالێوراوانەی کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە.
8. بەپێێ مادەی 7ی یاساکە؛ ئەو کەسە دەبێتە سەرۆک کە لەخولی یەکەمدا بتوانێ دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بێنێ.
9. ئەگەر هیچ کام لە پالێوراوەکان لە خولی یەکەمدا، نەیانتوانی زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بهێنن، هەلبژاردنەکە دووبارە دەکرێتەوە و لەم حالەتەدا هەرکامیان توانی دەنگی زیاتر بێنێ دەبێت بەسەرۆک کۆمار.
10. ئەگەر یەک پالێوراو هەبوو توانی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست بێنێ دەبێتە سەرۆک. بەپێچەوانەوە دانیشتنەکە بەردەوام دەبێت وئەو کەسە دەبێتە سەرۆک لەدەنگدانی دووەمدا  بتوانێ زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بێنێ.
11. سەرۆک کۆمار لەبەردەم پەرلەمان و سەرۆکی دادگای فیدرالی سوێندی یاسایی دەخوات.
12. ماوەی سەرۆک کۆمار بۆ چوار ساڵ دەبێت، لە رۆژی سوێندخواردنییەوە، بۆی هەیە یەکجاریش خۆی کاندید بکاتەوە ونابێ لەهەشت سال زیاتر بێت.
13. ئەرکی گەورەی سەرۆک کۆماری لەدوای هەلبژاردنی لەلایەن پەرلەمانەوە بریتییە لەوەی؛ کە پێویستە لە ماوەی ١٥ رۆژدا نوینەری کوتلەی زۆرینەی پەرلەمان رابسپێرێ بۆ ئەوەی لەماوەی ٣٠ رۆژدا ناوی پێکهاتەی کابینە نوێی حکومەت پێشکەش بە پەرلەمان بکات.   

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket