riklam

هەولێر لە بری جەژنەكانی سەری ساڵ لە شیندایە

بیروڕا 11:24 PM - 2021-12-21

        شاری هەولێر لەوەتەی هەیە هەر شاری شاران بووە، هەمیشە و بەردەوام روحی بەرهەڵستی بەرزی دوژمنان و ناحەزانی هەبووە و هەرگیزیش سەری دانەنواندووە، تەنانەت بۆ دەڕندەترین مرۆڤی مێژویی ئەم سەر زەمینە، هەربۆیە نازناوی هۆلاكۆ بەزێنی پێدراوە، شاری پیاوە مەزنەكان و ئاوەدانی و پێكەوە ژیان و هەموو سەردەمانێك جمەی بە هاوڵاتیان لە رەگەز و پێكهاتەی جۆراوجۆر هاتوە، هەولێر بە بینا و باڵەخانە و قەڵا و منارەكەی شاری جوانی و روگەی گەشتیاران و گەڕیدەی وڵاتان بووە، ئەو شارە سەربەرز و دیرۆكیە ئەگەر رۆژێك شینی بۆ شەهیدێك یان لە دەستدانی بەشێكی لەسەر دەستی دوژمان گێڕابێت، سەدان رۆژ شایی بۆ رۆڵە قارەمانەكانی و ئاوەدانی و جوانیەكەی گێڕاوە، ئەو شارە خۆشەویستە هەقی لەسەر هەموو لایەكە لەوەی هەیە جوانتر و ئاوەدانتر و سەوزتری بكەن، لە پێشدا لەگەڕەكە هەژار نشینەكان ئینجا دەوڵەمەند و پارەدارەكان، چونكە هەژارەكان سوتەمەنی شۆڕش و بەرخودان و سەنگەری بەرەنگاربوونەوە بوون، كوڕ و لاوە چەلەنگ و مێرخاسەكانی سەرمەشقی ئازایەتی و جۆشدانی كورەی خەباتی كوردایەتی و مەردایەتی بوون، شەقامی بەردەم یاریگەی هەولێر، جادەی مەخمور، سەیتەرەكەی كارگەی قیر، گەڕەكی زراعە و چەندین مەیدانیتر سەلمێنەری ئەو راستیەن ، مخابن لەبری ئەوەی ئەو گەڕەكە هەژارنشینانە، خزمەت بكرێن لە روانگەی ئەوەی ئەوانە زۆربەیان خاوەنی ئەو خانوە قوڕانە بوون كە رۆژانێك كوانوی مقاوەمەت و  شوێنی حەوانەی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكان بوون، كەچی ئەوە لەبەر چاو نەگیراوە و هەولێر كراوەتە دوو زۆن، یەكێكیان هەموو شتێكیان بۆ فەراهەم كراوە، ئەوەیتریان جگە لە رێزكردنی خانو لە تەك خانو هیچیتر، رەچاوی هەڵكەوتە سروشتیەكەشیان نەكراوە، چونكە لە بنەڕەتدا هەولێر كەوتۆتە دامێنی زنجیرە زورگی كەسنەزان و چەندین رێڕەو و ئاوەڕۆی بارانی هەیە، بەڵام هەمویان بە هۆكاری جۆراوجۆر دەسكاریكراون، بۆیە چەند ساڵێكە هەر بارانێكی نەختێك توند و بەلێزمە دەبارێت، دەبێت چاوەڕوانی لافاو بكرێت، هەموو جارێش بەپاساوی جۆراوجۆر وڕقمی لێكراوە چارەسەرنەكراوە،  زۆر بەداخەوە ئەوە سەری كێشا بۆ ئەوەی هەولێر لە بری جەژنەكانی سەری ساڵ  لە شیندا بێت، نزیكەی مانگێك پێش ئێستا، بەهۆی نیو كاتژمێر بارانی بەخوڕ بەشی باكوری هەولێر بە فعلی فاعیل لافاوی لێ هەڵستاو زۆربەی هەردوو شاری زێڕین و كۆری ژێر ئاو خست، لەگەڵ ئەوەی زەرەری گیانی نەبوو بەڵام زیانێكی بێشوماری ماددی  لێكەوتەوە، بەئاشكرا راگەیاندرا كە هۆكارەكەی ئەوەندەی سروشتی بووە، دوو ئەوەندە دەسكردی مرۆڤەكان بووە دەبێت هەژماریان لەگەڵدا بكرێت، چەند رۆژێك بەگەرمو گوڕی باس و خواسی كەناڵەكان و سۆشیال میدیا بوو، دواجار خۆی لێ كڕ كرا. لە دوو رۆژی رابردووشدا دیسان دوای باران بارینی بەخوڕ چەندین گەڕەك و ناحیە و گوندی باشور و باشوری رۆژهەڵاتی هەولێر ژێر ئاو كەوت، ئەمجارە نەك هەر زەرەر و زیانی ماددی زۆر گەورە زیانی گیانیشی لێكەوتەوە، تا ئێستا 12 كەس شەهید بوون، مخابن منداڵێكی 10 مانگە و شوانێكیش تەرمەكانیان نەدۆزراوەتەوە، ئێمە خەڵكی ئەو هەولێرەین، ساڵانە باران زۆر و كەم هەر باریوە  بەڵام هەرگیز  ئەوەندە زەرەرو زیانی گەورەی لێنەكەوتۆتەوە، لەبەرئەوەی بە رێڕەو و كەندڕی خۆی سەرەو خوار بووە و رۆیشتوە، بەدڵنیاییەوە كەسانێك هەروەكو ئەوەی شاری زێرین و گوندی كۆری، بەربەستیان هەڵبەستوە یان دەسكاری سروشتەكەیان كردووە، بۆیە ئاوەكە لە رێڕٍەوە ئاساییەكەی خۆی لایداوە و ئەو هەموو زیانە گیانی و ماددییە گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڕاستی ئەگەر هەژمار لەگەڵ هەر كەسێك بكرێت كە هۆكاری ناڕاستەوخۆی خوڵقاندنی ئەو كارەساتە گەورەیە بووە، دەبێت بەرپرسەكان هەژماریان لەگەڵدا بكرێت، چونكە ئەوانە زانیاریان لەسەر دەسكاریكردنەكان هەبووە، دەبوو ئەوەی پێویستە بیان كردبا و ئەو خەڵكە بەشمەینەت و خاك بەسەرەیان بە تەنیا بەجێ نەهێشتبا و نەیان دابانە دەست قەدەر و كاراساتی سروشتی، ئەوەی گرنگە باران هەر دەبارێت گواستنەوەی ئەو هەموو خەڵكەش ئەستەمە خۆ ناشكرێت هەر هەڕەشەی لافاویان لەسەر بێت و دەستیان لەسەر دڵیان بێت، باشترین بژاردە ئەوەیە حساب و كیتاب لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێت كە بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەسكاری جوگرافیای ئەو شارە خۆشەویستەیان كردووە، رێڕەوە ئاویەكانیان پێ بكەنەوە و قەرەبووی تەواوی خانەوادە و روحی پیرۆزی ئەو شەهیدانەشیان پێ ببژێرنەوە و بیانكەنە پەند و عیبرەت بۆ هیتریش كە زاتی غەدری لەو شێوەیە لە هەولێر و خەڵكە خۆ راگرەكەشی نەكەنەوە .   

PUKmedia      ن: عەبدولواحێد محەمەد 


زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket