riklam

جەرگم دەسوتێ......!

بیروڕا 09:47 PM - 2021-12-09

كوردستانیەكی دڵسۆز نیە، نەزانێت پێشمەرگە هێزێكی چەند ئازا و زەبر وەشێنە، شەوی ئەنگوستە چاویان رۆژی روناك بووە، بۆ لوت شكاندنی دوژمنان و ناحەزان، ساتێك نەبووە، كۆڵانێك نەبووە، گوندێك نەبووە، تەنانەت سەنتەری شارە گەورەكانیش نەبووە،رۆژانە مەنجەنیقێك بۆ بۆرە پیاو و كاسەلێسەكان هەڵنەخەن و لە ناو خوێنی خۆیان نەیان گەوزێنن، قەد شاخێك ، سەر گردێك ، دۆڵ و لاپاڵێك نەماوە، بە خوێنی ئاڵی سوری خۆیان نەینەخشێنن، هەرچی گوڵاڵە سورە هەیە لەم كوردستانە رەنگینە لە ساتی تێنوبووندا بۆ ئازادی و سەرفرازی بە لرفەی خوێن رەگاژۆیان نەكردبێ، پێشمەرگە ئەوەندە ناوێكی گەورە و سحراویە لەگەڵ ناوهێنانیان روحە زیندوو پەرستەكان زیندووتر  و مردوو پەرست و شەرمەزارەكانیش رو زەردی مێژو و مردووتر دەبوونەوە،  تەنها بە ناوهێنانیان دوژمنان هەڵدەرزین و سەری خۆیان نەعامە ئاسا لە ناو گڵدا دەشاردەوە، تەنانەت منداڵی ناو بێشكەشیان بەو ناوە دەخەواند، ئەو دەمانە پێشمەرگە بەسەركردە و بنكردەوە بە یەكەوە بوون و بەیەكەوەش لەسەر كەڵەكە بەرد و لە ژێر ئاسمانی پان و بەریندا سەرخەویان دەشكاند، هەمویان بە نانە رەقە و بە ئاوی گەرم برسیتیان لەبیر دەبردەوە ، لە چەك و تفاقیشەوە هەموو وەك یەك بوون،

كەسیان نەبوو تفەنگی پێشكەوتوو و دووربینی حەراری و ئێم فۆڕ و ئاخر مۆدێل چەكی دوور كوژیان پێ بێت، ئەوەی هەبوو هەر كلاشینكۆفەكە و رەخت و مەخزەن و كۆڵەپشتە كۆن و شەق و شڕەبوو، كەسیان خاوەن ڤَیەللا و سەیارەی دوا مۆدێل نەبوون، دانە دانەیان چەند دینارێكی عێراقیان لە لابوو دۆلاریش هەر هیچ، لە كەرتەك پێشمەرگە، یەك یان دووانیان خاوەن ژن و منداڵ بوون، ئەوانەیتر گەنجی خوێن گەرم و عاشقی كوردستان و كوردایەتی بوون، شەویان لە لا رۆژ و رۆژیش لایان شەو بوو، بۆ هەڵمەت و زەبری گورچك بڕ لە دوژمنان، پێدەشت و شاخ و تەلان و بەندنیشیان لەلا ئاسایی بوو، بۆ مەیدانی شەڕ و ئاگر كردنەوە لەسەر پشتی دوژمنە ترسنۆكەكان، كەس نەبوو بەریان بگرێ، نەسوپا نەجەیشی ناشەعبی نە ئەمن و نەسیخوڕ نە ئەوانەی چەك هەڵگری رژێم و نە چڵكاو خۆرەكان  تەنانەت دەبابە و زرێپۆشیش زاتی ئەوەیان نەبوو لەبەردەم نەعرەتە و روحی پڕ  لەحەماسەتیان خۆڕاگرن، ئێستاش كە زاكیرەت دەچێتەوە سەر ئەو رۆژانە و زنجیرەی شەهیدەكان دەژمێری سەركردەكان بە رێژە زۆرترن لە هەڤاڵەكانیتری خۆیان، بڕوای تەواویشم بەوە هەیە پێشمەرگە هەر پێشمەرگەیە، بەڵام هەڵسوكەوتی بەشێك  لە سەركردە و بەرپرسەكان و شێوازی مامەڵەكردنیان وایكردووە ئەوەی لە رابردوودا وەك لاپەڕەیەكی پڕشنگدار لە مێژودا تۆمار كراوە، ئێستا كت و مت وانەبێت، راستیەكەی ئەوەی لەم  چەند رۆژە رویدا كە (22)پێشمەرگەی مێرخاس و چەلەنگ شەهید كران راستی ئەو بۆچونەی ئێمە دەسەلمێنێ، وایكردووە لەلایەك جەرگم بسوتێ و لەلایەكیدیكە رقم لەو جۆرە بەرپرسانە بێتەوە، لەبەر ئەوە  هیچ دوودڵ نیم  لەوەی ئەوانە هۆكاری  شەهادەتی ئەو پۆلە سەمەندەرەن،  ئاخر چۆن دەبێت؟

1- پێشمەرگە كە پارێزەری نیشتمان و عەرز و شەرەف و ناموسی هەموان بێت، كەچی موچەیەكی مەمرە و مەژیان بە هەزار دەردە سەریەوە پێبدرێت، بۆ چاو بەستەكێش، ئەرك و ئێشكگرتنی نورە بە نورەیان پێبكرێت كە دواجار سەربكێشێ بۆ ئەوەی چاویان لەسەر ئەوە بێت چۆن ئەو چەند رۆژە بگوزەرێنن و بگەڕێنەوە ماڵەوە، هەرگیز نابێت وابێت بە پێچەوانە دەبێت ژیانیان بە تەواوی بەرجەستە بكرێت ، لە  ئەرك و راهێنانیشدا بە پێی عورفی سەربازیدا بەهرەمەند بكرێن.

2- هێزەكان جیاوازیان لە نێواندا بكرێت، هەندێكیان پۆشتە و پەرداخ و ئاخر مۆدێل چەك و جبەخانەیان پێبێت  و لە ناوپێخەفی گەرمونەرم و بە قاتی تریكۆی ئوتوكراودا لە ناو عوامی خەڵكدا خۆیان بابدەن، كەچی هەندێكیتریان بە چەكی شەق و شڕ و بە زگێكی برسی و یەكێكی تێرەوە بەرسینگەی دوژمنان بگرن.

لە دەستم بێت هەرچی بەرپرسی ناو بێخەفی گەرم و نەرم هەیە لێناگەڕێم لە بەرەكانی ئازایەتی و مێرخاسیدا نزیك ببنەوە، لێشناگەڕێم لە پێش زومی كامیرەكان سینگی خۆیان دەربپەڕێنن بۆ  ئەوەی باسی بتوڵاتی خۆیان بكەن و پێشمەرگەی بەشمەینەتیش بە پەیڕەو نەكردنی پرەنسیپی سەربازی بئاڵێنن و سەری زمان و بنی زمانیشیان شكاندنی ورەیان بێت بەوەی چەكی پێویستیان نیە و داعش هەموو شتێكی هەیە،لە راستیدا ئەمە خۆی لە خۆیدا مەسجە بۆ تیرۆرستان  و رشتتریان دەكات بۆ ئەوەی كەتنی گەورەتر بكەن، مخابن  بەشێك  لە راگەیاندنەكانیش  بوونەتە سەكۆ بۆ گەیاندنی  مەسجی ئەو بەرپرسە ناپەرپرسانە،  دواجار ئەوە ماوە بڵێم، حەیف و سەد حەیف پێشمەرگەی دوژمن تۆقێن و زەبر وەشێنن، ئێستا تیرۆریستە ترسنۆك و تاریكپەرستەكان خۆیان لە قەرەیان بدەن و خوێنی پیرۆزیان بڕژێنن.

 

ن: عەبدولواحێد محەمەد

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket