riklam

شیوەننامەیەك بۆ (محسن)ی پشت و پەنا

بیروڕا 05:45 PM - 2021-12-08

عیماد ئەحمەد

كۆتایی پایزە و لە گەڵ هەڵوەرینی گەڵای درەختەكان، گەڵای روحی پاكی تۆش وەری و بەدەم سەمفۆنیای هێمنی و سەنگینی ئەو ژیانەی مەردانەو سەربەرزانە گوزەراندت  بە ئارامی گەیشتە دوامەنزڵ، بەڵام چ هەڵوەرین و خەزانێك؟ ھی وا كە  هەموو رەونەقی ئەم ژیانەشی بردو ئێمەی خستە دۆزەخی بێ تۆییەوە.

دەزانی تۆ بەم كۆچە ئەبەدییە ئۆقرەو سەبوری منیشت برد؟ منت سپاردە دەستی قەدەرێكی نادیار. ئای لە ئاست ئەم كۆچە چاوەڕواننەكراوەت چۆن وەكو دەریاوانێك لە كاتی هەڵكردنی باوبۆراندا سەوڵەكەی بشكێت  و هیچی پێ نەكرێت.
ھەر خۆم دەزانم ،  چەند پەشێو و دڵسوتاوم ؟ بەڵام ئاخ ! چی بكەم كە باڵای قەڵەمەكەم ناگاتە سنوری قەڵەمڕەوی خەیاڵی مەولەوی لە عیرفا و ناگاتە ئاستی ئەندێشەو فەنتازیای سۆزی گۆران بۆ ئەوەی وەكو ئەوان شیوەننامەیەكت بۆ بنوسم !.
من ئەزانم تۆ لەگۆڕەكەتدا ئارامی، چونكە دڵنیام لەم دنیایەدا ، هەمیشە خاچی خەم و پەژارەی گەلەكەت لە سەر شان بوو .  لەم جیهانە پشكی تۆ هەر تێكۆشان و داكۆكی كردن بوو لە خەڵك و نیشتمان. بۆیە دڵنیام ئێستا  ناوی تۆ  لە سەر تابلۆی رەنگینی نەمران لە هۆبەی سەروەری بە روونی تۆمار كراوە. بەڵام بەڕاستی سوێی سووتێنەری مەرگی تۆ  ، منی لە بیابانی ئەم ژیانەدا بە گەردەلوولی  خەمێكی نەبڕاوە سپارد .
 خاڵ .. زۆر كارەسات و ناخۆشیم بینی، مەرگی ئازیزان، تامی تاڵی و دۆزەخی ڕۆژگار، سەردەمی كوێرەوەری ، سەرەنگرێ بوون، بەڵام ئازاری هیچیان وەكو ئەم كۆچە ناخهەژێنە ، كاری تێنەكردم، داخی بە دڵمەوە نەنا، هەست و نەستمی نەهاڕی  ... ئاخر تۆ تەنیا مامۆستا محسن نەبوویت، تۆ رووبارێكی سۆز و میهرەبانی بویت، تۆ بۆ من سەركەشتر بوویت لە كێوەكان،  بەرینتربویت لە پێدەشت و  پڕشنگدارتر بوی لە تیشكی خۆرەتاو، خۆشەویستتر بوویت لەخۆشەویستی، گەورەتر بوویت لەگەورەیی!
خاڵۆ محسن: ئەی بەرینترین ئاسمانی ئەوین و ئەی نەبڕاوەترین تەماشای ھەمیشەیی ناو دیدەم، ئێستا پێم بڵێ : چۆن بەرگەی بێ تۆیی  بگرم،؟ چۆن مەزەندەی دنیایەك بكەم كە خاڵیە لە بزەو خەندە خەماویەكەت، خاڵییە لەو رێكردنە ئارام و لەسەرخۆیەت، لەو میهرەبانی و لێوەشاوەیەت ؟ ئاخر بەڕاست خۆ تۆ بۆ من تەنیا خاڵ نەبویت، بەڵكو هاوڕێ و باوك و كۆڵەكە و پشتو پەنا بویت . دەزانی تۆ بۆنی ئازاد هەورامیت لێ ئەهات، ئازادیش بۆن و بەرامەی ئارامی هەڵگرتبوو، ئارامیش عەتری كوردستان . تۆ لەیەك كاتدا هەم ئەڵوەن ، هەم بەمۆ  و هەم كۆپری گەورەی خانەقین بوویت، تۆ ئەستێرەی گەشاوەی خانەوادەكەت، چرای چراخانی هاوڕێیان و ڕەونەقی كۆڕی دۆستان بویت، تۆ مامۆستا محسنی بێنازی ناو یەكێتی و خەمھەڵگرەكەی نیشتمان بویت.
 من كە بیر لە تۆ ئەكەمەوە، كاتێ خەیاڵم پەڕەی ژیان و رابردوت هەڵئەداتەوە، خەریكە لەبری خەم، شانازی دامئەگرێ، تۆیەك كە بەر لەدایك بوونت باوكت دنیای جێهێشتبوو، یەكەم چاوكردنەوەت لەم جیهانەدا بەسەر دەردەسەری و نەهامەتیدا بوو، بەڵام وێڕای ئەوەش ، لە نائومێدی و هەژاری و كوێرەوەری ڕۆژگاردا نانی هیوا و ئۆمێدت دروست كرد، تۆ رۆژێك رێگەت نەدا نەك هەر بەرامبەر غەدری ژیانی خۆت و خێزانەكەت، بگرە میللەتەكەشت دەستەپاچە بیت، هەر بۆیەش تۆ لەشەستەكانەوە لە رێ كاكتەوە سەعدوللە تەتەری رێكخستنەكانی پارتی بویت لە خانەقین و ساڵی ١٩٧١ چوویتە ریزی كۆمەڵەو بویتە بناغەو كۆڵەكەی كوردایەتییەكی هاوچەرخی خانەقین و هەموو نیشتمان و بویت بە ئەندامی چالاكی هەرێمی پێشرەو، دواتریش لەساڵی ١٩٧٩ چەكی پێشمەرگایەتیت كردە شان و توانیت لەگەڵ هاوڕێكانت چیرۆكی شۆڕش و كوردایەتی بە راپەڕین و رزگاركردنی كوردستان گرێبدەیتەوە، بەڕاستی گەر ناوێك هەبێ شایستەبێت بە بەژن و باڵای جوامێری تۆ، ئەوە ئەبێ بە سیمبوڵی كوردایەتی ناودێر بكرێیت.
چۆن دەستت پێكرد ئاواش سەرت نایەوە، تا دواساتی ژیانت تۆ هەر مامۆستا محسنە پاك و بێگەردەكەی ساڵی ساڵان بوویت، مێرخاسەكەی شۆڕش و  پیاوە بێگەردەكەی دوای راپەڕینش بوویت، تۆ وا دروست بووبوویت كە بەر لەخۆت خەمی ئەوانی ترت بێ، بۆیە هەمیشە تۆ بۆ من كێوێك بویت، تۆ شێخ و منیش دەروێشت، دەی كە تۆ لێرە نیت ئیتر روو لەكامە تەكیەو خانەقا بكەم؟ كامە كۆڕی زیكری دۆستان و كامە كونجی وەفاو پاكیت بۆ بگەڕێم، بەرۆكی كامە ئەستێرەو كەشكەڵانی كام فەلەك بگرم؟ دادم ببەمە بەر عەرشی چ خەم و ناسۆرێكی نەبڕاوە، ئەی مەزنترین خاڵ ، ئەی عەگیدترین سواری نەگلاوی سەر پشتی ئەسپی  تێكۆشان.
من دڵنیام رۆحی پاكت كاتێ هەڵوەری خزایە ناو دڵ و دەروونی من، بینیم و تەواو هەستم پێكرد لەبری ئەوەی لەگەڵ جەستەی شەكەتت بخرێتە گۆڕەوە روحت تك تك ڕژایە ناخی منەوە، لەگەڵ نمە نمەی ئەو بارانەی گڵی سەر گۆڕەكەتی تەڕ ئەكرد، تۆشی زیاتر دائەچۆڕاندە ناخی منەوە بۆیە تامن مابم بەرجەستەی تۆم، ئەی مامۆستا محسنی خاڵ و هاوڕێ و باوك و پشتوپەنا، ئەی سۆفیەكەی یەكێتی و باوەر پێكراو و خۆشەویستی مام جەلال و ئەی شۆڕەسوارەكەی كوردایەتی.
 لەكۆتایدا، لەم كۆست و كۆچە پڕ سوێیەدا، لەم ژان و زام و دابڕانە ئەزەلیەدا، لەم پایزە وەریوەی من و تۆدا ئەڵێم : ماڵئاوا خالۆ فرە بەهرەكەم
ماڵئاوا مامۆستا (محسن )ی كوردستان و یەكێتی و  خانەقینەكەم...

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket