riklam

ئاستە مەترسیدارەكەی میدیای كوردی

بیروڕا 04:00 PM - 2021-12-08

ئارام هادی

-پەیامنێر: كەی هێرشی پێچەوانە دەكەنە سەر داعش؟
+فەرماندەكەی پێشمەرگە: سەعاتی سفر.
-پەیامنێر: سەعاتی سفر چ كاتێكە؟
+فەرماندەكەی پێشمەرگە: سەعات یەكی ئەمشەو!!!.

ئەمە وەرگرتن و پەخشكردنی راستەوخۆی لێدوانێكی رۆژنامەوانی ساڵی 2014ی سەرەتای سەرهەڵدانی هێرشە تیرۆرستییەكانی داعشە بۆ سەر بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، پەیامنێری یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییەكان كۆڵ لە فەرماندەیەكی پێشمەرگە نادات تا راستی و دروستی سەعاتی سفری پێ ئاشكراكرد!!.

هیچ هێزێكی تیرۆرستی بەقەد داعش سودیان لە سۆشیال میدیا نەبینی، ئەوان لە رێگەی سۆشیال میدیای خۆیانەوە كارە دوژمنكارانەكانیان بڵاودەكردەوە و هاووڵاتیانیان پێ دەترساند و دەتاساند، هاوكات سودیان لە میدیای بەرامبەریش دەبینی بۆ دەستكەوتنی زانیاری ساتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی (پێشمەرگە و سوپای عیراق)، ئێستاش دوو هەفتەیە هێرشەكانی داعش لەسەر هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق چركراونەتەوە و بەهۆیەوە (22) شەهیدمان هەیە، بەڵام ژمارەیەك لە میدیای كوردی بەردەوامە لەسەر نەزانییەكانی لە بڵاو كردنەوەی زانیاری لەسەر جۆری چەكی دەستی پێشمەرگە و پێداویسیتیە سەربازیەكان و كاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كێوماڵكردنی داعش!.

هەواڵی ئەو ژمارە لە میدیاكان دۆخێكی ناجێگیر لەسەر دەرونی هاووڵاتیان دروست دەكەن، بێ رەچاوكردنی بارودۆخ سەرقاڵی بە گەورەنیشاندانی بابەتەكانن، لاوازن لە داڕشتنی هەواڵەكانیان، ئاشنای مێژوونین و لەگەڵ واقعیەتی هەرێمی كوردستان مامەڵە ناكەن، گرنگ بۆ ئەوان كۆكردنەوەی زۆرترین بینەر له دەوری شاشەكانیان و لایك و كۆمێنتە بۆ پۆستی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان، ئەمەش لە پابەندبوون بە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دووری خستونەتەوە، ئامانجی سەرەكیان بووە بە هەژان و بە رۆژەڤكردنی بابەتگەلێكی بۆش  و بەهاو كلتوری كوردەواریشیان بردۆتە ئاستی گیانەڵا!، هۆكارێكن لە بەردەوامیدان بەو دۆخەی خوڵقاندویانە و تادێت پەرەی پێدەدەن، سەرئەنجامیش دڵەڕاوكێیان خستۆتە ناخی تاك بە تاكی كۆمەڵگەوە.

كۆكردنەوەی بینەر لە دەوری شاشەی تیڤی و زیادكردنی لایك و كۆمێنت بۆ پۆستی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ئەوە ناگەیەنێت خاڵی لاوازی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕایگشتی بڵاو بكەیتەوە، لەكاتێكدا تاكە سودمەند لەم بابەتەدا داعشە.

پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر ئەم بابەتە هەڵوەستە بكەن و بەهەر نرخێك بوە ڕێگری لە دزەكردنی زانیاری ناو سەنگەرەكان بگرن كە لە ڕێگەی میدیاوە بڵاو دەكرێتەوە.

تێبینی/ ئەم بابەتە تەنها ئەو تیڤی و ماڵپەرانە دەگرێتەوە كە بە نەزانین یان زانابوون پیشەیان بۆتە دەرخستنی خاڵی لاوازی هێزی پێشمەرگە و گەیاندنی بە ڕایگشتی، گەرنا زۆرن ئەو تیڤی و ماڵپەرانەی كە زۆر پرۆفیشناڵانە كارەكانیان ئەنجام دەدەن و پابەندن بە ئیتیكی ڕۆژنامەوانی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییەوە.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket