riklam

میدیای كورد لە خزمەت داعشدا

بیروڕا 10:49 AM - 2021-12-06

كوردۆ عەلی

پەلامارەكانی گوندی لھێبان بە نموونە

میدیا ھەمیشە لەبازنەیەكدا دەسوڕێتەوە تا ئەركی راستەقینەی خۆی جێبەجێبكات كە گەیاندنی ھەواڵ و زانیاری و راستی و گواستنەوەی كارەكتەرو دەنگی ناو ھەواڵەكانە، نەك ھەڵدانەوەی دیوێكی شاراوەی رووداوەكان كە بە زیان بشكێتەوە و دواتر كارەساتی  لێبكەوێتەوە .
بەداخەوە بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكان ھەر زوو كەوتنە ناو داوی ھەڵەی میدیاو دنەدران و وەك پاڵەوان باسی كەموكوڕییەكانی ھێزی پێشمەرگەیان كرد و ئەوەی ژێربەڕەیان خستە سەر بەڕە! كە ئەمە لەڕووی سەربازیشەوە رێگا پێدراو نییە .
ئەشێ ئەو ھەڵەیەی بەشێك لەراگەیاندنەكان كردیان ھۆكاری زیادبوونی جموجۆڵەكانی داعش و پەلامارەكانیان بن كە بەداخەوە چەندین شەھید و بریندارمان دا، چونكە ھەر زوو ھەموو زانیارییەكانمان خستە بەردەستیان و بەگوێی دوژمن و نەیارمان دا كە لەتەواوی سەنگەرەكان توانای تەكنیكیی سەربازیمان لاوازەو  لەشەواندا بەھۆی نەبوونی دوربین و كامێرای "حەراری" ناتوانین وەك پێویست وەڵاممان ھەبێت، كە دەكرا ئەم كەموكوڕییە كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەكانە ھەر لە كۆبوونەوەی نائاسایی دا بوورژێنرایەوە و بیر لەمیكانیزم و ستراتیژێكی نوێ بكرابایەوە بۆ چارەسەركردنی، نەك بكرێتە بابەتی میدیایی كە ئەمە ھەڵە زەقەكە بوو .

لە رووداوی پەلاماری چەكدارانی تیرۆریستانی داعش بۆ گوندی لێھبان و بەرگری قارەمانانەی گوند نشیان لەخۆیان، جێگای ستایش بوو لەمە نكۆڵی ناكرێت، بەڵام پیشاندانی ھەموو ئەو گوندنشینانەی ئازایەتییان دەنواند و دەرخستنی دەموچاویان وەك پاڵەوان بۆ ئەم دۆخە گونجاو نەبوو ، ناشێ و ناكرێ ئاواش پیشان بدرانایە، رووماڵەكەش لەولاوە بووەستێت كەئەوەندەی بەئاڕاستەی زمانی ھەڕەشەبوو بۆ ئەوە نەبوو ھێزەكانی  عێراق  ھان بدرێن و  بە فریایان بكەون، بۆیە ئەم رووماڵە نەك بە خێر نەشكایەوە، بەڵكو بینیمان ھەر شەو گوندەكە چۆڵ كرا و بەسوتان برێنرا و  سوپای عێراقیش بە ھانایانەوە نەچوو!
كەواتە ئەوەی كرا بە راستەخۆیی چووە خزمەت تیرۆریستان و ئەوەی ئەوان دەیانویست بە سوك و ئاسانی خستمانە بەردەستیان، ھەر لە پیشاندانی سەنگەرەكان و توانا لۆجستی و تەكنیكیەكانیشمان بۆ خستنە بەرچاو، وەك رێبەرێكی شارەزا زانیاریمان پێدان، بەداخەوە  كە نەدەبوو ببوایە.

ھەڵەی میدیا و گواستنەوەی رووداوەكە لەجێی خۆیدا نەبوو ، بە دیاریكراوی میدیای خاوەن سەنگیش كە ئەمەی كرد جێگای پرسیارە، بۆ و چۆن ئەو ھەڵەیە بەسەریاندا تێپەڕی! .

كات رۆی، بەڵام دەكرێت ھەواڵنێر بە تایبەتتر دەزگا میدییەكان وردترو بابەتیانەتر رووماڵی رووداو و ئەو پێشھاتانە بكەن كە پەیوەندی راستەوخۆی بە ئاسایشی ھەرێم و  ئاسایشی خەڵكەوە ھەیە تا جارێكی تر نەبنە ھۆكاری ماڵوێرانی و مەترسی بۆ ژیانی خەڵك .

ئەركی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەشە كۆنتڕۆڵی ئەم دۆخە بكات و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەرو لەكوێدا پێویست بوو پەیامی میدیایی ھەبێت و زانیاری دروست بۆ رایگشتی ئاشكرابكات و لەچوارچێوەی زیان نەگەیاندنیش بە بەرەكانی جەنگ زانیاری بدرێتە ڕۆژنامەنووسان و خۆیان كۆنتڕۆڵی پێشھاتەكان بكەن تا نەكەوینە ھەڵەی زیاترەوە.

سەرئەنجام ئەم رووماڵانە بەخزمەتی نەیار شكایەوە و لەبری قازانج زەرمەندبووین تێیدا.

رۆحی شەھیدە سەربەرزەكانمان شاد و بەھیوای زووچاكبوونەوەی بریندارەكانیشمان.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket