riklam

لێگەڕێن با نیشتمان بۆ ئێمە بێت ..!

بیروڕا 11:50 AM - 2021-11-30

عەبدولواحید محەمەد

مخابن ساڵانێكە كۆچبەری كورد بۆتە وێردی سەرزمانی رۆژنامەنوسان و میدیا كارانی جیهان، لەبەر ئەوەی دەچیتە سەر سنوری وڵاتان كۆچبەری كوردی لێیە، لە نێو دەریای مانشی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا هەر كۆچبەری كوردی لێیە، دەڕۆیتە ناو دەریای سپی ناوەڕاست و تەنانەت شاری بەنگازی وڵاتی لیبیاش هەر كۆچبەری كوردی لێیە، بڕۆ بۆ (دانخای)ش، ئەوێش خێزانی كوردی لێیە و رەشماڵوكەیان هەڵدایە و چاوەڕوانی چونن بۆ بەریتانیا، ئەمانە  ئەوانەن كە لەبەرچاوانن، دڵنیام رێگەی تریش هەیە هێشتا سەرئاو نەبووە هاكا ئاشكرابوون، ترسم هەیە كاربگاتە ئەوەی باشوری ئەفەریقا و مەدەگەسكەر و میانماریش ببنە روگە، كۆچ بەرەو ئەو شوێنانەش بكەوێتەڕێ،  ئەكید ئەو هەموو كۆچبەرە لەخۆڕایی  و خەون بینین نیە بەو بەهەشتە روكاریەی لەو وڵاتانە هەیە، چونكە وڵاتەكەی خۆشمان ئەوەندە ناخۆش نیە تاوەكو ئەو هەموو حەشاماتە رێگەی هات و نەهات بگرنەبەر، رەنگ هەندێك لەوانە ئەو حەزەی هەیانە لێرە بەرجەستە نەبێت، دەیانەوێت لەوێ بەدەستی بێنن، بەڵام بەڕاستی ئەو كێشانەی لەم وڵاتە هەیە و بەردەوامە وای لە زۆربەیان كردووە سەری خۆیان هەڵگرن ، ئاخر ئەگەر لە وڵاتێك شانسی كاركردن نەبێت یان ئەگەر هەشبێت بە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و تەزكیە بێت ئیتر خەڵك بۆ كۆچ نەكات، ئەگەر لەوڵاتێك ئەو هۆكارانەی ژیان پێویستی پێیەتی ، لەجیاتی فەراهەم كردنی بەردەوام نەدرێت یان ئەگەر بشدرێت بەردەوام لەسەر گران بكرێـت، رەوكردن نەبێت چیتر دەبێـە بەدیل، لە 2005ەوە یەك مەتر زەوی نیشتەجێبوون دابەش نەكراوە، لە كاتێكدا لەو ساوە تا هەنوكە هەزاران خێزانی تازە پێكهێنراوە و لە چاوەڕوانی ئەوەدان شوێنی پێیەكیان هەبێت، لەولاشەوە بەلێشاو زەوی ئەم وڵاتە هەڕاج دەكرێت، كۆشك و تەلار و ڤیەلای لێدروست دەكرێت كە نرخی هەرە هەرزانیان لە(10) دەفتەر دۆلار كەمتر نیە بڕۆ بە 50-60 دەفتەر دۆلاریش، وڵاتێكین لەسەر نەوت و گاز دەژین كەچی نە نەوت هەیە و  نە بەنزین، ئەگەر هەشبێت ئەوا بەنرخی ئەو وڵاتانە دەفرۆشرێت كە ئەو سامانە سروشتیانەیان نیە و هاوردەی دەكەن، هەموو ئەمانەیە وایكردووە ئەو خەڵكە نیگەرانی قوڵیان ببێت، وڵاتەكەی خۆیان بەجێ بێڵن و بەرەو هەندەران  بە داخ و كەسەرەوە بڕۆن، ئەكید ئێستا لەهەر یەكێكیان ببرسیت هەر ئەوانەی ئێمە وتمان ئەوانەت پێ دەڵێن،  سەرەنجام ئەوەش روندەبێتەوە كەسیان رقیان لەم وڵاتە خۆشەویستە خۆیان نابێتەوە بگرە  لە روح و گیانی خۆیان خۆشتر دەوێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هەرچی هەیە بۆچەند كەسێكە  مخابن خاك و نیشتمانیش هەڕاج و بەش بەش كراوە، بەشێكی دوژمنان تەڕاتنێی تێدا دەكەن، بەشێكیشی رۆژانە عەرەبە چاوڕەشەكان پەلاماری دەدەن، بەشەكەیتریشی بۆتە زەوی حەرامكراو بۆخەڵكی سڤیل، سەربار و بنباریش چارەنوسەكەش دیار نیە كەوتۆتە بەر مەنگەنە و گریمانەی دەوڵەتان، لە كۆتایی تونێلەكە دەلاقۆكەیەكی روناكی نیە،  ئیتر ئەوە وڵاتەكەیە خەریكە لەسەری ببینە میوان، ئێستاش ئەگەر ئەو خەڵكە شانسی كاركردنی ئازادانەیان هەبێت و ژیانێكی شایستە و بەئەمان بژین و ئازادی رادەربڕینیان بۆ فەراهەم ببێت، دوور بن لەشەڕ و شۆڕ و كاولكاری، سەودایان پێ نەكرێت، كەمێكیش لە چارەنوسیان دڵنیابن، دڵنیام ئەم وڵاتەیان  لە هەر شوێنێكی دنیای زیاتر خۆش دەوێت و هەرگیز بەجێی ناهێڵن، هەر ئەوەش دەڵێن كە گۆرانی بێژی ناوداری تونسی لە سرودێكی نیشتمانیدا دەیڵێت

اناحولمي كلمة وحدة            ان يظل عندي وطن
لن اكون في يوم منكم          يشهد الله و الزمن
لا حروب لا  خراب          لا مصائب لا محن
خذوا المناصب و المكاسب.... لكن خلو لي الوطن

 

 واتە (( من خەون بە یەك وشە دەبینم......  ئەویش نیشتمانە بۆم بمێنێ
        هەرگیز رۆژێك لەگەڵتان نابم........خوا و زەمەنمان شاهید بێ
       نا بۆ شەڕ نا بۆ كاولكاری........... نا بۆكارەسات و نا بۆ تەنگژە
      پۆست و دەسكەوتەكان ببەن..... لێگەڕێن با نیشتمان بۆ ئێمە بێ  


زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket