riklam

كەمپەینی ناوی من ناوی دایكمە و لێدەرەكانی

بیروڕا 09:52 AM - 2021-09-01

یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی مرۆڤی ئێمە، قسەكردنە لەسەر هەموو شتێك، قسەكردنە لەسەر هەموو كارو كردارێك، پرژاندنی قسە بۆتە ناسنامەی زۆرینە، لەنێو ئەو زۆرینەیەش سوپایەكی لێدەر لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروستبووە، بەجۆرێك، بۆشاییەكیان نەهێشتۆتەوە، بۆ خەڵكانی پەیوەستدار بەو بوارەی كە دەبێت قسەی لەسەر بكات قسە بكات، بەڵكو بەرلەوەی ئەو كەسە قسە بكات، لێدەرەكانی نێو فەیسبوك، بەكامی دڵ، لەو پڕۆژەو لەو كارو ئامانجە ئەدەن، كەدەیكەنە نێچیری نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەشێوەیەك شڕو شیتاڵی دەكەن، مەگەر شڕەبا بەو جۆرە شڕی كردبێت.

كەمپەینی (ناوی من ناوی دایكمە)، یەكێكە لەو هەزاران ئامانجەی كە كەوتۆتە بەردەم لێدەرەكانی، ئەم پڕۆژەیە لەبنەمادا، بەمەبەستی پاراستنی شوناسی ئەو منداڵانەی كە پاشماوەی جەنگە یەك لەدوای یەكەكانی عیراقە دروستبووە، بەڵام لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، سوپایەكی موتوربەكراو بەووشەو جنێو، هێزێكی ئامادەبووی قسەكار لەسەر هەموو شتێك، كەوتونەتە لێدان لەم كەمپەینە، بەجۆرێك خەڵكی گشتییان وەها تێگەیاندووە، كە ئەم پڕۆژەیە بۆ گۆڕینی پاشناوی باوكە بۆ پاشناوی دایك، بۆ نمونەو بەقسەی ئەوان بێت، دەبێت (من كەناوم زمناكۆ ئیسماعیلە بكرێم بە زمناكۆ زەكێ)، ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئەو پڕۆژەیە، هیچ پەیوەندییەكی بەگۆڕینی پاشناوی باوكەوە نییە، بەڵكو پڕۆژەیەكە، باس لەگێڕانەوەی ماف بۆ مرۆڤگەلێكی دیاریكراوی كۆمەڵگا دەكات، ئەو مرۆڤگەلەش بەپێی یاسای عیراق مافیان بۆ دیاریكراوە، كە خۆی دەبینێتەوە لەئامادەكردنی رەشنوسی هەمواركردنی تایبەت بە (یاسای كارتی نیشتیمانی عیراقی ژمارە 3 بۆ ساڵی 2016، كە تیایدا "چارەسەری گونجاو" بۆ ئەو منداڵانە دیاریدەكات كە رەچەڵەكیان نادیارە).
 واتە هەموو ئەو منداڵانەی كە لەشەڕە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق، بەهەر هۆكارێك بێ باوك بوون، لەناسنامەیاندا لەجێگای ناوی باوك، ناوی وەهمی كراوە بەپاشناویان، دەكرێت و دەبێت مافی هەڵبژادنی ناوێكی دیكەیان پێبدرێت، كە بۆ ئەوەش ناوی دایكیان بەگونجاو دەزانرێت، چونكە لەئەنجامی ئامادەنەبوونی باوكیان، دایكیان زەحمەتی زۆری لەگەڵدا چەشتوون و دەبێت پاش نەبوونی ناوی باوك، ئەو مافە بەدایكیان بدرێت و  ناوی دایكیان بكرێت بەپاشناویان.
هەتا ئێرە مافی ئەوانەو دەبێت كاریان بۆ بكرێت، بەڵام ئەوەی كە مافی من و تۆی هاووڵاتی و هاونیشتیمانییە، ئەو مافە لەو مافخوراوانە نەسێنینەوە كە خەریكە بۆیان دەسەندرێتەوە، ئەوەی كە ئەركی ئێمەیە، هاوكاریكردنی ئەم كەمپەینەیە، كە لەبنەمادا هاوكاری كۆمەڵێك منداڵی هەتیووە، خۆ ئەگەر ناتوانین هاوكاری ئەو منداڵە بێ باوكانە بكەین، دەكرێت پشتگیری هەڵسوڕاوانی نێو ئەو كەمپەینە بكەین، ئەگەر ناشمانەوێت هاوكاری چالاكوان و هەڵسوڕاوانی ئەو كەمپەینە بكەین، دەتوانین بەجوڵەیەكی بچوكیش بێت، بەشێك نەبین لەو سوپا گەورەی لێدەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە لەهەوڵی شكاندنی ئەم كەمپەینەو چەواشەكردنی كۆی گشتی خەڵكدان.
ئەگەر تۆی هاووڵاتی لەڕووی دینییەوە دەتەوێت رێز لەمنداڵی بێ باوك بگرێت، ئەوا لەقورئاندا ٢١ ئایەت لەسەر رێزگرتنی منداڵی هەتیوو هاتووە، ئەگەر لەڕووی مرۆڤایەتییەوە دەتەوێت هاوكاری ئەو منداڵانە بكەیت، بەتەنها بەشێكبە لەو كەسانەی كە بەچاكە لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەپەیڤێن، ئەگەر رۆشنبیریت، میدیاكاریت، هونەرمەندو نوسیارو مامۆستاو فەرمانبارو خوێندەواریت، بەشێكبە لەگەیەنەری گۆتاری راستەقینەی پاشناوی دایك بۆ ئەو منداڵانەی بێ باوكن، كە كەسانێك گەرەكیانە لە كەمپەینی (ناوی من ناوی دایكمە)، ئەو مافەیان بۆ بسێننەوە.
دەبێت ئەوە لەیاد نەكەین، بەتەنها لەشەڕی چەكدارانی داعش لەعیراق، نزیك بە ١٢ هەزار منداڵی بێ ناسنامە هەیە، بەتەنها لەنێو ئێزیدییەكان هەزار و ٤٠٠ منداڵی بێ باوك هەیە، كە زۆرینەیان دەرئەنجامی دەستدرێژی سێكسی چەكدارانی داعش هاتونەتە بوون، بەوپێیەی ئێستا ئەو منداڵانە بەبێ باوك ماونەتەوەو وەك هەتیوو تەماشا دەكرێن، دەبێت مرۆڤانە لێیان بڕوانین، ناكرێت ئێمە لەچاكەیەكی گشتی لەوجۆرەدا دژبین، ناكرێت خۆمان بكەینە نێو سوپای لێدەرەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و خەڵك چەواشە بكەین، ناكرێت و نابێت، هەڵسوڕاوانی ئەو كەمپەینە بكەینە نێو سەنگەرێك و بەكامی دڵ لێیان بدەین، ئەمەش لەكاتێكدایە بەسەدان منداڵ لەبەردەم هەڕەشەی جیاكاری رەچەڵەكدان، هەزاران منداڵی هەتیوو هەیە كە پێویستیان بەدەستی هاوكارییە، هەزاران مرۆڤ هەیە پێویستیان بەخوێندن و ژیانكردنە، هەزاران منداڵ هەیە پێویستیان بەوەیە وەك مرۆڤ تەماشا بكرێن، دەبێت و دەكرێت، ئەم پرسە لەپرسی زۆرە ملێ جیا بكەینەوە، دەبێت و دەكرێت ماف لەو مافخوراوانە وەرنەگرینەوەو بەڕێزەوە فەرمویان لێبكەینەوە بۆ نێو كۆمەڵگا، باشترین بژاردە بۆ من و تۆی بەكارهێنەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەوەیە، ئامانجی ئەو كەمپەینە بخوێننەوەو بزانن چەند منداڵی بێ باوك لەبێ ناسنامەیی رزگار دەكات، ئەگەر دژ بەچاكەی گشتی بوو، ئەوكات بكەونە سەر ووێزەی بانگەشەكارانی ئەو پڕۆژەیە، خۆ ئەگەر بەمەبەستی رێكسازی چاكەی گشتی بوو، با بەهەموومان گوڵبارانیان بكەین، خۆ ئەگەر ناتوانین گوڵبارانیان بكەین، با سەر بەقوتابخانەی جنێوبارانكردنی لێدەری نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەبین.

نووسینی.. زمناكۆ ئیسماعیل
 PUKmedia تایبەت



زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket