مەترسیەكانی كەمبوونەوەی ئاو دەخرێتەروو

ئێوارەی ئەمڕۆ 10/6/2021 لە بارەگای لقی هەولێری یەكێتی نوسەرانی كورد بە ئامادبوونی ژمارەیەك لە نوسەران و  پسپۆڕانی بواری  ئاو و بەنداوەكان، سمینارێك لەبارەی  مەترسیەكانی كەمبونەوەی ئاو  بۆ ئەیوب گەڵاڵی نوسەرو بەرێوەبەری گشتی لەوەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم  بەرێوەچوو.

نوسەر لەسمینارەكەدا ئاماژەی بە مەترسیەكانی كەمبونەوەی ئاو لە جیهان لە نێویشان  رۆژهەڵاتی ناوەراست و عیراق و كوردستان کرد و رایگەیاند: سێ هۆكاری سەرەكی وایكردوە ساڵانە ریژە ئاو لەجیهان بەرەو كەمبونەوە بچێت، ئەویش بەرزبونەوەی پلەی گەرما و زۆبوونی ژمارەی دانیشتوان و فرەوانبونی كەرتی پیشەسازی.

ئاماژەی بەوەشکرد: لەساڵانەاهاتوو كاریگەریەكانی كەمبونەوەی ئاو لە عیراق و سوریا زیاتر بەدیار دەكەوێت، بۆیە ئەگەر مامەلەیەكی تەندروست لەگەڵ  ئەو پرس نەكرێت كێشەیەکی زۆری کەم ئاوی بۆهاوڵاتیان دروستدەكات.

 راشیگەیاند: ماوەی چەند ساڵێكە  ئاو  كراوەتە چەكێك بەدەست ئەو وڵاتانەی سەرچاوەكانی ئاویان لێیە و زۆرجار وەك كارتی فشار بەكاری دەهێنن،  هەرچەندە  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵی زۆر دراوە بۆ چارەسەركردنی كاریگەری کەمبونەوەی ئاو لەسەر هاوڵاتیان،  بەڵام  نەتواندراوە مەترسیەكان برەوێنەوە .

هەرلەوسمینارە ئەیوب گەڵاڵی چەندین ئامار و داتا لەبارەی  ئاستی كەمبونەوەی ئاو و زیادبوونی رێژەی بەركارهێنان و بەفیڕۆدان خستەروو ،  ئاشكراشیكرد بەگێرەی داتاکان  لە97% ئاوی جیهان بۆ بەکارهێنان شیاو نیە، ئەوەی هەیە تەنیا لە 3%ی ئاوی جیهان پاك و سازگارە، بەمەش دەبێت ئەو 3%یە پێداویستی  7ملیار و 80ملیۆن كەس لە جیهان دابینبكات.

PUKmedia تەها عەبدوڵڵا/هەولێر 

10/6/2021 22:51:00