ئابووریناسێك: خستنەبازاڕی زیاتری دراوی بیانی هەنگاوێكی هەڵەیە

شارەزایەكی بواری ئابووری، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی حوزەیرانی 2021 جەختیكردەوە كە بڕیارەكەی بانكی ناوەندی عیراق لەبارەی زیادكردنی بڕی فرۆشی دروای بیانی هەنگاوێكی ناڕاستەو نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراویشی بەئەڵقەیەكی گەندەڵ و زیادە ناوەزەند كرد.

پێشترو هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانكی ناوەندی لەمیانی راگەیەنراوێكدا كەوێنەیەكی دەستی PUKmedia كەوتووە بڵاویكردەوە كە مەبەستی هێنانەدی خواست لەسەر دراوی بیانی و لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانی سیاسەتی نەختینە و زامنكردنی سەقامگیری نرخی خەرج، بانكی ناوەندی عیراق بڕیاریدا بڕی فرۆشی نەختینەی دراوی بیانی بۆ سەرجەم كۆمپانیاو بانك و نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕ بەم شێوەیە زیاد بكات.

بەگوێرەی راگەیەنراوەكەی بانكی ناوەندی لەمەودوا پشكی بانكەكان بڕی 300 هەزار دۆلاری هەفتانە،كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراویش كە دابەشبوون بەسەر سێ‌ كۆمەڵەدا، تێیدا كۆمەڵەی یەكەم هەفتانە 2 ملیۆن و 200 هەزار دۆلار، كۆمپانیاكانی كۆمەڵەی دووەم 750هەزار دۆلاری هەفتانەیەو كۆمپانیاكانی كۆمەڵەی سێیەم 70 هەزار دۆلاری هەفتانەیە.

لەو بارەیەوە، زەرغام محەمەد عەلی، شارەزای بواری ئابووری لەلێدوانێكی تایبەتدا لەگەڵ PUKmedia رایگەیاند كە رەنگە ئەو پرۆسەیە نرخی خەرجی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی چاك نەكات و روونیشی كردەوە كە پرۆسەكە بۆ قازانجی زیاتری بانك و كۆمپانیاكان تەواو دەبێت و مەبەستیش دابەزاندنی نرخی خەرج نییە.

ئەو شارەزایەی بواری ئابووری ئەم هەنگاوەی بانكی ناوەندی عیراقی بەهەڵە وەسف كردو جەختیشی كردەوە كە پێویستە دەروازەكانی فرۆشی دۆلار زیاد بكرێت و دەروازەی راستەوخۆو شێوازی تر بۆ هاووڵاتیان فەراهەم بكرێت تاوەكو لەڕێگەیەوە دۆلار بەهاووڵاتیان بفرۆشرێت، هاووڵاتی پەنا نەباتە بەر ئەو بانك و كۆمپانیا گەندەڵ و مۆڵەتپێدراوانەی ئاڵوگۆڕی دراو كەلەلایەن كەسانێكی ناسراوەوە خاوەندارێتیان دەكرێت.

زەرغام عەلی راشیگەیاند: زیادكردنی بڕی فرۆشی دۆلار كاریگەری نابێت لەسەر دابەزاندنی نرخی دۆلار لەبەرامبەر دیناری عیراقی و بەڵكو قازانجی زیاتر بەم كۆمپانیایانە دەگەیەنێت،روونیشی كردەوە، هەتا ئەگەر داشبەزێت، ناگاتە ئاستێكی ماقووڵ و كاریگەرییەكەی هەر دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و جارێكی تر نرخی دۆلار روو لەبەرزبوونەوە دەكاتەوە.

جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ نرخی دۆلار لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر دیناری عیراقی گەیشتە 150هەزارو 750 دینار، لەبەغداش 100 دۆلار بە 150هەزارو 250 دینار فرۆشراوە.

PUKmedia تایبەت  

10/6/2021 20:38:00