عیراق پلانی بۆ وه‌به‌رھێنانی ئه‌تۆم ھه‌یه‌

ئاژانسی بلومبێرگ ئاشكرایكردووه‌: حكومه‌تی عیراق سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی پلانێكه‌ بۆ دامه‌زراندنی 8 وێستگه‌ی ئه‌تۆمی ‌و ئامانج له‌و پلانه‌ش به‌رھه‌مھێنانی كاره‌بایه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕی 40 ملیار دۆلاری بۆ ته‌رخان ده‌كات.

كه‌مال حسێن له‌تیف سه‌رۆكی ده‌زگای عیراقی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سه‌رچاوه‌ تیشكده‌ره‌كان به‌ ئاژانسی بلومبێرگی ڕایگه‌یاندووه‌: پلانمان ھه‌یه‌ 8 وێستگه‌ی ئه‌تۆمی دروست بكه‌ین به‌ مه‌به‌ستی به‌رھه‌مھێنانی نزیكه‌ی 11 گێگاوات كاره‌با و حكومه‌تیش بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه‌ گفتوگۆی له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی ڕوسیا و كۆریای باشوور و كۆمپانیا جیھانییه‌كانی ئه‌و بواره‌ كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: به‌ پێی پێشبینییه‌كان وڵاته‌كه‌مان به‌بێ بوونی وزه‌ی ئه‌تۆم پێش ساڵی 2030 ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو: ئێستا عیراق 10 گێگاوات كاره‌با كورتھێنانی ھه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی پێداویستی وڵات پڕبكاته‌وه‌ و پێشبینی ده‌كه‌ین له‌ 10 ساڵی داھاتووشدا وڵاته‌كه‌مان پێویستی به‌ 14 گێگاوات كاره‌بای زیاتر ببێت، بۆیه‌ ئیستا ئاماده‌كاری بۆ پلانه‌كه‌ ده‌كرێت و 20 شوێن بۆ دروستكردنی وێستگه‌ی ئه‌تۆم ده‌ستنیشان كراوه‌ و پێده‌چێت ساڵی داھاتوو یه‌كه‌مین گرێبه‌ست بۆ دامه‌زراندنیان ئیمزا بكرێت.

PUKmedia ئاژانسه‌كان

10/6/2021 17:31:00