كۆمسیۆن رۆڵی چاودێری نێوده‌وڵه‌تی و نێوخۆیییه‌كان روونده‌كاته‌وه‌

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10ی حوزه‌یرانی 2021 جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ رۆڵی چاودێران له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا ته‌نها كاری چاودێری ده‌بێت، وه‌ جگه‌ له‌ پاڵێوراو حزبه‌ سیاسییه‌كه‌ی، هیچ كه‌س و لایه‌نێك بۆی نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی ده‌نگدان سكاڵا پێشكه‌شی كۆمسیۆن بكات.

له‌و باره‌یه‌وه‌، جومانه‌ غه‌لای، وته‌بێژی كۆمسیۆنه‌كه‌ له‌میانی لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ PUKmedia رایگه‌یاند:  ئه‌وه‌ی تایبه‌ته‌ به‌رۆڵی چاودێره‌ نێوده‌وڵه‌تی و نێوخۆییه‌كان و بریكاری پارته‌ سیاسییه‌كان، به‌گوێره‌ی یه‌كێك له‌ماده‌كانی یاسای كۆمسیۆن به‌ ژماره‌ 31ی ساڵی 2019 كه‌ده‌ڵێت: له‌سه‌ر كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ كه‌ پشت به‌چاودێری نێوده‌وڵه‌تی شرۆڤه‌كارو بریكاری پارته‌ سیاسییه‌كان ببه‌ستێت ته‌نها بۆ چاودێری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.

غه‌لای راشیگه‌یاند: مه‌به‌ست و ئه‌ركی چاودێر ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نه‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستنیشان بكات و پاشان به‌ڕاپۆرتێك به‌رزیده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ ئه‌ندامه‌ تێیداو بۆشی نییه‌ سكاڵا پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه‌ بێت چاودێری بۆی هه‌بێت ده‌ستوه‌رداته‌ ناو پرۆسه‌كه‌، ئه‌وه‌ بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێك نییه‌ ده‌ستوه‌رداته‌ پرۆسه‌كه‌، پرسی هه‌ڵبژاردن، پرسێكی ته‌واو عیراقییه‌.

 وته‌بێژه‌كه‌ی كۆمسیۆن ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان دامه‌زراوه‌یه‌كی عیراقی سه‌ربه‌خۆو بێلایه‌ن و پیشه‌ییه‌و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سه‌رپه‌رشتی كاره‌كانی ده‌كات، ئاماژه‌شیدا كه‌ ته‌نها ده‌نگده‌رو پارته‌ سیاسییه‌كان بۆیان هه‌یه‌ سكاڵا پێشكه‌شی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژادنه‌كان بكه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌ناوه‌ندی ئه‌و ده‌نگدانه‌دا ده‌بێت كه‌ ده‌نگی تێدا داوه‌، یاخود به‌چاودێر ناوی تۆماركردووه‌.

له‌باره‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، غه‌لای جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان ته‌نها له‌ڕێگه‌ی كۆمسیۆنه‌وه‌ ده‌بێت، ئاماژه‌شیدا راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان له‌دوای 24 سه‌عات له‌كۆتایهاتنی پرۆسه‌كه‌ ده‌بێت، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ كۆمسیۆن ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاشكراكردنی ئه‌نجامه‌كان، بۆئه‌وه‌ش  3 تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌نجام ئه‌دات، تاقیكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان له‌سه‌ر ئامێری ئه‌لیكترۆنی ده‌نگدان ده‌بێت، دووه‌میشیان ژماردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ڕێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی و پاشان به‌ده‌ستی، تاقیكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م له‌مانگی ته‌مووزدا ده‌بێت و هه‌ردوو پرۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتی و تایبه‌تی له‌سه‌ر تاقیده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ دڵنیابوونه‌ له‌ خێرایی و ووردی ئامێره‌كان.

PUKmedia تایبه‌ت

10/6/2021 17:23:00