بانكی ناوه‌ندی بڕیارێك له‌باره‌ی دۆلاره‌وه‌ ده‌رده‌كات

ئه‌مڕۆ 10-6-2021، بانكی ناوه‌ندی عیراق له‌نوسراوێكدا باسی له‌وه‌كردووه‌، بڕیاریداوه‌ بڕی دراوی بیانی زیاتر بخاته‌ بازاڕه‌وه‌ بۆ بانك و كۆمپانیاكان، ئه‌مه‌ش له‌پێناو دابه‌زاندنی نرخی دۆلار و به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند ئامانجێكی سیاسی و ئابوری.

به‌گوێره‌ی نوسراوه‌كه‌ی بانكی ناوه‌ندی له‌مه‌ودوا پشكی بانكه‌كان بڕی 300 هه‌زار دۆلاری هه‌فتانه‌، كۆمپانیاكانی ئاڵۆگۆری دراویش كه‌ دابه‌شبوون به‌سه‌ر سێ كۆمه‌ڵه‌دا، تیایدا كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م هه‌فتانه‌ دوو ملیۆن و 200 هه‌زار دۆلار، كۆمپانیاكانی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م 750 هه‌زار دۆلاری هه‌فتانه‌یه‌ و كۆمپانیاكانی كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌م  70هه‌زار دۆلاری هه‌فتانه‌یه‌.

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ بانكی ناوه‌ندی عیراق بریاریدا به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر دینار به‌رزبكاته‌وه‌و 100 دۆلاری ئه‌مریكی به‌ 148 هه‌زار دینار بفرۆشێت، به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر دینار له‌ بازاڕه‌كانی عیراق به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبووه‌و تا گه‌یشته‌ سه‌رو 150 هه‌زار دینار، له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ی خسته‌سه‌ر نرخی شه‌مه‌ك و كاڵاكان له‌ بازاڕه‌كانداو نرخی سه‌رجه‌م كاڵاكان به‌رزبوونه‌وه‌.

PUKmedia بانكی ناوه‌نه‌دی عیراق

10/6/2021 16:04:00